بەیاننامە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان 

Share this article

بەیاننامە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

بە هۆکاری کوشتنی سەربازەکەی لیوای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، سیپان حسۆ، و بڵاوکردنەوەی وێنەی کوشتنی دڕندانە لەلایەن بکوژانەوە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، شۆک و توڕەیییەکی بەرفراوانی لەناو گەلەکەماندا بەدوای خۆیدا هێنا. بەو هۆیەوە لە چەند شار و ناوچە لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندانی گشتی بەڕێوەچوو. بەشداربووانی ئەو خۆپیشاندانانە، ئەو ڕووداوە دڕندانەیەیان شەرمەزار کرد و داوای دادپەروەری و لێپرسینەوەیان لە بەرپرسان کرد.

لە چوارچێوەی ئەم ڕووداوەدا لە شاری کۆبانێ هێزە ئەمنییەکان سەر بە حکومەت کاتی دیمەشق و گروپە چەکدارەکان سەر بە تورکیا بەدوای ژمارەیەک خۆپیشاندەردا کەوتن و دەستگیریان کرد و هەوڵیاندا بیانبەنە زیندانی حەلەب. پاشان ڕووداوی ناو زیندانی کۆبانێ و دەوروبەری قەومی کە لە ئەنجامدا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٨ کەسی دیکەش برینداربوون کە هەندێکیان باری تەندروستییان سەختە، ئەم ڕووداوانە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە.

ئەم دۆخە پێویستی بە ڕاگرتنی دەستبەجێ و لێپرسینەوەیەکی جددی هەیە، هەروەها داوا دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و سەربەخۆ و بێلایەنانە، بۆ ئەوەی ڕاستی ڕووداوەکان دەربکەوێت و بەرپرسیارێتی ڕووداوەکە دیاری بکرێت و هەموو ئەوانەی پشتڕاستکراونەتەوە کە بەشدارییان لەم ڕووداوەدا کردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکان دەخوازین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی شەهیدان، و کەسوکار و گەلەکەمان دەکەین.

هاوکات داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە دان بە خۆیان بگرن و بە بەرزترین ئاستی وریایی و بەرپرسیارێتی هەڵسوکەوت بکەن، بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، ڕێگە نەدەن توڕەیی بەرەو ئاژاوە و ماڵوێرانی یان ململانێ ناوخۆیی لێبکەوێتەوە. دەربڕینی ناڕەزایەتی مافێکی ڕەوایە، بەڵام ئاژاوە چارەسەر نییە. پاراستنی مرۆڤ و موڵک و ماڵی خەڵک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.

هەروەها داوا لە هەموو دەزگا پەیوەندیدارە حکومی و ئەمنییەکان دەکەین کە بە تەواوی بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ و خۆیان لە ئیستفزازی و بەکارهێنانی هێز بەدوور بگرن و بە ڕوحی بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لەگەڵ خەڵکی هەرێمەکە پەیوەست بن و کەناڵی دیالۆگی جددی بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی گرژی و دوورکەوتنەوە لە هەڵکشانی گرژی و سەپاندنی دۆخی ئێستا بکەنەوە.

داوا لە پیاوماقوڵان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و حیزبە کوردییەکان و بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن، بەشداری بکەن لە هێورکردنەوە و ڕێنماییکردن و کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.

لە ئێستادا لە قۆناغێکی هەستیارداین کە پێویستە هەمووان بە زمانی عەقڵ و تێگەیشتن قسە بکەن. دووربکەونەوە لە ئیستفزازی و کاردانەوەی بەپەلە و کەوتنە ناو ئاژاوە و توندوتیژی، هەروەها ڕێگری بکەن لە هەر کەسێک کە بیەوێت دۆخی توڕەیی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگا بەکاربهێنێت.

بۆیە داواکاریی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستی و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بەرپرسیارێتی لە تاوان و سەرپێچیەکان پشتڕاست بکرێتەوە.

داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئارام بن ودان بەخۆیان بگرن و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزن و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن و بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی هەموو شتێکەوە بەرەوپێش ببەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە

برۆکسل 13.09.2026

بەڵێ بۆ پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژاوای کوردستان
بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان