لە دەهەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی شەنگاڵدا

Share this article

هەموو هێرشێک بۆ سەر شەنگال ئیدانە دەکەین و هەموو پیلانێکی دژ بە ئیرادەی خەڵکی شەنگال ڕەتدەکەینەوە!

رۆژێکی رەش، تاریک و خەمناک. رۆژی 3ی ئاب ئەو رۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا. فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا. شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کوردو کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شەنگاڵەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.

شەنگاڵ واری خەڵکی ئێزدی بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیاو ئێران، تەنانەت دەسەلاتدارانی بەغدا و رژێمی سوریاش، بەو هێرشەی داعش رازی بوون. لە راستیدا داعش نوێنەرایەتی بیرو هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات. بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوورو رۆژاوای کوردستان. بەو مەبەستەی جارێکی تر دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن. هەمانکات بیروباوەڕی ئێزدێتی بنەبڕ بکەن. هەر لەبەر ئەوەش فەرمانی کوشتوبڕی ئێزدیەکانیان دا.

لەم پەلامارەدا داعش شەنگاڵی داگیرکردو شارۆچکەو گوندەکانی گەمارۆدا و دەستی بە کوشتاری ئێزدیەکان کرد. پیاوەکانی هەموو کوشتن و ژنەکانیشی بەدیل بردنە دنیا تاریکەکەی خۆیانەوە. بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدییان بردە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و بێسنوور دەستدرێژیان کردە سەریان. ئەوانەی دەرفەرتیشیان هەبوو بە هەر سەختییەک بێت خۆیان گەیاندە ناوچەکانی تری کوردستان. چیای شەنگاڵ وەک هەمیشە بڵندیی خۆی نواند و بوو بە پەناگەی خەڵکی ئێزدی. ئەم پەلامار و کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئیزدیەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدیەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت. خەڵکی کوردستان لە بواری مەدەنی و سەربازییەوە کەوتنە خۆیان. لە لایەکەوە دژی داعش شەڕیان ئەکرد و لە لایەکی دیشەوە هاوکاری و پێویستییان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان دابین ئەکرد. جیهانی مرۆڤدۆستیش لەو بارەیەوە چاالاک بوو. لە رووی سەربازی و هاوکاریی مرۆییەوە پشتگیریی کوردانیان کرد. هێزە نەتەوەییە کوردستانیەکانیان بۆ پاراستنی ئێزدیەکان بەرخۆدانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد. لە ئەنجامدا بە هاوکاریی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش تێکشکا، شەنگاڵ و زۆر دەڤەری تر رزگار کران.

ئەگەرچی ئێستا شەنگاڵ لە داعش پاک کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر ئێزدی گەڕاونەوە سەر خاکی داپیر و باپیارانیان، بەڵام هێشتا برینەکانی تاوانی 3ی ئابی 2014 ساڕێژ نەبوون. و لە رۆحی ئەواندا بەردەوامن. ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێزدی کە بە دیل گیرابوون، تا ئێستاش بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. لەبەر ئەو کارەساتە خەمناکەش، ژنی ئێزدی بوون بە سیمبوڵی خەبات و تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و توندڕەوی ئیسلامی. هەر بۆیە پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام بە هەموو گرانایی خۆیەوە لە رۆژەڤدا بێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێزیدی ژیانێکی سەخت لە ئاوەرەییدا بەسەرئەبەن. پێویستە بۆ چاککردنی بارودۆخی ئەوان خەباتێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی فراوان بەردەوام بێت. هەتا ئێستاش ژمارەکی زۆر شەنگاڵی هەر لە کامپدان و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. پێویستە دەرفەت و رێگا بۆ خەڵکی ئاوارەی شەنگاڵدابین بکرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەداخەوە ئەو هێزانەی حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەو کاتە لە شەنگاڵ بەرپرسیار بوون و  پێویست بوو ئێزدیەکانیان بپارێزن، شەنگاڵ و ناوچەکەیان نەپارست و بەجێیانهێشت. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت. ئەو هێزانەی شەنگاڵ و گەلی شەنگاڵیان رادەستی ئیزدییەکان کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شەنگاڵ بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانە یەکێکیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون لە بەڕیوەبەریی باشووری کوردستان. ئەوی دیکەشیان هێزەکانی حکومەتی بەغدا بوو. 4 ساڵی پێش ئێستا و لە 09.10.2020 هەمان ئەو هێزانە بەبێ پرس و رای شەنگاڵییەکان، پەیمانێکیان لە نێوان خۆیاندا ئمزاکرد. بەم کارەش ویستیان جارێکی دی شەنغاڵ و شەنگاڵییەکان بێ پاراستن و بێ ئیرادە بکەن. سەنجراکێشە دەولەتی تورکیا لەهەموو لایەنێک زیاتر بەو پایمانە دڵخۆش بوو، چونکە خۆشی دەستی لەو پەیمانەدا هەبوو، هەروەک چۆن دەستی لە هاوکاریکردنی داعش و داگیرکردنی شەنگاڵدا هەبوو. گلی شەنگاڵ و هێزی پاراستنی شەنگاڵ ئەو پەیمان قبوڵ ناکەن و لە دژی رائەوەستن. پێویستە ویست و ئیرادەی گەلی شەنگاڵ بە بنامە بگیرێت. هیچ پیلان و پەیمانێک لەسەر ئەوان فەرز نەکرێت. سەدان سالە گەلی شەنگاڵ لەسەر ناسنمانی ئێزدییەتی خۆیان رووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژیی ئەبنەوە.

 ئەمەش ئەو راستییە ئەسەلمێنی کە پێویستە ئێزدی و شەنگاڵیەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ شەنگاڵ لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت.

لە دەهەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی 3ی ئابدا دڵی کوردستان شکاوو بریندارە. ئەو برین و ژان و سوێیەش بە یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان ساڕێژ ئەبێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هیواخوازە کە ئەم برینی جینۆسادەی ئێزدیەکان، ببێتە هۆکاری رێککەوتنی ناوخۆیی کوردان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستانیش شان بەشانی یەکتر کوردستان لەژێر ستەمی داگیرکاریی رزگار و ئازاد بکەن. 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك.ن.ك

3ی ئابی 2024

 

داخستن و قەدەغەکردنی پارتە سیاسییەکان لە عێراق بڕیارێکی سیاسی دژ بە بەرژەوەندی گەلی کوردە!
شەپۆلێکی تری رەگەزپەرستی لە کۆماری تورکیاوە بۆ سەر گەلی کورد