ڕۆژاڤا شەرەفی گەلی کوردە، شەرەفی کوردایەتی دەپارێزی
ئێمە نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، کە نوێنەری زۆرینەی پارتەکانی کوردستانین، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆ و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەر بانگی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥-٠١-٢٠٢٦ لە بینای ناوەندی کەنەکە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بارودۆخی ڕۆژاوای کوردستانمان بەڕەوە برد و گفتوگۆی بەرفراوانمان لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دوایین پێشهاتەکانی ئەو بەشەی کوردستان ئەنجامدا و لە کۆتاییدا ئەم ئەنجامنامەیە بۆ ڕای گشتی رادەگەینین.
ڕۆژاوای کوردستان لە ژێر هێرشێکی دژوار و بەرفراوان دایە و جارێکی دیکە گەلەکەمان رووبەڕوو پیلانێکی مەترسیدار بووەتەوە. پیلانگێڕان، بە یارمەتی هێزە هەرێمییەکانیان (پرۆکسی)، دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو بەرن، و ملکەچبوون بەسەر هەموو کورد و کوردستاندا بسەپێنن.
وەکو گەلی کورد سەرەڕای بوونی هێرشی بەرفراوان لەسەرمان، جارێکی دیکە بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕین. بارودۆخی سیاسی و هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری خێرای بەسەردا دێت. قۆناغەکە لەگەڵ ئەوەی مەترسیدارە دەتوانێت دەرفەتیش بخوڵقێنێت. قۆناغەکە لەو ساتانەیە کە سەرەڕای ئەوە مەترسی گەورەی لەگەڵ دایە، دەتوانرێت بە پلان و هاودەنگی سوودیان لێ ببینرێت. هێزە داگیرکەرەکان هەموو سەرچاوەکانی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی و سەربازیی خۆیان بۆ هێرش کردنە سەر گەلەکەمان کۆ کردووەتەوە. دەیانەوێت کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگا لە بەردەم گەلەکەمان بگرن و هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان مافەکانی نەتەوەیی و ناسنامەیی خۆی بە دەست نەهێنێت و بە ئازادی نەژیت.
وەک نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی قۆناغێکی هەستیار و مێژوویی بووینەتەوە کە ڕۆژئاوای کوردستان چەقی ئەو قۆناغەیە. دەزگای دیانەتی سەر بە حکومەتی کاتی لە دیمەشق فەتوای ئەنفالی دژی گەلەکەمان دەرکردووە و ڕۆژئاوای کوردستانی بە دارئەلحەرب ناساندووە. لە ڕۆژاڤا هێرشێکی جینۆساید دژی گەلەکەمان بەرێوە دەچێت و گرووپە جیهادییەکان و هێزە کۆلۆنیالیستەکانی وەک دەوڵەتی تورکیا هەموو توانا و هێزی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتە گەڕ و دەیانەوێت بەرەیەکی نێودەوڵەتی دژ بە گەلەکەمان دروست بکەن.
گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان لە سایەی خوێنی هەزاران شەهید و فیداکارییەکی بێوێنەدا توانی بناغەی ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی بنیات بنێت. دەبێت ئەوەش بزانرێت کە وەک گەلی کورد لە بەرەنگار بوونەوەی چەتەکانی داعشدا، نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو هەموو جیهانمان لە کارەساتێکی مرۆیی پاراست.
ئێمه وه ک پارت، ڕێکخراوه سیاسیی، کەسایەتی سەربەخۆ و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی له چوارپارچه ی کوردستان و ده ڕه وەی وڵات، به یه ک ده نگ و هاوڕا ده ڵێین: ڕۆژاوا بەشێکی دانەبڕاوی کوردستانه، ڕۆژاوا شانازی نەتەوەییمانە و به هەموو هێز و توانامانەوە ده پارێزین.
لە قۆناغێکی وەهادا، بۆ ئەوەی چیتر ٦٠ ملیۆن کورد ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ، ئینکاری و گرتن، ئەشکەنجەدان، هێرشی کیمیایی، ئەنفال و جینۆساید نەبن، پێویستە لە زووترین کاتدا یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی خۆمان پتەوتر بکەین. نەتەوەی دەیان ملیۆنی کورد هەزاران ساڵە لەسەر خاکی باب و باپیرانی خۆی، خاوەنی یادەوەری و باوەڕی خۆیەتی و زمان و فەرهەنگی تایبەتی خۆی پاراستووە. نەتەوەکەمان هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆیەتی و لە ئێستادا توانای هەیە و دەتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت و حوکمڕانی وڵاتی خۆی بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە نوێنەری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و تاکی سەربەخۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:
• دامەرزانی ناوەندێکی هاوبەش لەژێر سەرپەرشتی کەنەکە بۆ هەماهەنگی چالاکییە جەماوەرییەکان و کاری دیپلۆماسی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا.
• بەمەبەستی بەرفراوانتر کردنی چالاکییە جەماوەرییەکان و هەوڵەکانی دیکە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوا، پێویستە ١ی شوباتی 2026 وەک ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان دەستنیشان بکرێت.
• بەگەرمی سڵاو لە بەرخۆدانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانانی هەسەدە – یەپەگە – یەپەژە دەکەین، پشتیوانی و هاوسۆزی خۆمان بۆیان دووبارە دەکەینەوە و بەشداری بڕیاری سەفەربەری گشتی رێوەبەری رۆژاوا دەبین.
• داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین بە رۆحی یەکیەتیی نەتەوەییەوە و لە چواچێوەی سەفەربەری گشتی و بە لەبەر چاو گرتنی دۆخی نائاسایی بە هەموو توانا و بە هەموو شێوازێک و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ببنە پشت و پەنای رۆژاوا و بەرخۆدانی رۆژاوا بەهێزتر بکەن.
• خەڵکی کوردستان بە چالاکیی گەورە و بەرفراوانیانەوە، یەکڕیزی و یەکیەتی خۆیان لە شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان و هەندەران پێک هێناو و لەسەر هەمان ئەساس داوا لە هەموو لایەن و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین کە گوێ لە دەنگی گەل ڕابگرن و لە چوارچێوەی یەکیەتی نیشتمانیدا کار بکەن.
• بۆ بەرگری کردن لە ئەگەری هەر شەڕێک بۆ سەر گەلەکەمان، بۆ ئازادی تەواوی کوردستان، بۆ پاراستنی تەواوی دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان و بۆ پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان پێویستە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی لە زووترین کاتدا ببسترێت.
• داوا لە هاوپەیمانی دژی داعش و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و دیموکرات دەکەین لەم سەردەمە هەستیار و ناسکەدا یارمەتیدەری گەلەکەمان بن و دژی هێزە جیهادییەکان بوەستنەوە.
• لە ئێستادا گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی دژی داعش دەکەین یارمەتی دەر بن بۆ گەرەنتی کردن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دیموکراتیک.
• پرسی کورد لە ئێستادا تەنیا پرسی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و کێشەکە ڕەهەندی جیهانی هەیە و دەبێت لە ئاستی جیهانیدا چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە جیهانیەکان دەکەین بەپەلە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەڕێوە بچێت.
کۆبوونەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان
٢٥-٠١-٢٠٢٦







