چلەمین ساڵوەگەڕی 15ی ئاب پیرۆزبێت

Share this article

ساڵی 1984، ڕۆژی 15ی ئاب. کوردستان و تورکیا لە لایەن دەسەلاتدارانی کۆدێتاچی و  فاشیستی 12ی ئەیلولی 1980ەوە بەڕیوەدەچوو. زەبروزەنگێکی بێبەزەییانە و ئەشکەنجەیەکی دڕندانە، ژیانی لە خەڵک هەراسان کردبوو. زیندانەکان پڕ بوون لە ئازادیخوازان. حوکمڕانیی فاشیست خۆڵ و تۆزی مەرگیان بەسەر خەڵکدا دەڕشاند. ترسی گرتن و مردن حوکمی دەکرد. لەو هەلومەرجە سەختانەدا گەلی کورد و سەرکردەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان تەسلیمی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک نەبوون و سەریان دانەنەواند. و بەرخۆدانێکی بەهێزیان گەشەپێدا. لە زیندانەکانەوە تا هەموو کایەکانی ژیان، خەباتێکی خۆنەویستانە ڕێکخرا. بەڵێ باجی گەورە درا، بەڵام لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەت ئاڵای ئازادیش هەڵکرا.

لەو کەش و هەوا سەختەدا خەبات و بەرخۆدانێکی ئازایانە پیشاندرا و لەگەڵ تەقینەوەی گلەکە لە 15ی ئابی 1984دا جارێکی دیکە بانگەوازی ئازادی و ڕزگاری کورد و کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا و جیهان ڕاگەیەندرا. لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا، ئەمجارە دھێ (ئەروح) و شەمزینان، بوونە گۆڕەپانی دەستپێکی خەباتی چەکداریی ڕەوای کوردستان. بەو هەوڵە پریشکی شۆڕشی کوردستان بوو بە ئاگرێکی سووتێنەر لە وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگیدی ئەگیدان لە گەڵ کۆمەڵێک ئازادیخوازن دەستیان پێکرد و ئەمڕۆش بوونەتە هێزێکی گەورەی گەریلا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە خەبات و بەرخۆدانی دۆزی کوردستاندا، ئەم هەنگاوە بۆ خۆی قەڵەمباز و سەرکەوتنێکی گەورەیە.

لە چلەمین ساڵیادی 15ی ئابدا دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوازێک درێژە بە دەستدرێژیی خۆی دەدات. دەوڵەتی تورک لەگەڵ خۆڕاگری و تێکۆشانی ئازادیخوازان و گەلی کورد و هەموو کوردستانیان کەوتۆتە ململانێیەکی قووڵەوە. بە توڕەیی و ڕق و کینەیەوە، شەڕ و شەڕانگێزی زیاتر و زیاتر دەکات. لەم کردەوەی دژ بە مرۆڤایەتیدا هەموو چەکێک بۆ لەناوبردنی ژیان بەکاردەهێنێت. لە ئاسمان و زەویەوە بۆمبی کیمیایی و ژەهر بەسەر گەل و شەڕڤانانمان دەبارێنێت. جگە لە ژیانی مرۆڤ، سروشت و ژینگەی کوردستانیش کراوە بە دۆزەخ. لە دەرسیمەوە تا هەکاری، لە قارسەوە تا مەرەش، هیچ شاخ و دۆڵێک بە نەماوە بۆمباران نەکرابێت.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک تەنیا لە باکوور نییە، لە ڕۆژاڤا و باشووریش بەردەوامە. لە هەردوو ئەم بەشەدا هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکان و داگیریان دەکات. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم داگیرکارییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ڕۆژئاوا و باشوور پەرەی سەندووە. ماوەی پێنج ساڵە بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی خاکورک،  هەفتانین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین و چەکی قەدەغەکراو (کیمیایی، فسفۆر، تاکتیکی ئەتۆمی) بە بێ سنوور بەکاردەهێنێت. لەم ناوچانە و لە سەرتاسەری کوردستان گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە ڕۆحی 15ی ئاب بەرخۆدانێکی بەهێز و بێهاوتای بەڕێوە دەبەن.

ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو. دەیەوێت بەرخۆدانی گەلی کورد، خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی کوردستان سەرکوت بکات. سیستەمی دادپەروەری و دادگا بۆتە زنجیرێکی کۆیلایەتی و دیلکردنی خەباتکارانی کوردستان. زیندانەکان پڕ بوون لە چالاکانی کوردستان. توندوتیژی و ئەشکەنجەدان لەلایەن پۆلیس و سەربازەکانەوە بۆتە بەشێکی ڕۆتینی ژیان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. چی هەیە بەناوی کولتووری کوردی و کوردییەوە کەوتۆتە ژێر هەڕەشەوە. هێرش دەکاتە سەر زەماوەند و سەما، گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەنی کورد دەستبەسەر دەکات، کەلتوور و مۆسیقای کوردی قەدەغە دەکات.

بەڵام ئەم جوڵە و کردارانە، هەموو ئەم هەوڵانە بێهودە و بێ سوودن. کورد، کوردستانی، بە ڕۆحی هەنگاوی 15ی ئاب، لە بەرخۆدان و خەباتێکی بەهێزدان. دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانیی شەڕخواز و شەڕانگێزی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن لە لێواری شکستدایە. سەرکەوتن هی خەڵکی کوردستانە.

لە لایەکی دیکەوە، تەلارسازەکەی 15ی ئاب کاک عەبدوڵڵا ئۆجالان، 26 ساڵە لە زیندانی ئیمیرالی لە ژێر گوشار و گۆشەگیریی تونددایە. ماوەی 40 مانگە هیچ زانیارییەک نە لە خۆی و نە لە هاوڕێکانیەوە نەگەیشتۆتە دەرەوە. ئەم دۆخە مەترسیدار و قبوڵنەکراوە پێویستە هەموو کورد و دۆستانی کورد لە کار و چالاکیی دژی ئەم دۆخە بەردەوام بن. بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە جێگەی خۆمان لە کەمپەینی “ئازادی بۆ بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجالان – چارەسەری کێشەی کورد” دەگرین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بکەن.

بەم بیروبۆچوونەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی چلەمین ساڵوەگەڕی 15ی ئاب لە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین، بە ڕێز و شکۆوە شەهیدانی شۆڕش بەبیر دێنینەوە، سەری رێز لەبەردەم یادەوەریی ئەو شەهیدانە و هەموو ئەوانەش کە لە ژیاندا ماون و ئەم هەنگاوە مێژووییەیان نا، دادەنەوێنین و گەرمترین سڵاویان بۆ دەنێرین، هەموومان قەرزاری ئەوانین و رێبواری رێگاکەیانین. جگە لەوەش سڵاو لە درێژەپێدەرانی رێگای عەگید و هەموو ئەو قارەمانانەی  کە لە ئێستادا لە هەرێمی پاراستنی میدیا بەرەنگاری دەکەن و لە سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

2024.08.15 برۆکسل

شەهیدکردنی رۆژنامەوانان دەنگی ئازادیی گەلەکەمان کپ ناکات
بۆ بەڕێز سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان