بانگەواز و پشتیوانی بۆ  کەمپینی ’’هەر ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەکی زمانی کوردی’’ 

Share this article

بانگەواز و پشتیوانی بۆ  کەمپینی ’’هەر ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەکی زمانی کوردی’’

بە پێزانین و دەستخۆشییەکی زۆرەوە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕادەگەیەنێت: کەمپینی “هەر ماڵێک ببێتە قوتابخانەیەک بۆ زمانی کوردی” کە لە باکووری کوردستان ڕاگەیەندراوە، پیرۆز دەکەین و لە هەمان کاتیشدا، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ ئەم کەمپینە نیشان دەدەین و چاوەڕوانی سەرکەوتن و دەستکەوتی مەزنی لێ دەکەین.

زمانی کوردی، ناسنامە و ماڵی بوونی ئێمەیە؛ بۆ ئێمەی کورد زمان ئەو وڵاتەیە کە هەموو کوردان لەژێر چەتری خۆیدا کۆدەکاتەوە. لەبەر ئەمەش پێویستە هەموومان بە شانازییەوە ماڵەکانمان بکەینە قوتابخانە و فێرگەی زمانەکەمان. تا لەم ڕێگەیەوە ئاسۆی زمانی نەوەکانی داهاتوومان ڕوونتر، پێگە و هەبوونی بەهێزتر و مسۆگەرتر بکەین. خەبات، پلان و سیاسەتی زمانی و کولتووری، ئەرکێکی نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقیی سەرشانی هەر کوردێکی شکۆمەند و ڕەسەنە.

لێرەوە بانگەواز لە تەواوی خێزانەکانی باکووری کوردستان دەکەین، کە لەم کەمپینەدا بە شێوەیەکی کارا بەشداربن و ماڵەکانیان بکەنە قوتابخانە و فێرگەی زمانی کوردی. هەروەها داوا لە تەواوی میدیا و ڕاگەیاندنەکان دەکەین، ببنە بەشدار و هاوکاری تەواوی ئەم پرۆسەیە.

پاشان بانگەواز لە گەلی کورد و کوردستانیان لە تەواوی جیهان و پارچەکانی تری کوردستان دەکەین، بەشداریی کارا، کاریگەر و بەفراوان لەم کەمپینەدا بکەن. پێویستە هەوڵ بدرێت زمانەکەمان، وەک زمانی دایکیی، لە دەستوور و یاساکانی دەوڵەتانی تورکیا، سووریا و ئێراندا هاوشێوەی دەستووری دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ بە فەرمی بناسرێت و دانی پێدابنرێت. لەو وڵاتانەشدا مافی خوێندن، نووسین و دەربڕین بە زمانی شیرینی کوردی، لە تەواوی کۆمەڵگا و دامەزراوەکاندا بۆ کورد مسۆگەر و دەستەبەر بکرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

کۆمسیۆنی زمان و کولتور و پەروەردە

٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

جەژنی قوربان لە گەلەکەمان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز بێت