دژ بە هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆلبەران کوشتنی کۆڵبەران سیاسەتی دوژمنایەتی گەلی کوردە!

Share this article

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا  هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەلات و باشووری کوردستان زیادی کردووە و چەندین کوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش داخداری عەزیزانیان بوون.

 کۆڵبەری ئەو پیشە مەترسیدار و تاقەتپڕۆکێنەیە، کە بە هەزاران کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچاری و بەهۆی نەبوونی هەلی کار و کەمتەرخەمی کاربەدستانی ڕژیمەوە رووی تێدەکەن و ساڵانە بەسەدان کۆڵبەر لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەبنە قوربانی. 

سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات لە لایەکەوە کۆمەڵگای کوردستان پەراوێز بخات و برسی بهێڵێتەوە  و لەلایەکی دیکەشەوە لە چوار چێوەی سیاسەتی قڕ کردنی خۆیدا بە شێوەی سیستماتیک و بەردەوام راستەخۆ ئەو کۆڵبەرانە دەکاتە ئامانج کە لەپێناو دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکەیاندا ناچارن رووبکەنە ئەو کارە پڕمەترسییە.

بەپشت بەستن بە ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٤٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان قوربانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمن و تەنیا لە ماوەی ٧٠ رۆژدا ١٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەم کارە دڕندانە و دژە مرۆڤانەی هێزەکانی ڕژیم رووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگایی کردن نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی ڕژیم تەقەی راستەوخۆ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کاسبکار و ئەو کۆڵبەرە بێ چەکانە کە هیچ مەترسییەکیان بۆسەر ئەو هێزانە نییە و تەنیا دەیانەوێت بژیوی ژیانیان دابین بکەن نایاساییە، بەڵام هێزەکانی ڕژیم وەک ئەوەی چووبێتنە ڕاو و بە ئەنقەست و راستەوخۆ گولەبارانیان دەکەن.

‎بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنە زۆرانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆلبەران دابووی، حکومەتی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی بەرامبەر کۆڵبەران لە ڕادەبەدەر زیاد کردووە. هیچ پاساوێك بۆ ئەم هێرش و پەلامارانە بۆ سەر گیان و ژیان خەڵکی وەزاڵە هاتوو لە سیاسەت و کەمتەر خەمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و تەنیا هۆکاری ئەم هێرشە و کوشتنانە، سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە دژی خەڵکی کوردستان.

 وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەو هێرشە دڕندانەی رژیم ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و داوا لە حكومەتی ئێران دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیان و ژیانی خەڵکی بەجێ بهێنێت، هەروەها  پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە

٣٠-٠٥-٢٠٢٤

کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە ئامەد و ماردین ڕووداوێکی بەڕیکەوت نییە!
ساڵوەگەڕو ئەرەمەرزناو کەنەکەی ئۆسلۆنە لوواڕاوە