جەژنی قوربان لە گەلەکەمان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز بێت
ئەمڕۆ جەژنە، جەژنی قوربانە. ئێمە جەژنی قوربان بە تایبەتی لە زیندانیان و ئازادیخوازان، لە خەڵکی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین. هیوادارین جەژنی قوربان ببێتە هۆکارێک بۆ ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکەمان و لە سەرانسەری جیهاندا.
کوردستان و گەلی کورد بە گشتی بە کاتێکی هەستیاردا تێپەڕدەبن. لە باکوور دیالۆگ و و گەڕان و دانوستان بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە. لە ڕۆژئاوا سەرەڕی گەڕان بەدوای چارەسەریدا دۆخێکی نادیار مەترسیداریش هەیە. بەردەوامە. لە باشووریش پرس و کێشە ناوخۆییەکان و ئەوانەی لەگەڵ حکومەتی بەغدادان بەردەوامن. لە ڕۆژهەڵات فشارەکان بۆ سەر خەڵک و زیندانییەکان، هێرش بۆ سەر ئازادیخوازان، سیاسەتی لە سێدارەدان بەردەوامن.هەرچەند شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل ئێراو راوستابێش بەڵام نەگەیشتوونە چارەسەریی. لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا گەلەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات خەباتی ئازادیی پەرەپێدەدات. ئێمە لەم دۆخ و هەلومەرجەدا پێشوازی لە جەژنی قوربان دەکەین.
سەرەڕای دیالۆگ و گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەریدا، هێشتا دۆخێکی ئاڵۆز لە وڵاتەکەماندا هەیە. هێرش و پیلان بۆ لەناوبردنمان نەوەستاون. لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان وریا بن، بەرامبەر ئەو هێرش و پیلانە چەپەڵانە بوەستنەوە. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین کە لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان بوەستنەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆیان لە دژی داگیرکەران بەرز بکەنەوە و یەکێتی و یەکڕیزیی خۆیان پتەوتر بکەن.
ئـێمە لەو باوەڕەداین و هیوامان هەیە کە گەلەکەمان بەم زووانە جەژن و ئاهەنگەکانی سەرکەوتن لەسەر خاکە ئازادەکەی بە ئاشتی و ئارامی و لە ئازادیدا پیرۆز دەکات. بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە سەرجەم زیندانیان و ئازادیخوازان و خەڵکی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی دەکەین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2026.05.27 برۆکسل





