بەڵێ بۆ پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژاوای کوردستان

Share this article

بەڵێ بۆ پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژاوای کوردستان

بۆ ڕای گشتی کوردستان!

لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا، لە ڕۆژئاوای کوردستان، خوێندن و پەروەردە لە پێش قوتابخانەوە تا خوێندنی باڵا بە زمانی دایک بووە و بە ئامانجی خوێندنی فرە زمانی و فێرکردنی (کوردی، سریانی و عەرەبی) لەسەر بنەمای دیموکراسی جێبەجێ دەکرێت.

لەو هەرێم سەدان قوتابخانە، هەزاران مامۆستا و پەروەردەکار، سەدان هەزار خوێندکار بە زمانی دایکی خۆیان و بەبەکارهێنانی شێوازی پێداگۆگی نوێژەن دەخوێنن.. ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ گەشەپێدانی کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئاستێکی بەرزی مۆدێرنیتە نیشان دەدات. بەڵام ئەو ڕژێمەی کە خۆی بە “کۆماری عەرەبی سوریا” ناودەبات، فشارەکانی لەسەر زمانی کوردی و زمانی پێکهاتەکانی دیکەی رۆژاوای کوردستان بە تایبەت لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر کردووە. ئەم دەسەڵاتە بە سیاسەتی قەدەغەکردن و بەربەست و پەلامار و ئەنتی دیموکراسی خۆی نیشان و ئاشکرا دەدات.

لەبەرامبەر ئەو کارە نایاساییانە، خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان لە سەرەتای هێرشەکانەوە بەبڕیار و ئیرادەی بەردەوامەوە خۆڕاگرییان کردووە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن.لە ژێر ئەم دروشمە پیرۆزانەدا:-

– زمانمان ناسنامەی ئێمەیە!

– زمانمان بوونی ئێمەیە!

– زمانمان شەرەفی ئێمەیە!

ڕۆژانە بە سەدان هەزار خەڵکی ڕۆژئاوا لە گۆڕەپانەکاندا چالاکیی رەوا و جەماوەری ئەنجام دەدەن. ئێمە وەک کۆمیسیۆنی زمان و کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئەو کارە پیرۆزانە و بۆ هەڵوێستی گەلەکەمان دەردەبڕین.

بەپێی پێوەر و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، پەروەردە بە زمانی دایکیی مافێکی بنەڕەتی و گشتگیر و بێبەشنەکراوە. هەموو دامەزراوە مەدەنی و یاسایی و دیموکراسیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، پەروەردەی زمانی دایکی وەک مافێکی ڕەوا دەناسن و لە ڕێگەی ڕێککەوتنە فەرمییەکانەوە ڕایدەگەیەنن و گەرەنتی دەکەن.

لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک ک ن ک هۆشداری دەدەینە دەوڵەتی سوریا: دەبێت دەستبەجێ ئەم سیاسەتی فشار و قەدەغەکردن و هێرشکردنە سەر داواکاری دیموکراسیانە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی ڕابگرێت. ئەم مافە ڕەوا و سروشتیانەی گەلەکەمان دەبێ بە فەرمی و دەستووری بناسرێ و جێبەجێ بکرێن.

هاوکات داوا لە کوردستانیان و ڕەوەندی کوردی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی جیهانی دەکەین کە دەنگی خۆیان لە دژی ئەو ناعەدالەتییە بەرز بکەنەوە و پشتیوانی لە خەباتی پیرۆزی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بکەن. مافی خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک مافێکی گشتگیرە و خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان تا سەرکەوتنی کۆتایی داواکاری ڕەواکانی خۆیان دەپارێزن.

جارێکی تر وەک کۆمیسیۆنی زمان و کولتوور و پەروەردەی ک ن ک لەم بەرگری وبەرخۆدانە مێژوویی و شەرەفمەندانەدا تا کۆتایی لەگەڵ گەلەکەمان وەستاوین.

بژی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بۆ پاراستنی یاسایی دەستووری زمانی دایک!

لەگەڵ ڕێز و باوەڕ بە سەرکەوتن، بە ڕای گشتی و گەلی نیشتمانپەروەرمان ڕادەگەیەنین.

کۆمیسیۆنی زمان، کولتور و پەروەردەی ک ن ک

١٣ی ئەی

 

بەیاننامە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان