1 ئایار رۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆز بێت 

Share this article

1 ئایار

رۆژی کرێکارانی جیهان پیرۆز بێت

کرێکاران و رەنجدەران بە تێکۆشان و خۆڕاگریی خۆیان، بە ئارەقەی نێوچەوان و رەنجی خۆیان 1 ی گوڵانیان کردە رۆژی یەکێتیی تێکۆشان و هاوپشتیی کرێکارانی جیهان. ئەم رۆژە لە ئێستادا لە سەانسەری دنیادا وەک رۆژێکی تایبەت و واتادار پیرۆز دەکرێت. رۆژی یەکی گوڵان لە سەرجەم کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان و دنیا پیرۆز بێت.

رۆژی یەکی گوڵان جەژنی هەموو خەڵکی کوردستانە. کوردستانیان سەدان ساڵە لە پێناو ئازادی و رزگاری و ژیانێکی ئاسوودە و سەرفراز تێدەکۆشن. ئەم تێکۆشانە خۆی رەنجێکی کەورە و بەهادارە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان کرێکار و رەنجدەری ئازادی و رزگارین. هەر بۆیە کوردستانیان پێکەوە و بە شانازیەوە ئەم رۆژە پیرۆز دەکەن و بە جەژنی خۆیان دەزانن.

ئەم جەژنە لە تەواوی خەڵک و گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانان، لە هەموو خەباتکارانی دۆزی ئازادی و رزگاری کوردستان پیرۆز بێت.

رژێمە سەرکوتکەرەکان، هەمیشە یادی ئەم رۆژەیان قەدەغە کردووە. هەزاران لەمپەر و بەربەستیان خستۆتە بەردەم کرێکار و رەنجدەران، تا ئەم رۆژە وەک جەژن پیرۆز نەکەن. بەڵام خەڵکی بێ سلەمینەوە، بەردەوام درێژەیان بەخەبات و تێکۆشان و رەنجی خۆیان داوە و لە ناو خەباتدا ئەم رۆژەیان کردۆتە حەقیقەت و ساڵانە پیرۆزیان کردووە. گەلی کوردیش هەر لە سەرەتاکانی بوونی ئەم رۆژە بە رۆژی کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک جەژنی خۆی قەبوڵی کردووە و بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە ئاهەنگی گێڕاوە.

ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیاواز ئاهەنگی 1ی ئایار دەگێڕین. ماوەی ساڵ و نیوێکە لە باکوری کوردستان پرۆسەی دیالۆگ بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا شاندەکان کە شاندی پەرلەمانی تورکیاشی لەگەڵدایە، چەندین جار سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کردووەو لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەتەوە. شاندی دەوڵەتیش لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە دانوستاندایە. بانگەواز و لێدوانی زۆر کراوە و دراوە، پێڤاژۆ گەیشتۆتە قۆناغی یاسایی. بەڵام لەگەڵ ئەوەش تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەنراوە. چاسەرکردنی پرسی کورد لە باکوری کوردستان دەرگای چارەسەرییەکی گشتیی بۆ پرسی کورد دەکاتەوە. پێویستە هەموومان هەوڵبدەین ئەم دیالۆگە بگەینینە قۆناغی چارەسەریی.

لە لایەکی ترەوە کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی هەستیار و ناسکدا تێدەپەڕن. گرژیی نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە. ئێران بە گشتی بەرەو گۆڕان هەنگاو دەنێت. ئه م دۆخه کاریگەڕی زۆری له سه ڕ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هه یه. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی نوێ هەیە و ئەم بەشە خەریکە دەبێتە ئەجێندای سەرەکیی.

هه ڕوه ها بارودۆخێکی نادیار و مه ترسیدار له ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. لە سەرەتای ئەمساڵدا، هێرشی گەورە کرایە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەرچەند لە ئێستادا ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق کراوە، بەڵام دۆخێکی نادیار لە سەرتاسەری سوریادا لە ئارادایە. ئەو ڕێککەوتنەی لە 2026.01.29 لە نێوان حکومەتی دیمەشق و بەڕێوەبەرێتی خۆسەردا کراوە، فەرمییەتێکی هەیە، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە. جگە لەوەش خاڵی ناڕوون لەسەر هەندێ بابەت هەیە و هێشتا دیار نییە لە ئەنجامی دانوستانەکاندا ئەو خاڵانە چۆن یەکلایی دەبنەوە.

ماوەی ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشووری کوردستان بەڕێوەچووە. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوە و حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە و سەرۆکی هەرێم هەڵنەبژێردراوە. کێشەی ناوچەکانی مادەی 140 وەک پێشتر بەردەوامە. گەلەکەمان لەو ناوچانەدا لەژێر گوشاردان و پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە بەردەوامن. شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر عێراقیشی گرتؤتەوە و کاریگەریی لەسەر دۆخی ىاشووریش داناوە. جگە لەوەش لە سەرەتای شەڕەوە ناوبەناو هێرش دەکرێتە سەر باشووری کوردستان.

لە ئێستادا پیلانی دژ بە گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستاندا بەردەوامە. پڕۆژەکانی نەیاران زۆرن و هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدان. پێویستە هەموو حیزب و ڕێکخراو و هێزە کوردییەکان ئەو ڕاستییە ببینن و بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان یەکڕیزیی خۆیان پتەوتر بکەن و بە یەک دەنگ لە دژی ئەو پیلانانە پێکەوە بوەستن.کوردستانیان یەکدەنگی و یەکێتیی خۆیان پتەوتر بکەن و لەیەک سەنگەردا دژ بەو پیلانانە بووەستنەوە و پوچەڵیان بکەنەوە.

پێویستە هەموو هێز و لایەنەکانی کوردستان لەدژی هێرش و پیلانی داگیرکەران بە هەڵوێست بن. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین بە هەمان جۆش و خرۆشی جەژنی نەورۆز، لە هەموو شوێنێک بەشداریی لە ئاهەنگەکانی 1ی ئایاردا بکەن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە رۆژی 1ی ئایار لە هەموو خەڵکی کوردستان و دنیا پیرۆز دەکات.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

2026.05.01 برۆکسڵ

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پێویستە کۆمەڵکوژیی ١٩١٥ کە دەوەڵەتی عوسمانی ئەنجامیدا، وەک جینۆساید بناسرێت