بۆ ڕای گشتی، گەلی نیشتمانپەروەری کوردستان و دۆستانی ژینگە
نا بۆ ژینگەکوژی، ڕاگرتنی تاڵانکردن و لەناوبردنی دارستانەکانی باشووری کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە!
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە پاڵ هێرش و داگیرکارییە سەربازییە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، چەندین ساڵە بە شێوازێکی دڕندانە تا ئەمڕۆ، تاوانێکی ڕێکخراوی دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگە پیادە دەکات کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بە تاوانی (ژینگەکوژی – ئێکۆساید) پێناسە دەکرێت. لە ژێر پەردەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، دروستکردنی دەیان بنکەی چەکداری و ڕێگای سەربازی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، سامان و دارستانە سروشتییەکان بە بەرنامەیەکی داڕێژراو لە ڕەگوڕیشەوە دەردەهێنرێن و بە تاڵان دەبرێن.
ئەم شاڵاوە سیستەماتیکە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢١ـەوە دەستی پێکرد و لە ساڵانی دواییدا، بەتایبەت لە ئەمساڵدا (٢٠٢٦)، گەیشتووەتە ترسناکترین قۆناغی خۆی. سوپای تورکیا بە هاوکاریی کۆمپانیا دەستڕۆیشتووەکانی (وەک کۆمپانیای جەنگیز هۆڵدینگ) و بەکارهێنانی کەسانى بەکرێگیراو، دەستی داوەتە تەختکردنی چیاکان لە سنووری پارێزگای دهۆک، بەتایبەت لە قەزای ئامێدی (ناحیەی کانی ماسی، دەڤەری بەرواری باڵا، بناری چیای مەتینا) و قەزای زاخۆ (ناحیەی باتیفا و دەرکار)، و گۆڕینی دارستانەکان بۆ خاکی ڕووتەن و مۆڵگەی کۆنکرێتی.
لە ئەنجامی ئەم هێرشە بەردەوامانەدا، گوندەکانی وەک (کێستە، هرور، چەلکێ، میسکا، دێرەشێ، بازێ، قومری، گوهەرز، بلاڤە، و سەرگەلێ) شانبەشانی ناوچەی دۆسکی ژووری (گوندی چێ) و چیای سپی، ڕووبەڕووی چۆڵکردنی زۆرەملێ، قەدەغەکردنی گەڕانەوەی جووتیاران، بۆردومانی بەردەوام، سووتاندنی باخ و ڕەز و وێرانکردنی ژینگە بوونەتەوە.
داتا و ئامارە پشتڕاستکراوەکانی ئەم کارەساتە:
• بەپێی بەدواداچوونی مەیدانیی ڕێکخراوە ژینگەییەکان و تیمی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣ ملیۆن درەخت (بەتایبەت درەختى بەڕووی بەتەمەن و قەزوانی سروشتی کە تەمەنیان لە ٥٠ بۆ سەرووی ١٠٠ ساڵە) بڕدراونەتەوە و بۆ بازرگانی و دارتاشی تاڵان کراون.
• بەهۆی بۆردومان، تۆپباران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، سەدان هەزار دۆنم لە لەوەڕگە، پاوان و ڕووبەری سەوزایی لە سنوورەکانی باشووری کوردستان سووتێنراون و خاپوور کراون.
• ڕۆژانە بە بەرچاوی خەڵکەوە کاروانی نێوان ١٥ بۆ ٣٠ بارهەڵگری گەورە (لۆری)ی پڕ لە درەختى باشوور بەرەو شارۆچکەکانی باکووری کوردستان لە (قڵابان، سلۆپی، جزیری بۆتان و شرناخ) دەگوازرێنەوە.
• ئەم دارە دزراوانە لە کوورە گەورەکاندا دەکرێنە خەڵووزی بازرگانی، یان قەدە ئەستوورەکانیان بۆ کارگەکانی مۆبیلیاتی شارەکانی وەک قەیسەری، مێرسین و دیلۆک (غازی عەنتاب) دەنێردرێن، بەشێکیشیان لە ڕێگەی مەزاد و تەندەری فەرمیی دەستەی دارستانی تورکیاوە ساغ دەکرێنەوە بۆ دابینکردنی خەرجیی هێرشە سەربازییەکان و سووتەمەنیی زستانەی بنکەکانیان.
ئێمە لە کۆمیسیۆنی ژینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، بە توندترین شێوە ئەم تاوانە ژینگەییە شەرمەزار و ئیدانە دەکەین. ئەمە تەنیا لەناوبردنی سروشت نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیاسەتی زەوی سووتاو و تاوانی جەنگە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا و نەهێشتنی ژینگەی ژیان لەسەر خاکی کوردستان.
بانگەواز و داواکارییەکانمان:
1. بۆ پەرلەمانی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران): داوا دەکەین و پێویستە پەرلەمان لیژنەیەکی تایبەت و بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە تاڵانکردنی دارستانەکانی بادینان پێکبهێنێت، و حکومەتی فیدراڵ ناچار بکات لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سکاڵای فەرمی دژی دەوڵەتی تورکیا تۆمار بکات، تاوەکو قەرەبووی ئەم تاوانە ژینگەییە بکاتەوە و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە دابنرێت.
2. بۆ گەلی باشووری کوردستان: دارستان و شاخەکانی کوردستان موڵکی نەوەکانی داهاتوون. داوا دەکەین بە هەموو شێوازێکی مەدەنی و جەماوەری دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە، بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕەتبکەنەوە و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کاروانی بارهەڵگرەکانی داربڕین بکەن.
3. بۆ گەلی باکووری کوردستان: داوا لە خەڵکی وڵاتپارێزی باکوور، بەتایبەت لە شرناخ، جەزیرە و جۆلەمێرگ دەکەین، بایکۆتی کڕین و بازرگانیکردن بەو دار و خەڵووزانە بکەن کە لە باشوورەوە دەدزرێن، ڕێگە مەدەن دارستانی بەشێکی تری نیشتمان بکرێتە قوربانی چاوچنۆکیی چەکداران و کۆمپانیا تاڵانکەرەکان.
4. بۆ ڕێکخراوە ژینگەییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی (ناوخۆیی و جیهانی): داوا دەکەین دۆسیەی ئەم ژینگەکوژییە ببەنە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە
5. یەکگرتووەکان .(UNEP)پێویستە ئەو کۆمپانیایانەی دەستیان لەم تاڵانییەدا هەیە بخرێنە لیستی ڕەشەوە و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا دادگایی بکرێن.
6. بۆ میدیا و ڕۆژنامەنووسانی ئازاد: داوا دەکەین ئەم تاوانە ژینگەییە بکەنە پرسى ڕۆژ، بە زمانی جۆراوجۆر ڕەهەندەکانی ئەم ژینگەکوژییە، بەڵگە ڤیدیۆییەکان و ناوی کۆمپانیا بەشدارەکان بڵاو بکەنەوە تا دەنگی سروشتی بێدەنگی کوردستان بگاتە تەواوی مرۆڤایەتی.
کۆمیسیۆنی ژینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)
١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦)





