بانگەوازی KNK  بۆ پارت، رێک خراو، دامودەزگا و کەسایەت ییەکان و هەموو کوردستانیان

Share this article

ئێستا ئێمە لە لۆزانین، لە ١٠٢مین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا رەوشێکی نوێ لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین لەئارادایە. نزیکەی دوو ساڵە شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا بەرپا بووە. کوردستانیش لەناو ئەو شەڕە دایە. ئەو ستاتۆیەی لەمیانەی پەیماننامەی سایکس- بیکۆ و پەیمانی لۆزان لە خۆرهەڵاتی ناوین دامەزرابوو، داڕووخا و دادەڕووخێت. نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوین ڕوو بە گۆڕانکارییە. ئەو ستاتۆیەی سەدەیەک لەمەوبەر دامەزرێنرابوو، نەبووە چارەسەریی بۆ پرس و کێشەکانی گەلانی هەرێمەکە.

بەپێچەوانەوە ئەو ستاتۆیە خۆی بووە هۆکاری پرس و کێشەکان. سەدەیەکە بەهۆی ئەو ستاتۆیەوە لە خۆرهەڵاتی ناویندا ناکۆکی، شەڕ و پێکدادانە و خوێن دەڕژێت. خوێنی هەرە زۆریش لە کوردستاندا رژاوە و قوربانی مەزن لەلایەن ئێمەی کورد و کوردستانیان دراوە و تا ئەم ستاتۆیە نەگۆڕێت ئەوا قوربانیدانەکانیش هەر بەردەوام دەبێت .

لە باکووری کوردستاندا نۆ مانگە پێواژۆیەکی چارەسەری لەگەڵ دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەچێت. ئەم پێواژۆیە تا ئێستا زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت و لەلایەن کوردەوە هەنگاوی مەزن نراوە. لایەنی کورد لەمەدا جددییە و دەیەوێت ئەم پرسە بە رێی ئاشتی و دیموکراتی چارەسەر ببێت. ئێستا ئەم پێواژۆیە بەرەو قۆناخێکی نوێ دەڕوات. بۆئەوەی ئەم پێواژۆیە بەرەو پێشەوە بچێت کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا دێتە دامەرزاندن. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەڵێن؛ ئێمە ئەم پرسە بە رێی دیالۆگ چارەسەر دەکەین. بەڵام تا ئێستا پێواژۆیەکە وەها دیارنادات. ئەم پێواژۆیە زۆر گرنگ و هەستیارە و هەموو کوردان پەیوەندیدار دەکات.

مایەی دڵخۆشییە کە دەبینین هەموو هێزە سەرەکییەکانی کوردستان پشتیوانی لەم پێواژۆیە دەکەن. چارەسەریی لە باکووردا لەهەمانکاتدا چارەسەری هەموو کوردستانە .بۆئەوەی ئەم پێواژۆیە بە چارەسەرییەکی دادپەروەرانە بگات، پێویستە هەموو کوردستانیان لەهەموو کات زیاتر لەنێو دانوستاندن و دیالۆگ دابین.

لە باشووری کوردستاندا ٣٤ ساڵە ستاتۆیەک هەیە و لەساڵی ٢٠٠٤یشەوە بۆتە ستاتۆیەکی فیدراڵی فەرمی و دەستووریی. دەبێت ئەم ستاتۆیە لەلایەن هەموو کوردستانیانەوە بپارێزرێت. سەرەڕای ئەمەش گەلێک کێشە و گرفت هەن و تائێستاشی لەگەڵدا بێت چارەسەر نەکراون، لەسەرووی هەمووشیانەوە پرسی دەڤەرەکانی ماددەی ١٤٠. حکومەتی بەغداد، زۆر جار بەهۆکار و بیانووی بچووکەوە، کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێتەوە. پرسی ئابووری و دابەشکردنی بودجە و مووچە هەمیشە بوونەتە کێشە و گرفت .

نزیکەی مانگێکە لە دەڤەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغدادەوە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. تائێستا حکومەتی بەغداد لەم بارەیەوە هەڵوێستی پێویستی دەرنەبڕیوە. لەلایەکی دیکەشەوە هێزە کوردییەکانیش لەنێوخۆیاندا ناکۆکی زۆریان لەگەڵ یەکدا هەیە. زیاتر لە نۆ مانگە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا حکومەت پێکنەهێنراوە و سەرۆکی هەرێم هەڵنەبژێردراوە. ئەم رەوشە بەگشتی مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی هەرێم درووست کردووە .

پێویستە ئێمە لەناوخۆماندا یەکگرتوو بین بۆئەوەی بتوانین هەرچی زووە ئەو کێشانە چارەسەر بکەین .

