What we work for

Share this article

هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تەبایی و هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و درووستکرنی پرد لە نێوان تاکو  یەکە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کوردستاندا، هەروەها ناسینی دۆزی کوردستان بە رای گشتی و فەرمی جیهان، هێڵە گشتییەکانی کار و تێکۆشانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن. کوردستان لە هەرێمێکی فرە نەتەوەو پێکهاتەی ئاینی و کلتوریی جۆراوجۆردایە. لەبەر ئەوە پێویستی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراسی هەیە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان تێیدا زاڵ نەبن و هەموو باوەڕ و کۆمەڵگاکان بتوانن بە ئازادی پێکەوە بژین و بنەماکانی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای بەهاکانی وەک ئیکۆلۆژی، دیموکراسی و ئازادی ژنان بنیات بنرێت. ئەمەش بەشێکە لە تێکۆشانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.

هەرچەندە ڕەنگە هەندێک هێز سوودمەند بن لە بەردەوامیی دۆخی ئێستا، بەڵام کورد هیچ بەرژەوەندییەکی لەم هەلومەرجەدا نییە. گۆڕانکاریی دیموکراسی لە ناوچەکە بە مانای ئازادی و بوژانەوە بۆ کورد دەبێت. بۆیە کورد کە گەلێکی زیاتر لە 40 ملیۆن کەسە، یەکێکە لە بەهێزترین ئەکتەرەکانی گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە درێژایی مێژوو ئەزموونی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەربازی زۆر بەهێزیان دەستکەوتووە، واتە لە ئەنجامی یاخیبوونەکانیان لە دژی هەژموونی عەرەب و تورک و فارس و لە ڕێگەی خەباتیان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بەتایبەتیش لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە. لەبەرئەوەی کورد لە هەلومەرجێکی زۆر بێبەشدا خەباتی نوێبوونەوەی کۆمەڵناسی و بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بەڕێوەبردووە، ئەمڕۆ کۆمەڵگایەکی زۆر چالاک و کاریگەر و خاوەن هۆشیاری سیاسی لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەو هەموو زوڵمە، گەلی کورد ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناحکومی خۆی دامەزراندووە بەمەش توانیویەتی خۆی دەرببڕێت و نوێنەرایەتی خۆی بکات.

گەلی کورد نوێنەرایەتی هێزێکی گەورەی گۆڕان و دیموکراسی لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دەکات. کوردستان وڵاتێکی فراوانە بەسەر ئەم چوار وڵاتەدا دابەشکراوە. سامانی سرووشتی، نزیکی لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی تر بە سەرچاوەی وزە، هەڵکەوتەی لە سەر ڕێگا بازرگانییە گەورەکان و هەروەها دانیشتووانی گەنج و دینامیک، گرنگییەکی ستراتیژیی گەورە بە کوردستان دەبەخشێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

کۆمەڵگای کوردی کە بەشێکی گرنگی پەیکەری کۆمەڵایەتی سیاسی هەرێمەکانە، لەژێر نەزمی ئێستای هەرێمایەتیدا بێبەشترین گروپ بووە. بوونی کۆمەڵایەتی و کولتووری ڕەتکراوەتەوە و تا ئێستاش لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی گونجاو دانیان پێدا نەنراوە. مافەکانیان زەوتکراون و سەرکوت دەکرێن. داخوازییەکانیان بۆ گەشەسەندنێکی کولتووری و سیاسی ئازاد پشتیوانی پێویستیان نییە. کورد بە کردەوە لەو ماف و ئازادییە بنەڕەتییانە بێبەش کراوە کە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتی ئەوروپا وەک گشتگیر دانیان پێدا ناوە. لە ئەنجامدا بە پێشێلکاریی سیستماتیکیی مافەکانیان بە ئاشکرا پشتگوێ دەخرێن. هەرچەندە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی چارەی خۆنووسین، بە جیابوونەوەشەوە، بە هەموو نەتەوە و گەلان دراوە، بەڵام هێشتا کورد تەنانەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانەکەیەوە دەناڵێنێت. داواکردنی کردەی دیموکراسی و سەرەتاییترین داواکارییەکانی کورد، تا ئێستاش بە جوداخوازی ناوزەد دەکرێن.

دیارە کورد ناتوانێت درێژەدان بە ئازارەکانی لە ئینکارکردنیی سەرەتاییترین مافەکانی و سەرکوتکردن و ڕاگواستن و شەڕ و هەڵمەتی جینۆساید دژ بە خۆی قبوڵ بکات. بۆ کۆتایی هێنان بەم مەینەتییانە، هیچ بەدیلێک بۆ گەیشتن بە وەرچەرخانێکی ڕوون بۆ پێشەوە لە بوارەکانی دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکاندا نییە. ئەمە لە کاتێکدا بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستە، بەڵام بە تایبەتی بۆ کورد گرینگە. تاکە چارەسەر پێشکەوتنێکی نوێ و بەهێزە لە دیموکراسی هاوچەرخدا. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کورد کە بەهۆی بەردەوامیی ملکەچبوون بۆ سەرکوتکردن و توندوتیژی و هەژاری لاواز بووە، تەنیا بە قبوڵکردنی سیستەمێکی دیموکراسی و داننان بە مافەکانی گەلی کوردا دەتوانێ زیندوو بکرێتەوە. لە ئەنجامی خەباتی سەرکەوتووانە و پابەندبوونی بەهێزیان بە دیموکراسی، گەلی کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە دیموکراتیزەکردنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت.

slider
Contact