14مین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆز بێت
لە 19ی تەمووزی ساڵی 2012دا دەنگی شۆڕش لە کۆبانییەوە بەرزبۆوە، پریشکی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ههڵگیرسا و ڕۆژ له دوا ڕۆژ بههێزتر بوو.
ڕۆژئاوای کوردستان ماوەیەکی زۆر بوو خۆی بۆ شۆڕش ئامادە دەکرد. لە دێریک، قامیشلۆ، عامودە، سهرێکانی، کۆبانی، عەفرین و تەواوی جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستانەوە، خەڵک لە هەموو لایەکەوە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی لە چارەنووسی خۆیاندا به خاوهن دهركهون و ئیدارەی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان دابمەزرێنن.
لەو هەلومەرجە گێژاوییه كه له ناوخۆی سوریادا له ئارادا بوو، کورد و کوردستانییەکان هێزەکانیان یەکخست و بۆ ئەوەی بۆشایی دەسەڵات لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست نەبێت، به زووترین كات خۆیان ڕێکخست و بەهێزتر کرد و لە کۆبانیەوە تا دێریک لە ڕۆژهەڵاتهوه و تا عەفرین لە ڕۆژئاوا، شار و شارۆچکە و گوند و گهڕهكانیان گرتە ژێر ئاسایشی هێزەکانی ناوخۆیی.
ماوهی ١٣ ساڵە کورد و کوردستانیان بە تێكۆشان وقوربانی دانێكی زۆرەوە درێژەیان بە پڕۆسەی خۆبهڕێوهبهی دا و بە مۆدێلی کانتۆن وبە رێ وڕێبازی جیاوازی دیکە خۆڕاگرییان كرد و خۆبهڕێوهبهرییهكی دیفاکتۆی دیموکراسییان دامەزراند.
هەر لە سەرەتاوە داگیرکەرانی کوردستان لەم دیاردە نوێیەی کورد و کوردستانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ناڕازی بوون. بەتایبەتی وهڵاتی توركیا هەمیشە تیرە ژەهراویەکانی خۆی ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ئەوان کۆبانییان کرد بە ئامانجی یەکەم، چونکە بهخاوهن دهركهوتن لهم پرۆژهیه له بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە وڵاتەکەیان دا دەستی پێکردبوو.
ئیسلامییە توندڕەوەکان و داعشە خوێنڕێژەکانیان به هێرشكردن ئارهستهی كۆبانێ یان كرد. بهڵام به بەرگرییەکی ئەفسانەیی و بهرخۆدانییهكی سەرکەوتووانە خاكی كۆبانێ پارێزرا. داعش وهەموو دوژمنەکانی دیكه تێکشکان وبهرخۆدانی كۆبانێ بوو به ئەفسانە.
دەوڵەتی تورکیا لە بهرخۆدانی کۆبانی تووشی شکستێکی گەورە بوو. ئەمجارە عەفرینی کردە ئامانج چونکە نزیکترین ناوچهیه لە دەریای ناوەڕاستەوە. سەرەتا بە ئامانجی گەمارۆدانی عەفرین دەستیان کرد بە داگیرکردنی عەزاز و جەرابلوس و خەریکی دابڕینی ناوچەی خۆسهری جزیره بوون. پاشان تانک و تۆپخانهکانیان به سه ڕ عهفریندا سوڕاند و داگیریان کرد و به زۆرهملێ خهڵکی عهفرینیان ئاوارە کرد. ئەمڕۆ دیمۆگرافیای عەفرینیان هەڵوەشاندەوە و تورک و عەرەبیان نیشتەجێ کرد.
پاشان ڕوویان کردە سەر سهرێکانیێ و گیرێ سپی و ئەو شوێنانەیان داگیر کرد. هێرش وهەڕەشەکانیان بۆ سەر هەموو ڕۆژئاوای کوردستان ههتا ئێستا بهردهوامن. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و ئەمنیەتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین تەکنۆلۆژیای سەربازی و هەواڵگریی تر کۆمەڵکوژی ترسناکیان ئەنجامدا. هەروەها ژیانی دانیشتوانی مەدەنییان کرد بە دۆزەخێکی زیندوو. سەرەڕای ئەم بێباکییەی دەوڵەتی تورک، خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی بەردەوامە و هەموو داینامیکی و میکانیزمەکانی ئیدارەی خۆسەر خەباتێکی شایسته وبهرز لە پێناو ئاسایشی خەڵکی ناوچەکە دەکەن.
