کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار دەکات
بەرەبەیانی ١٧ی تەمووز، لە ئەنجامی پەلاماری ئیران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 9 پێشمەرگە شەهید بوون وژمارەیەکی دیکە بریندار بوون، ماڵ و سامان و ژیانی مەدەنیی خەڵکی ناوچەکەش زیانیان پێگەیشتووە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم پەلامارە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکات و بەو بۆنەیەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی هاوڕێیانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەردەبڕێت. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی زوو بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازین.
ئەم هێرشە دووبارە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا لە سیاسەتی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دژ بە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە. ئەم کردارە دژ بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتی و ڕێساکانی پاراستنی ژیانی مەدەنییانەیە و هەرگیز ناتوانێت چارەسەری کێشە سیاسییەکان بێت.
ئەم بۆردومانە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندبوو کە بەشداری هیچ جۆرە ململانێیەکی سەربازی نابن. بەڵام لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەشدا بەردەوام کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسداران.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەموو هێز و لایەنە کوردستانییەکان بانگدەکات کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە یەکڕیزی، تەبایی و هەڵوێستێکی هاوبەشی نەتەوەیی، لەبەرامبەر سیاسەتەکانی شەڕفرۆشی، توندوتیژی و پیلانەکانی دوژمنان و داگیرکەران بوەستنەوە و نەھێڵن ئەم جۆرە هێرشانە ببنە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی و دابەشبوون لە ناو ڕیزەکانی گەلی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پرسە و هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەکانی شەهیدان دەردەبڕین، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکیان دادەنەوێنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
شەهید نامرن
سەرکەوتووبێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆنسەی بەڕێوەبەریی
17ی تەموزی 2026






