بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە
22 نیسان وەک رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیی لە مێژووی ئێمەدا چرایەکی هەمیشە پرشنگدارە. یەکەم رۆژنامەی کوردیزمان رۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 بە ئەرک و رەنجی میقداد مەدحەد بەدرخان و هاوکارەکانی بە ناوی کوردستانەوە دەرچوو.
ئێمە لە کۆمیتەی راگەیاندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەو بۆنە نەتەوەییەوە پیرۆزبایی لە هەموو رۆژنامەوانانی راستگۆ و بوێری کوردستان دەکەین.
رۆژنامەوانی و میدیاکاریی نەک هەر پیشەیەکی گرنگە، بەڵکو ئەرکێکی سەخت و فرە رەهەندیشە. لە سەدەی نۆزدەوە دەستەواژەی دەسەڵاتی چوارەم لە کۆمەڵگەی مۆدێرنا بەکاردێت. دەسەڵاتێک کە فەرمیەتی دەستووریی و بڕیاردانی وەک دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادوەری نییە، بەڵام دەسەڵاتێکی مەعنەوی بەهێز کە شانبەشانی دەسەڵاتەکانی تر، کۆمەڵگە ئاڕاستە ئەکات. میدیا، ئەو پانتاییەی کە کار لەسەر رەهەندە فەرامۆشکراوەکان، قوژبنە تاریکەکانی دەسەڵاتەکانی تر، دەنگە نەبیستراوەکانی خەڵک، ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی ناخی کۆمەڵگە، ئاسایشی نەتەوەیی، کایە مەعریفی وهونەری و زانستیەکان، گەیاندنی ڕای دەسەلات و دەوڵەت و هەمانکات ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بەرامبەر دەوڵەتداری و سیاسەتی بەڕێوەبردن و پەیوەندییە جۆراوجۆرەکان و دیپلۆماسی و بوارەکانی تر.. ئەکات.
ئەگەر ئەم ئەرک و پیشەیە بۆ گەلانی تر بەو شێوەیە گرنگ بێت، ئەوا بۆ گەلی کورد چەندین جار بە بایەخترە. لەو کاتەوەی کە یەکەم رۆژنامەی کوردی دەرچووە و بڵاو بۆتەوە، تا ئەم چرکە ساتە گەل و نیشتمانەکەی ئێمە سەرباری ئەوەی کە دابەشکراو و ژێردەستەیە، رووبەڕووی هێرش و پەلاماری تواندنەوەو کۆمەڵکوژییش بۆتەوە. ئەو دۆخە تا ئێستاش بە شێوازی جیاواز هەر بەردەوامە. بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە گەل و نیشتمانەکەمان لە هەرێمێکی پڕ لە قەیران و ئاڵۆزیی و شەڕێکی بەرفرواندایە کە زۆر جار بە شەڕی سێیەمی جیانیی پێناسە دەکرێت. هەربۆیە ئەرکی رۆژنامەوانی کورد زیاتر و سەختتریشە. لە لایەکەوە هەڵماڵینی پەردە لەسەر راستییەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەشەوە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی. هەردوو ئەو ئەرکانە تەواوکەری یەکترن. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رەنج و ماندووبوونی رۆژنامەوانان و هەموو میدیاکاران بەرز و بەنرخ ئەبینین. هەوڵ و تێکۆشانی رۆژنامەوانان لە دەستوەردان لە سنوورە سوورەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگە، هەروەها خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوان بۆ یەکڕیزی و تەبایی هێز و دینامیکە چالاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی جێگەی ڕێز و پێزانینە.
لێرەوە سڵاو گەرم بۆ هەموو ئەو رۆژنامەوانانە ئەنێرین کە لە کۆڕی خەباتی کۆمەڵگایی و نەتەوەییدا راستگۆ و پیشەیی کارەکانیان ئەکەن و شەونخۆنی ئەکێشن. هەمانکات سەری رێز بۆ هەموو ئەو رۆژنامەوانان دادەوێنین کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکانیاندا. لە شار و شاخ و کووچەو کۆڵانەکانی کوردستاندا تەنیا لەبەر وتنی راستییەکان شەهید کران. هەروەها سڵاوی گەرممان بۆ هەموو ئەو رۆژنامەوانە جەربەزانە ئەنێرین کە کونجی زیندانەکان چۆکی پێدانەدان و سەربەرزانە بەرگرییان لە بەهاکانی رۆژنامەوانیی کرد. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەمیشە پەناو پشتگیری دەنگ و رەنگی میدیاو میدیاکارە راستگۆ و نەتەوەیی و نیشتمانییەکانین.
جارێکی دیکە پیرۆز و شکۆداربێت رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی.
کۆمیتەی راگەیاندنی کۆنگرەی نەتوەیی کوردستان
2026.04.22 برۆکسل






