سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ئیلام و ئاودانان

Share this article

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەک)

سەبارەت بە کارەساتی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە ئیلام و ئاودانان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەک)، بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کارەساتی وەرگەڕانی پاسەکەی هەڵگری کرێکاران لە ئێوارەی شەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە نزیک شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، و گیانلەدەستدانی ١٢ کرێکار و برینداربوونی ١٦ کەسی دیکەی وەرگرت.

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە جارێکی دیکە دۆخی مەترسیدار و نالەباری سەلامەتیی گواستنەوە و ژێرخانی ڕێگاوبان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە ڕوو؛ دۆخێک کە بەهۆی کەموکوڕیی ژێرخانی گواستنەوە، نەبوونی چاودێریی پێویست و بێبەرپرسیاریی دامەزراوە دەسەڵاتدارەکان، ژیانی هاووڵاتیان، بە تایبەتی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، دەخاتە مەترسییەوە.

کەنەک پێی وایە پاراستنی گیان و سەلامەتیی هاووڵاتیان ئەرکێکی بنەڕەتیی دەسەڵاتە و هیچ کەموکوڕییەک لە ژێرخان و سیستەمی چاودێریی گواستنەوە نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی مرۆڤەکان. بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و بێلایەن لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە بکرێت و بەرپرسیارانی ئەو کەموکوڕی و خەتا و پشتگوێخستنەی بوونەتە هۆی ئەم ڕووداوە، بخرێنە بەردەم یاسا و دادپەروەری.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەک)، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری گیانلەدەستچووان، خەڵکی بەڕێزی ئیلام و بە تایبەتی ئاودانان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت. هەروەها هیواخوازە هەموو برینداران بە زووترین کات چاک ببنەوە و بگەڕێنەوە لای بنەماڵە و کەسوکاریان.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەک)

16.11.2026

 

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک دژی (ڕێکخستنی هاوپەیمانی)
پەیامێک لە ژنانی کوردەوە بۆ ڕژێمی ئێران: هەڕەشە و گوشار ناتوانن ژنانی کورد ڕابگرن