! 27 ساڵ خەبات لە پێناو یەکێتیی و یەکڕێزیی نەتەوەییدا
ساڵیادی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆز بێت!
27 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژانی 24 و 25و26ی مانگی ئایاری 1999، لەوڵاتی هۆڵەندا و لە شاری ئەمستردام، ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانان و دۆستانی گەلی کورد و نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان لە پێش چاوی جیهان کۆبوونەوە و دامەرزاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیان ڕاگەیاند. ئەو ڕۆژانە ڕۆژانێکی مێژوویی بوون، یەکەمجار بوو هەژمارێکی ئەوەندە زۆری نوێنەری پارت، ڕێکخراو، دامودەزگا، پێکهاتە و کەسایەتی سەربەخۆی کوردستانی لە هەموو چین و توێژێک کۆببنەوە و دەزگایەکی نەتەوەیی دابمەزرێنن. لە خەباتی یەکێتی نەتەوەییدا جاری یەکەم بوو کە لە ئاستێکی وەها گشتگیردا کارێکی لەو شێوەیە بکرێت کە لە مێژووی کوردستاندا نموونەی نەبووە. بۆیە ئەم ڕۆژە مۆرکی خۆی لە مێژووی گەلی کورد دا و بوو مێژوو و ڕۆژێکی پیرۆز.
یەکێتیی نەتەوەیی کوردان، خواستێکی سەدان ساڵەیە و بووەتە خەیاڵی شاعیران، نووسەران، سەرکردە و ڕێبەران. شاعیر و نووسەری گەورەی کورد ئەحمەدی خانی 332 ساڵ لەمەوبەر خەون و خەیاڵی خۆی وەها هۆنیوەتەوە:
”گهر دێ ههبوویا مه تفاقهک
ڤێکرا کربا مه ئنقیادهک
تهکمیل دکر مه دین و دهولهت
تههسیل دکر مه ئلم و هکمهت”
هەروەها حاجی قادری کویی شاعیر و بیرمەندی بەناوبانگ، 142 ساڵ لەمەوبەر، بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:
”لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی
شەرتێکە کە بۆ هەموو تەمامە
ئەو شەرتە بە کوللی ئیتتیفاقە”
زۆرێک لە سەرۆک و ڕێبەرانیش ویستوویانە کە یەکێتیی نەتەوەیی لە نێوان کوردان دروست بکەن، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبوون. دامەرزاندنی کەنەکە درێژەپێدەری ڕێگای هەموو ئەو کەسانەیە، بنیاتنانی کەنەکە بەدیهێنانی “خواست و خەونەکان”ی هەر هەموویانە.
کەنەکە، هەر لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، کار و خەباتی بۆ پەرەپێدانی یەکێتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی درێژە پێداوە. کەنەکە وەک دەزگایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەم 27 ساڵەدا چەندین کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئاستی بیر و فکری سەبارەت بە یەکێتی نێوخۆیی بلند کردووە، گفتوگۆ و دیالۆگی نێوخۆیی بەهێزتر بووە، لە نێوان هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستاندا، تا ئاستێکی باش تۆڕێکی پەیوەندی هاتووەتە ئاراوە، لە بواری پەیوەندی ناوخۆیی و دیپلۆماسی دەرەکیدا، هەنگاوی گرنگ نراوە.
کەنەکە بە ڕاگەیاندنی ڕۆژی زمانی کوردی نەریتێکی گەورەی بنیات نا، کە ئەمڕۆ بووەتە جەژنێکی سەرتاسەری و نیشتمانی لە کوردستان و دیاسپۆرادا و هەموو ساڵێک بە گرینگیەوە یادی دەکرێتەوە. بە ڕاگەیاندنی “بەڵگەنامەی ستراتیژی یەکیەتی کوردان” لە بواری پەیوەندیی و پێگەی هێزە کوردستانیەکاندا نۆرم و ڕێسای ئەخلاقی جێگیرکران تا هەمووان پێیەوە پابەندی بن.
چارەکە سەدەیەک زیاتر بەسەر دامەزراندنی کەنەکەدا تێپەڕیوە. کەنەکە هەوڵەکانی بۆ یەکڕیزیی و پتەوکردنی کاری دیپلۆماسی لۆببی بۆ دۆزی کوردستان بەرفراوانتر کردووە. کەنەکە هەوڵ دەدات هێزەکانی بەرگریی کوردستان لە ژێر ڕێوەبەرییەکی یەکگرتوودا کۆ بکاتەوە وبەهێزتریان بکات. کەنەکە بێ پشوودان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی شۆڕشی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا. هەرەوەها کەنەکە بەبێ ڕاوەستان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی یەکێتی نەتەوەیی و نیشتمانی.
کەنەکە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەیە. بانگەوازی بکات بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرفراوان بە بەشداریی هەموو پارت و ڕێکخراو و دامەزراوە و کەسایەتی سەربەخۆ و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بەمەبەستی پتەوکردنی یەکێتی و یەکڕێزی نەتەوەیی. ئێمە بەهەموو توانامانەوە درێژە بەم هەوڵە دەدەین.
کەنەکە لە یادی 27 ساڵی خۆیدا و لە ژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئەحمەدی خانیدا جارێکی دیکە بانگ لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات؛ بە بێ لەبەرچاو گرتنی ڕەنگ، هێز، بیروباوەڕ و بۆچوونی جیاواز ، تەنیا لە چوارچێوەی کورد و کوردستانیدا بێە ناو کار و خەباتی کەنەکە، جێگای هەموو کوردستانیەک لە ژێر چەتری کەنەکە دا دەبێتەوە.
لەو 27 ساڵەدا بەشێک لە ئەندامان و دامەزرێنەرانی کەنەکە شەهید بوون و بەشێکیشیان گیانیان لەدەستداوە. کەنەکە لە کەسایەتی عیسمەت شەریف وانلی، ئیبراهیم ئەحمەد و شەهید دەنیز بولبوندا هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان و هەموو ئەندامانی کۆچکردووی خۆی بە بیر دێنێتەوە و یادیان بەرز ڕادەگرێت.
بەم بۆنەیەوە جارێکی تر پیرۆزبایی یادی 27 ساڵەی دامەزراندنی کەنەکە لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و دۆستانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو هێزە نەتەوەییەکان دەخوازین.
بژی یەکیەتی نەتەوەیی
بژی کەنەکە
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2026.05.23 برۆکسل






