ئاشتیی هەمیشەیی لە جیهاندا بە ڕاگرتنی ژنکوژیدا (فێمینساید) تێدەپەڕێت
توندوتیژیی بونیادی (پێکهاتەیی) و جەستەیی دژ بە ژنان، شێوازێکی مێژوویی جینۆسایدی ڕەگەزی ژنە کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە؛ واتە ژنکوژیی (فێمینساید)ە. لە کۆمەڵگەکانیشدا لە شێوەی جینۆسایدەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبووە. توندوتیژی کە سەرەتا وەک ئامرازێکی چەوساندنەوە دژ بە ژن خرایە گەڕ، دواتر بووە سەرچاوەی چەوساندنەوەی کۆمەڵگەکان و بەرپابوونی جەنگەکان.
بەڵام سیستەمی پیاوسالاری، لە بری ئەوەی کارەکتەری بونیادیی توندوتیژی بخاتە ڕوو و چارەسەری بکات، بە هەنگاو و چارەسەری سنووردارەوە سنووردار دەمێنێتەوە. ڕۆژی 25ی تشرینی دووەم، کە لە ساڵی 1999ـەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاگەیەندراوە، یەکێکە لەم هەنگاوانە.
زۆر ڕوونە کە ئەم بڕیارە بەس نییە بۆ ڕاگرتنی ئەو وێرانکارییەی کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا لە شێوەی جەنگی جیهانیی سێیەمدا و بە شێوەی پێکدادان بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. یەکێک لەو شوێنانەی کە بازنەی توندوتیژی بە شێوەیەکی هەرە سیستەماتیک و بەربڵاو تێیدا پەیڕەو دەکرێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. وڵاتەکەمان کوردستانیش، لە چەقی کێشەکاندایە. بە واتا نەرێنی و ئەرێنییەکەی، لە سەرچاوەی کێشەکان و چارەسەرکردنیشیاندا خاڵێکی کلیلـییە.
لە کوردستاندا زەمینەیەک هەیە کە تێڕوانینی جیهانیی پیاوسالاری ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕادیکاڵ دەکاتەوە، پەیوەندیی نێوان توندوتیژی و کارەکتەری بونیادی سیستەمەکە دادەمەزرێنێت و لە پێناو ئەمەشدا تێکۆشانێکی بەردەوام بەڕێوە دەچێت.
هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە ئێمە وەک ژنانی کورد، تێکۆشانمان لە دژی سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و لە دژی ئەقڵییەت و شێوازەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی باڵادەستیی پیاوان، بە شێوەیەکی ئاوێتە و پێکەوەگرێدراو بەڕێوە دەبەین.
لە دژی ئەو سەپاندنەی هەژموونی جیهانیی پیاوسالاریی سەدەی بیست و یەکەم کە دەخوازن لە ڕێگەی توندوتیژییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا بونیادی بنێن، ئێمە لە ڕێگەی تێکۆشانی ئازادیی کوردەوە کە ژنان بە شێوەیەکی کارا و خاوەن ئیرادە تێیدا بەشدارن، تێکۆشانی ئاشتی لە دژی جەنگ بەڕێوە دەبەین. ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ڕێگای گەیشتن بە ئاشتی، بە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیوەست بەویش ئەو دەوڵەتانەی کە درێژە بە سیاسەتە داگیرکارییەکانیان دەدەن (ئێراق – ئێران – سوریا) تێدەپەڕێت. ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە ڕووی ڕاستەقینەی حاڵەتەکانی خەتەنەکردنی ژنان و خۆسووتاندن لە ئێراق کە پشتگوێ دەخرێن، ڕژێمی سوریا کە تەنانەت بەرگەی هۆنینەوەی کەزییەکانی ژنانیش ناگرێت، ڕژێمی ئێرانیش کە دوژمنایەتیکردنی ژنان و گەلانی وەک ستراتیژیی دەوڵەت گرتووەتە بەر، نیشانی جیهان بدەین.
هەروەک چۆن تا ئەمڕۆ وامان کردووە، لەمەودواش پێداگرین لەسەر پێناسەکردن و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری ژندا. ئێمە پێداگرین لەسەر بانگهێشتکردنی سەرجەم ئەو دامەزراوە و پێکهاتانە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کە کاریگەرییان دەبێت لە کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و جەنگ. هەروەک چۆن لە جەنگی بووندا دژ بە داگیرکاری وابووین، لە بونیادنانی ئاشتیشدا پێداگرین لەسەر ئەوەی ببینە بکەری دامەزرێنەر.
ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە نەبینە قوربانیی نێو جەنگی هێزە هەژموونگەراکان، بەڵکو ببینە ئەو ژنانەی کە بۆ داهاتووی خۆیان سیاسەت دەکەن، ستراتیژی دادەڕێژن و هێڵی تێکۆشان دادەڕێژن.
ئێمە دەتوانین چارەسەر و پێشنیازەکانی خۆمان بە یەکگرتوویی لەگەڵ سەرجەم ژنانی کوردستاندا ئەنجام بدەین و ئەم ئیرادە هاوبەشە دەگەیەنینە ژنانی جیهان.
کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە
نۆڤەمبەری 2026





