یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هەنگاوێکی مێژوویی و نیشتمانیی
دوێنێ (21.09.2026) لە شاری هەولێر مەراسیمێک بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و زۆرێک لە کارگێڕانی هەرێمی کوردستان. لە مەراسیمەکەدا ڕاگەیەندرا کە دەیان هەزار پێشمەرگە لە یەکەکانی حەفتا و هەشتا دەخرێنە چوارچێوەیەکی سەربازی نیشتیمانی یەکگرتوو و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەبن.
یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ دەیان ساڵە خواست و ئاواتیی هەموو گەلی کوردستان بووە. ئەم هەنگاوە پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەیە لە دژی هەموو بەدخوازانی کوردستان. ئەم هەنگاوە دەبێتە هەوێنی بناخەیەکی گەشی ئۆمێدەواری بۆ یەکڕیزی لە نێو ماڵی کورددا.
هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا ئیداری و ئەمنی و ئابووری و دیپلۆماسی و سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە ئامرازێک بۆ یەکڕیزی ویەکێتی نەتەوەیی ونیشتمانی لە سەرانسەری کوردستاندا.
جگە لەوەش ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان کارناکات و حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و جێگەی قبوڵکردن نییە. هیوادارین بە زووترین کات پەرلەمان کۆببێتەوە و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.
ئێمە وەک کەنەکە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بە هەنگاوێکی ئەرێنی وپیرۆز بۆ باشوور (هەرێمی کوردستان) وهەموو کوردستان دەبینین. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی باشووری کوردستان و هەموو کوردانی جیهان دەکەین. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرجەم لایەن و ڕێکخراوەکان و هەروەها سەرجەم ئەو کەس و سەرکردانەی کە رەنج وهەوڵەکانیان بۆ پاڵپشتی و بڕیاردان لەم هەنگاوە پیرۆزە.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە
22.09.2026





