ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ئێمە، نوێنەرانی پارت، ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، لەگەڵ کەسایەتییە سەربەخۆکان لە سەرجەم پێگە و پیشە جیاوازەکان و ژمارەیەک لە دۆستانی گەلی کورد و پسپۆڕ، لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2026 لە شاری بروکسل، پایتەختی بەلجیکا، کۆبووینەوە. لە ژێر ناوی »کۆنفرانسی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان« کۆنفرانسێکمان بەڕێوە برد، پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ، ئەم ئەنجامنامەیە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی.
کوردستان لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و لە نێوان دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا هەڵکەوتووە. ڕووبەری جوگرافیی کوردستان نزیکەی پێنج سەد هەزار (500.000) کیلۆمەتر دووجایە. گەلی کورد نەتەوەیەکی دێرینی ئەم خاکەیە کە هەزاران ساڵە تێیدا دەژی و ناوی خۆی بەخشیوە بەم خاکە؛ زیاتر لە هەزار ساڵیشە ناوی ئەم جوگرافیایە بە فەرمی کوردستانە.
ژمارەی دانیشتووانی کوردستان نزیکەی شەست ملیۆن (60.000000) کەسە. سەرەڕای ئەم ژمارە گەورەیە، گەلی کورد لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەفەرمی وەک نەتەوە نەناسراوە و نوێنەرایەتیی ناکرێت. بە تایبەتی، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە نیویۆرک، کە زۆرینەی نەتەوەکان تێیدا خاوەنی نوێنەرایەتیی خۆیانن، ناوی نەتەوەی کورد ناهێنرێت؛ دان بە کورددا وەک نەتەوە نانرێت و هیچ نوێنەرێک بە ناوی نەتەوەی کوردەوە لەم ڕێکخراوەدا بوونی نییە.
ئەم بارودۆخە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ژیانی نەتەوەی کورد و سەرجەم گەلانی دیکە لە کوردستاندا و بووەتە هۆی زەحمەتی و سەرچاوەی چەندین کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر. لەبەر ئەم هۆکارانە، کەنەکە لە 24ەمین کۆبوونەوەی گشتیی خۆیدا (6 و 7ی حوزەیرانی 2026)، ئەم پرسەی خستە ڕۆژەڤی کارەکانی خۆیەوە. پاش تاوتوێیەکی بەرفراوان، بڕیار درا کە بۆ ناساندنی کورد وەک گەلانی دیکە و نوێنەرایەتیکردنی لە دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە پێگەی چاوەدێر، سەردانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دیداری بەردەوام لەگەڵ ژمارەیەک لە پسپۆڕان ئەنجام درا و بۆچوونەکانیان وەرگیران. هەر لەسەر بنەمای ئەو تێڕوانینانە، بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە نامەیەک ئاراستەی بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کرا.
بەڵام هەروا کە دەزانین، ئەم بابەتە پرسێکی گەورە و بەرفراوانە و بە چەند کۆبوونەوەیەکی سنووردار و پێشکەشکردنی چەند نامەیەک چارەسەر ناکرێت. کەنەکە بە تەنیا ناتوانێت ئەم کارە گەورەیە بە ئەنجام بگەیەنێت؛ پێویستی بە هاوکارییەکی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی هەیە. لە هەر ڕوانگەیەکەوە سەیری ئەم پرسە بکرێت، پێویستییەکی زۆر هەیە کە سەرۆک و سەرکردە و نوێنەرانی پارت و نوێنەرانی خەڵک و رێکخراوەکان، کەسایەتی خاوەن ڕۆڵ و پێگەلە کۆمەڵگادا، نوێنەری هەموو پێکهاتەکان و هەموو قورساییەکانی کۆمەڵگای کوردستان ، لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە، کۆمیتەیەک پێک بهێنن، لەسەر ئەم پرسە وتووێژ بکەن و بڕیار بدەن. پێویستە لە ڕێگەی کۆبوونەوە، چالاکی و کەمپینی بەهێزەوە، گەلی کوردستان بکەوێتە ناو جووڵەیەکی بەهێزەوە. ئێمە لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسەوە، ئەم پرسە گرنگە دەخەینە ڕۆژەڤی کوردستان و جیهان و دەست بە کار و خەباتێکی درێژخایەن دەکەین. لەم کارەدا، هەموو ڕێوشوێن و نەریتە دیپلۆماسییەکان بەکاردەهێنین و کەمپینی بەرفراوان بەڕێوە دەبەین.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە وەک بەشداربووانی «کۆنفرانسی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان»، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:
• کۆنفرانس چالاکی، بڕیار و داواکارییەکانی کەنەکە لەم بارەیەوە بە گرنگ دادەنێت و پشتیوانییان لێ دەکات.
