بانگەوازی بۆ سەفەربەری گشت
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان، کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕۆژی ١٨-٠١-٢٠٢٦ کۆبووەوەیەکی پێک هێنا و تێدا مەترسیی سەر دەستکەوتەکانی گەلی کوردی لەوبەشەی کوردستانی هەڵسەناگاند!
کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە بڕیاری ئیدارەی خۆسەری دیمۆکراتیکی رۆژاوای کوردستان، سەبارەت بە راگەیاندنی سەفەربەری گشتی نیشتمانی بە دروست دەزانێت و پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکە دەردەبڕێت و داوا لە سەرجەم لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستان لە ناوخۆی و لە دەرەوەی وڵات دەکات بە هەستیارییەوە لە هەلومەرجەکە بروانن و بەشداری سەفەری گشتی بۆ پاڵپشتی رۆژاوای کوردستان ببن!
گەلی کورد لە خەباتی ڕەوای خۆی بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی قوربانی زۆری داوە و تەنیا بە باوەڕ بە خۆبوون و بە ئیرادەی خۆی توانیویە سەربکەوێت. وا دیارە کە سیاسەتی نێودەوڵەتان جارێکی دیکەش تەنیا بە لەبەر چاو گرتنی بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتداران مامەڵە دەکات و ئەخلاق و کەرامەتی ئینسانی بۆیان گرینگ نییە. بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان خاوەن باوەڕی و ئیرادەیە خۆیانن و بێ گومان تا گەیشتن بە مافەکانیان بەردەوام دەبن!
باش دەزانین کە شەڕ دژی ڕۆژاوا و دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بە چاودێری و چاوساغی دەوڵەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت، دەوڵەتی تورکیا هەموو توانای تەکنیکی، سیاسی، دیپلۆماسی، ئابوری و سەربازی و هەروەها گرووپە چەتە جیهادییەکان و پاشماوەکانی داعشی دژی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان لەوبەشە کوردستان خستووەتە گەڕ و لە هەمان کاتیشدا شەڕێکی تایبەت بەربڵاو بەڕێوە دەبات.
بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو گەلی کورد و گەلانی دیکەی کوردستان و مرۆڤی خاوەن ویژدانە کە ئەوەی لە توانایان دایە بۆ پاراستنی دەسکەوتە دیمۆکراتیکەکانی گەلان لە رۆژاوای کوردستان دا بیخەنە گەڕ!
ئەمڕۆ ڕۆژی خاون دەرکەوتنە لە ڕۆژاڤای کوردستان. ڕۆژی پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و نیشتمانییە!
سەرکەوتن بۆ رۆژاوای کوردستان
برۆکسل ١٨-٠١-٢٠٢٦
کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە








