سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک دژی (ڕێکخستنی هاوپەیمانی)
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، گرتن و دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی کورد بە توندی شەرمەزار دەکەین و ئەم کارە وەک پێشێلکردنی مافە سیاسییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین و مافە دیموکراتییەکان هەڵدەسەنگێنین.
گرتن و فشارخستنە سەر سیاسەتمەدارانی کورد بەهۆی هەڵوێست، بیروڕا و خەباتی سیاسییانەوە، نابێتە ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی سیاسی و ئاشتییانە. ئەم جۆرە کردەوانە تەنها فشار و بێ متمانەیی زیاد دەکەن و ڕێگری لە دیالۆگ و چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد دەکەن.
کەنەکە بانگەواز لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەکات کە دان بەوەدا بنێن کە مافە بنەڕەتییە دیموکراتی و سیاسییەکانی سیاسەتمەدارانی کورد مافێکی دیموکراتی و ڕەوان، پێویستە بەبێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێن. شێوازی گرتنی سیاسەتمەدارانی کورد بە هیچ شێوەیەک پەسند ناکرێت و پێویستە دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.
هەروەها ئێمە بانگەواز لە هەموو دامەزراوە، ڕێکخراو و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافە سیاسی و دیموکراتییەکانی گەلی کورد بێدەنگ نەمێنن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی پێویست بنێن.
کەنەکە لەم قۆناغەدا بانگەواز لە هەموو هێز، پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات کە بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد، دژی هەموو شێوازەکانی فشار و زۆرداری هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەن. لە هەمان کاتدا پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی و هەماهەنگیی سیاسی دەستبەجێ پێکبهێنن.
دەنگی ئازادی و دیموکراتی بە فشار و گرتن بێدەنگ ناکرێت. مافە سیاسی و دیموکراتییەکان دەبێت بپارێزرێن.
کۆنسەی بەڕێوەبەرێتی کەنەکە
بڕۆکسل
18.11.2026