• کۆنفرانس نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئەرکێکی سەرەکیی دیپلۆماسیی کوردی دەزانێت و ئەم ئەرکە دەخاتە بەردەم سەرجەم پارت، ڕێکخراو، دامەزراوە و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان.
• کۆنفرانس هەوڵ و کارەکان بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە کارێکی درێژخایەن دەزانێت؛ ئەمە تەنیا کاری یەک ڕێکخراو نییە، بەڵکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
• کۆنفرانس بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، بڕیاری دا کۆمیتەیەکی کار بە ناوی »کۆمیتەی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان« درووست بکات و بانگ لە سەرجەم پارت، ڕێکخراو و دامەزراوەکان و هەموو کوردستانییان دەکات کە لەم خەباتەدا بەشدار بن و پشتیوانی لەم کۆمیتەیە بکەن.
• »کۆمیتەی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان» کۆمیتەیەک دەبێت کە لە نوێنەرانی پارت، ڕێکخراو و دامەزراوە کوردستانییەکان و کەسایەتیی سەربەخۆ و کەسانی پسپۆڕ پێک دێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارت، ڕێکخراو و دامەزراوە کوردستانییەکان کار دەکات.
• کۆنفرانس بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە بڕیار دەدات کە کەمپینێکی بەرفراوانی کۆکردنەوەی واژۆ دەست پێ بکرێت و لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، ملیۆنان واژۆ کۆ بکرێنەوە و پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێن.
• کۆنفرانس بانگ لە هەموو کوردستانییان دەکات کە جێگەی خۆیان لەم خەباتەدا بگرن و بەشداریی ئەم کەمپینە بکەن.
• کۆنفرانس بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە کارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دادەنێت. ئەم کارە تەنیا لە ڕێگەی یەکێتییەکی پتەوی نەتەوەییەوە بەدی دێت. بەم بۆنەیەوە، کۆنفرانس بانگ لە سەرجەم پارت، ڕێکخراو، دامەزراوە، کەسایەتی و هەموو پێکهاتە کوردستانییەکان دەکات کە لە زووترین کاتدا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بەڕێوە ببەن و یەکێتیی نەتەوەیی بەهێز بکەن.
• کۆنفرانس داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) دەکات کە داواکاریی گەلی کوردستان قەبووڵ بکات، کورد وەک نەتەوەیەک بەفەرمی بناسێت و لە دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کورد بە پێگەی چاوەدێر قبووڵ بکات.
• کۆنفرانس بانگ لە سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکن دەکات کە بە ئەرێنی پێشوازی لە داواکاریی کورد بکەن، ئەم پرسە بخەنە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە دەنگدانیشدا دەنگی ئەرێنی بدەن.
• چارەسەرکردنی پرسی کورد و نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا نییە؛ لە یەکسانی و چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە. کۆنفرانس داوا لە دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دەکات کە پرسی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک هەوڵێکی دژ بە دەوڵەتەکانی خۆیان نەبینن و نەبنە بەربەست لە بەردەمیدا.
کۆنفرانسی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
2026.10.05





