سەبارەت بە کارەساتی کۆچبەرانی کورد لە ولاتی لیبیا و پێویستی هەنگاوی نێودەوڵەتی

Share this article

بەیاننامەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

سەبارەت بە کارەساتی کۆچبەرانی کورد لە ولاتی لیبیا و پێویستی هەنگاوی نێودەوڵەتی

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری ئەو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوانە دەکات کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن میدیاکانی نێودەوڵەتی بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، داوای پارە و پێشێلکردنی مافی سەدان گەنجی کورد لە وڵاتی لیبیا ئەنجامدراون.

ئەو ڕاپۆرتانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە کۆچبەرانی کورد لە دەستی تۆڕەکانی قاچاخی مرۆڤ و گرووپە تاوانبارەکاندا کەوتوون و تووشی پێشێلکاریی جۆراوجۆری مافی مرۆڤ بوون. ئەگەر ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەربەخۆ و نێودەوڵەتییەکان ئەم تۆمەتانە پشتڕاست بکەنەوە، پێویستە هەموو ئەو کەسانە و تۆڕە تاوانبارانەی لە خولقاندنی ئەم کارەساتە نامرۆییەدا دەستیان هەبووە، بخرێنە بەردەم دادگا و دامەزراوە دادپەروەرە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆیان هەڵبگرن.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەنەکە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیساریای باڵای پەنابەران (UNHCR)، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەورووپا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، سەربەخۆ و شەفاف لەسەر ئەم کارەساتە ئەنجام بدەن و هەموو ئەو کەسانەی لەو تاوانانەدا دەستیان هەیە بخەنە بەردەم دادپەروەری.

هەروەها داوا دەکەین؛ دەوڵەتی لیبیا، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیاریی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیاریی باڵای پەنابەران (UNHCR) و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) پلانی تایبەت و خێرا بۆ ڕزگارکردن، پاراستن و گەڕاندنەوەی ئەو کوردانە دابنێن کە لە وڵاتی لیبیا و ناوچەکانی دیکەی ڕێگای کۆچدا گیریان خواردووە، و ماف و کرامەتی مرۆییان بپارێزرێت.

لە هەمان کاتدا، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کەنەکە بانگەوازی خۆی ئاراستەی گەنجانی کوردستان دەکات. کە ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو هۆکارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەین کە زۆرێک لە گەنجان هان دەدەن بەدوای داهاتوویەکی باشتر  و ژیانێکی ئاسوودە بگەڕێن. بەڵام ئەو کارەساتانەی لە لیبیا و لە ڕێگا مەترسیدارەکانی کۆچ ڕوویان داوە، دووبارە پیشانیان دا کە تۆڕەکانی قاچاخی مرۆڤ و تاوانی ڕێکخراو ژیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە و هیچ ڕێزێک بۆ کەرامەت ، ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دانانێن.

ئێمە داوا لە گەنجانی کوردستان دەکەین پێش هەڵبژاردنی ڕێگای کۆچی نایاسایی و خستنە مەترسیی ژیانیان، هەموو هەل و ڕێگا یاسایییەکان بپشکننەوە و بە توانا لە پرۆسەی چاکسازی، دیموکراتیزەکردن و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ کۆمەڵگاکەیان بەشدار بن. هەروەها داوا لە حکومەت و هەموو لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەکەین هۆکارەکانی کۆچی ناچار چارەسەر بکەن و مەرجێک دابین بکەن کە گەنجان بتوانن لە وڵاتەکەی خۆیاندا بە کەرامەت و سەرفرازانە و ئاسایش و هیواوە بژین.

ژیانی مرۆڤ کاڵا و کەرەستەیەک نییە. بەڵکو کەرامەت و مافی مرۆڤ و پاراستنی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

 

١٤ حوزەیرانی ٢٠٢٦

ئەنجامنامەی 24ەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان