لەسەر پێویستیی دەستبەجێی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

Share this article

 

لەسەر پێویستیی دەستبەجێی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان

کوردستانیانی ئازیز، هاونیشتمانیانی بەڕێز

هەرێمی کوردستان لەئێستادا بەرەو قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزی دەڕوات؛ بەردەوامیی ناکۆکییە سیاسییەکان و قووڵبوونەوەی درزی نێوان دامەزراوە حوکمڕانییەکان، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کارگەری لەسەر ئارامی، پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و ژیانی خەڵکی کوردستان دروستکردووە. ئەم دۆخە نەخوازراوە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان دەخاتە بەردەم مەترسیی ڕاستەقینەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە وەک چەترێکی نیشتمانی و کۆکەرەوە، بەردەوام کاریکردووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ و سازان تەنها ئامرازی چارەسەری ناکۆکییەکان بێت. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە کە بەرژەوەندیی باڵای خاک و خەڵک لوتکەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییە و پێویستە لەسەرووی هەموو ڕوانینێکی حزبی یان بەرتەسکەوە بێت.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، کەنەکە لە ڕێگەی شاندی فەرمییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلولدا، جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتێکی بەهێز کردەوە. لە کۆبوونەوەکاندا مەترسییە درێژخایەنەکانی بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی شیکرانەوە و ئامادەیی تەواوی کەنەکەش بۆ کارکردن و نێوەندگیری لە پێناو سەقامگیریدا خستەڕوو.

لەم سۆنگەیەوە و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسودەیی ڕۆحی شەهیدان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داواکارە لە:

1. سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها تەواوی هێزە سیاسییەکان کە بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە بەزووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆیەکی گشتگیر بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی.

2. سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کە گرنگە کۆمەڵانی خەڵکی کوردساتن و ڕێکخراوە مەدەنی و دڵسۆزانی گەل هەوڵەکانیان کۆبکەنەوە بۆ دامەزراندنی حوکمڕانییەکی ڕەشید، سەروەریی یاسا، بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان وەک ئامانجی سەرەکیی قۆناغەکە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە هەنگاونان بەرەو یەکڕیزی تەنها ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان و مسۆگەركردنی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلەکەمان.

سەرکەوێت خەباتی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی

نەمر و سەربەرزبن شەهیدانی ڕێگای ئازادی

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

 

–

 

پەیامێک لە ژنانی کوردەوە بۆ ڕژێمی ئێران: هەڕەشە و گوشار ناتوانن ژنانی کورد ڕابگرن
پەیامێک لە ژنانی کوردەوە بۆ ڕژێمی ئێران: هەڕەشە و گوشار ناتوانن ژنانی کورد ڕابگرن