ئەمڕۆ 14ی 4ی 2024 لەناو یادکردنەوەی گەورەترین جینۆسایدو سڕینەوەی دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەمداین، کاتێک کە 36 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1988 ڕژێمی بەعسی سەدامیی لەپەلامارو شاڵاوێکی دڕندانەدا سەرتاسەری باشوری کوردستانی خستە چوارچێوەی لەناودانێکی مەترسیدارەوە، لەو شاڵاوە دڕندانەیەداو لەهەشت قۆناغدا پرۆسەی سڕینەوەی
گەلی کوردستان بردە قۆناغێکی ترەوەو ناوی لێنا ئەنفال.
دوای سی و شەش ساڵ لەو دیرۆکە تاریکە، هێشتا هەزاران ئێسک و پروسکی قوربانیان لەبیابانەکانی عێراق لەژێر لمدایەو نەگێڕدراونەتەوە بۆ کوردستان، هێشتا قەرەبووی پێویست و ئاکاریانەی کەسوکاری قوربانییەکان نەکراوە و نەتوانراوە وەک پێویست دادوەری گوێزەرەوە جێبەجێ بکرێت و لانیکەم ژیانی شایستە بەبەر گوندەکاندا بکرێتەوە.
لەم یادە غەمناکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەئەرکی خۆی دەزانێت بەشداری ئەو کۆستە گشتیە بێت و داوا لەهەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمیش بکات کە ڕۆژی 14ی 4 وەک ڕۆژی ماتەمی گشتی ڕابگەیەنن و بەپشوی فەڕمی لەو ڕۆژەدا ئەو بۆنەیە بەرز ڕابگرن. هەروەها لە هەموو ئەوشوێنانەی کە قوربانیەکان کۆکراونەتەوە و ستەمیان بەرانبەر کراوە مۆنێمنتی شایستە بکرێت بۆ نمونە لەتۆپزاوە، نوگرەسەلمان و شوێنگەلی دیکە.
کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان هیواخوازە ئەم یادە ببێتە بنچینەی یەکبوونی کوردان دژی ستەم و جینۆساید و لەوڵاتانی دەرەوەش داوابکرێت، کە ئەنفال وەک جینۆساید بناسێنرێت، بۆ ئەوەش کاری لێبڕاوانە و دەستەکۆیی بکرێت.
ڕۆحی قوربانییەکان شادبێت
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2024.04.14