ئێستا دۆخێکی نوێ لە سوریا هەیە. ساڵ و نیوێک پێش ئێستا ڕژێمی بەعس شکستی هێنا و دیمەشق کەوتە دەستی هێزە ئیسلامییەکان. کاتێک ڕژێمی بەعس شکستی هێنا، لە هەمان کاتدا هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی توركیا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. هێرشەکانیان بە تایبەتی لە شههبا و حەلەب و مەنبەج فراوانتر کرد. لە ناوچەی تیشرین شەڕێکی سەخت ڕوویدا. دەوڵەتی تورکیا لە هەموو بەرەکاندا بە هێزی ئاسمانی و زەمینی خۆی پاڵپشتی ئەو گرووپە توندڕەوانەی دەکرد. هەندێک ناوچە کەوتنە دەستی ئەو گروپانە كه سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوون. سەرەڕای هەموو هێرش و هەڕەشەکان، ئیدارەی خۆسەر بەرگری لە خۆی کرد و هێرشەکانی ڕاگرت.
بەڵام حکومەتی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی هەر بەوەوە نەوەستان. ئەوان بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەر. دوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی، ئەمەریکا و ئەوروپی، حکومەتی دیمەشق لە هەفتەی یەکەمی دوای سەری ساڵی نوێ، بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، هێرشی بۆ سەر حەلەب دەستپێکرد. پاشان هێرشیان کردە سەر ڕەقە و دێرەزوور. زۆر ناوچەیان گرت و تەنانەت گەیشتنە ناجەرگەی حەسەکە. هێزەکانی پاراستنی ڕۆژئاوا (یەپەگە – یەپەژە) لە هەموو بەرەکاندا خۆڕاگرییان کرد و ناوچە کوردنشینەکانیان پاراست. گەلی کورد بە پاڵپشتی دۆستان لە چوارپارچەی کوردستان و سەرتاسەری جیهان، هەستا و بە هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد. لە ئەنجامدا لە 2026.01.29 ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی دیمەشق واژۆ کرا.
سەرەڕای ئەم پیلان و کێشە و ململانێیانە، خەڵکی ناوچەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە لە هێڵی بەرگریکردن لە نیشتمان و لە خۆڕاگریی بەردەوامن. لەم خەباتە شۆڕشگێڕانەی ڕۆژئاوای کوردستاندا نابێ ڕۆڵی ژن لەبیربکرێت، بەتایبەتی ڕۆڵی ژن لە پلەی یەکەمدایە و بەشێوەیەکی ئەرێنی زۆر کاریگەرە.
بەڵام دۆخی سوریا بە گشتی ئاڵۆزە و دیار نییە ئایندەی سوریا چی دەبێت و چی ڕوودەدات. حکومەتی دیمەشق سەرەتا هێرشی کردە سەر عەلەویەکان و کۆمەڵکوژییەکی لە ناوچەی لازقیە ئەنجامدا. پاشان هێرشیان کردە سەر دروزەکان. مەسیحیەکانیش هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە فشارێکی زۆریان لەسەرە. پاشان هێرشیان کردە سەر کورد. ئەم حکومەتە هەر لەسەرەتاوە لەبری ئەوەی ببێتە هۆکاری چارەسەر، بۆتە هۆی کێشە و شەڕ و نائارامیی لە سوریادا.
لە ئێستادا ئاگربەست لەگەڵ حکومەتی دیمەشق هەیە و هەوڵ هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم لە ڕێگەی دیالۆگەوە. بەڵام زۆر خاڵ ڕوون نەکراونەتەوە. حکومەتی دیمەشق هەڵوێستێکی نەرێنی هەیە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و ڕوونکردنەوەی خاڵەکان. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دەبێت هەموو ئێمەی کورد ئاگاداری ئەم دۆخە بین. پێویستە سەرەتا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە بدەین. هەمانکات پێویستە بەرگریمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت هێرش بکاتە سەر دەستکەوتەکانمان. بەرگریکردن لە ئیدارەی خۆسەر بەرگریکردنە لە کوردستان.
بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک كۆنگرهی نهتهوهیی كوردستان (کەنەکە) پیرۆزبایی 14مین ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم سەرکردایەتی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و سەربازی دەکەین. کەنەکە داوا لە هەموو کورد و کوردستانییەکان دەکات بەوپەڕی تواناوە پاڵپشتییەکی بەهێز و بەرفراوان بۆ پاراستن و مانەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژاوای کوردستان و خاکی وڵات بکەن. ههروهها شان بە شانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر هەموو هێرش و هەوڵەکانی داگیرکاریی و لەناوبردن بوەستن.
شۆڕشی دیموکراسی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی ڕۆژئاوای کوردستان پایهدار و سەرکەوتوو بێت.
بژی بهرخۆدان وسهركهوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان!
كۆنسهی بهڕێوهبهریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2026.07.18 برۆکسل