ئێستا لە سوریا رەوشێکی نوێ هەیە. حەوت مانگ پێش ئێستا رژێمی بەعس رووخێنرا و دیمەشق کەوتە دەست هێزە ئیسلامییەکانەوە. لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشقدا شەڕ راوەستاوە و بەڕێی دیالۆگەوە هەوڵدانی چارەسەریی هەیە .لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥دا رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتداریی دیمەشق واژۆ کرا. ئێستا لەپێناو چارەسەرییدا دیدارەکان بەڕێوەدەچن. بەڵام بەگشتی دۆخی سوریا ئاڵۆزە و دیار نییە داهاتووی سوریا چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت. دەسەڵاتی نوێی دیمەشق سەرەتا هێرشی کردە سەر عەلەوییەکان و لە لازیقییە کۆمەڵکوژیان کرد. ئێستاش هێرش دەکاتە سەر دورووزییەکان. باوەڕمەندانی مەسیحیش هەر لەسەرەتاوە لەژێر فشار و گوشار دان. ئەو دەسەڵاتە لەجیاتی ئەوەی چارەسەریی بەدیبێنێت، هەر لەسەرەتاوە خۆی بۆتە هۆکاری کێشە و گرفتەکان. دەسەڵاتدارێتی دیمەشق ئەگەر درفەت و توانستی ئەوەی هەبێت، هەمان هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردان و دەڤەرەکانی خۆبەڕێوەبەرێتییش دەکات. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دەبێت هەموو کوردستانیان لەبەرامبەر بەم دۆخە هۆشیار بین.

پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین کێشە و گرفتەکان بەڕێی دیالۆگ چارەسەر بکەین. بەڵام دەبێت ئێمە بەرگری و پاراستنی خۆشمان بەهێزتر بکەین، بۆئەوەی هیچ کەسێک نەتوانیت هێرشی دەستکەوتەکانمان بکات. بەرگری و پاراستنی خۆبەڕێوەبەرێتی بەرگری و پاراستنی کوردستانە. مەسەلەکە تەنیا بە کوردانەوە سنووردار نییە، دەبێت سوریایەکی دیموکراتی ئاوابکرێت و لەناو سوریای دیموکراتیدا مافی ئاسووری-سوریان-کلدانی، عەلەوی، دورووزی، مەسیحی، ئێزیدی و هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێن.

رۆژهەڵاتی کوردستان بە ژمارەی دانیشتوان و جوگرافیای خۆیەوە پارچەی دووەمینی کوردستانە .لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، گەلەکەمان لەهەموو مافە چاندی، ئەتنیکی و خۆبەڕێوەبەرێتییەک بێبەش کراوە ، فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر گەلەکەمان بەردەوامە. ئێران خۆی ماوەیەکە لەناو شەڕەکانی خۆرهەڵاتی ناوین دایە. ئێران بەگشتی بەرەو گۆڕانکارییەک دەڕوات .

ئەم دۆخە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە. رۆژهەڵات بۆ ئێمەی کوردان بۆتە رۆژەڤێکی سەرەکی .پێویستە هەموو کورد، لەسەرووی هەمووشیانەوە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم دۆخە باش هەڵبسەنگێنن و خۆیان بۆ هەموو پێشهاتێک ئامادە بکەن. ماوەیەکی زۆرە KNK و بەشێک لە هێز و کەسایەتییەکانی رۆژهەڵات هەوڵدەدەن هەموو پارت، رێکخراو و هێزەکانی رۆژهەڵات بێننە لای یەکتر و لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە. پێویستە ئەم هەوڵدانانە بەهێزتر بکرێن و لەئاکامدا پلاتفۆرمێکی هاوبەشی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا بکرێت.

ئەم رەوشە هەستیار و ئاڵۆزە ئەرکەکانی ئێمەی دەستنیشان کردووە. پێویستە هەموو کورد و کوردستانیان بە زووترین کات بێنە لای یەکتر و بەگوێرەی ئەم رەوشە هەڵوێست وەربگرن. دوو ساڵ پێش ئێستا بەبۆنەی ١٠٠مین ساڵیادی پەیمانی لۆزان، نوێنەرانی هەموو کوردستان لەم شارەدا کۆبوونەوە، بڕیاری ئەنجامدانی کۆنفڕانسێکی نەتەوەییان وەرگرت. ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستیی بە یەکێتی و یەکدەنگی نێو ماڵی کورد و کوردستانیان هەیە. هەربۆیە لە ١٠٢مین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا، لە شاری لۆزان ئێمە جارێکی دیکە بانگەوازی لەهەموو پارت، رێکخراو و هێزە کوردستانییەکان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین؛ وەرن با هەموومان پێکەوە لە کۆنفڕانسێکی نەتەوەییدا کۆببینەوە و ستراتیژێکی هاوبەش دابڕێژین.

ئێمە وەک KNK ئامادەین مێواندارێتی ئەم کۆنفڕانسە بکەین و هەموو هەوڵدانەکانی خۆمان لەم رووەوە زیاتر دەکەین.

بەم بۆنەیەوە لە شاری لۆزانەوە، جارێکی دیکە بانگەوازی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو رێکخراو و دامودەزگا نێونەتەوەییەکان و هێزە جیهانییەکان دەکەین کەوا دەنگی کورد و کوردستانیان ببیستن و ئەو ناهەقییەی سەد ساڵ لەمەوبەر لەم شارەوە لە گەلانی کوردستان کراوە راستبکەنەوە و پشتیوانی لە مافە رەواکانی گەلانی کوردستان بکەن.

هەروەها ئێمە بانگەوازی لە ڕای گشتیی دیموکراتیخواز و ئاشتیخوازانی جیهان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین لەم پێواژۆیە هەستیارەدا وەک چۆن خاوەندارێتیان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد، وەرن بابەیەکەوە شانبەشانی یەکتر ئاشتی و ئازادی بەدیبێنین.

کۆنسەی بەڕێوەبەرێتی KNK

لۆزان 26.07.2025

 

 

 

بۆسەرۆکایەتی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق