بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقی فیدڕاڵ لە 2025.07.16 کە خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی (موسڵ، کەرکوک و دیالە) ئیدی ناتوانن یان بۆیان نیە بە زمانی کوردی وەڵامی تاقیکردنەوەکانیان بدەنەوە. ئەم بڕیاڕە پێچەوانەی مادەی 4 ی دەستوری ساڵی 2005 ی هەمیشەیی عێراقە، کە تیایدا زمانی کوردی و عەرەبی بە دوو زمانی فەرمی سەرانسەری عێراق داناوە و چەندین بڕیاری دادگای باڵای فیداراڵیش هەیە لە سەری. بۆیە دەبێت زەمینەی یەکسان بۆ هەردوو زمانەکە بڕەخسێنرێت.
ئێمە لەکۆمسێۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، بەتوندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی حکومەتی ناوەندی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین. لە کاتێکدایە کە ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراقە کە پارێزەری دەستوربێت و ئەو بڕیارە هەڵبوەشێننەوە و حکومەت و وەزارەتی ناوبراو ناچار بکەن لەبری قەدەغەکردن زەمینەی بەکارهێنان و دەرفەتی یەکسان دروستبکەن. هاوکات ئەرکی سەرجەم نوێنەرانی کوردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا کە کار بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافەکانی کورد بکەن و لە ناویشیاندا مافی بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک ئەوەی لە دستوردا هاتووە.
جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و هاوشێوەکانی هێندەی تر درزی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق فراوانتر دەکات و کاریگەری لەسەر پێکەوە ژیان و ئاشتی و بنەماکانی فیدراڵییەت دەبێت و عێراق بەرەو یەک زمان و ناوەندێتی دەبات.
کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردەی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
2025.07.26