یادی

Share this article

یادی 13 ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆز بێت!

 

لە 19ی تەمووزی ساڵی 2012 دەنگی شۆڕش لە کۆبانییەوە بەرزبووەوە، پریشکی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هه‌ڵگیرسا وڕۆژ له‌ دوا ڕۆژ به‌هێزتر بوو.

ڕۆژئاوای کوردستان ماوەیەکی زۆر بوو خۆی بۆ شۆڕش ئامادە دەکرد. لە دێریک، قامیشلۆ، عامودە، سه‌رێکانی، کۆبانی، عەفرین و تەواوی جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستانەوە، خەڵک لە هەموو لایەکەوە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی لە چارەنووسی خۆیاندا به‌ خاوه‌ن ده‌ركه‌ون و ئیدارەی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان دابمەزرێنن.

لەو هەلومەرجە گێژاوییه‌ كه‌ له‌ ناوخۆی سوریادا له‌ ئارادا بوو، کورد و کوردستانییەکان هێزەکانیان یەکخست و بۆ ئەوەی بۆشایی دەسەڵات لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست نەبێت، به‌ زووترین كات خۆیان ڕێکخست و بەهێزتر کرد و لە کۆبانیەوە تا دێریک لە ڕۆژهەڵاته‌وه‌ و تا عەفرین لە ڕۆژئاوا، شار و شارۆچکە و گوند و گه‌ڕه‌كانیان گرتە ژێر ئاسایشی هێزەکانی ناوخۆیی.

ماوه‌ی ١٣ ساڵە کورد و کوردستانیان بە تێكۆشان وقوربانی دانێكی زۆرەوە درێژەیان بە پڕۆسەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ی دا و بە مۆدێلی کانتۆن وبە رێ وڕێبازی جیاوازی دیکە خۆڕاگرییان كرد و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌كی دیفاکتۆی دیموکراسییان دامەزراند.

هەر لە سەرەتاوە داگیرکەرانی کوردستان لەم دیاردە نوێیەی کورد و کوردستانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ناڕازی بوون. بەتایبەتی وه‌ڵاتی توركیا هەمیشە تیرە ژەهراویەکانی خۆی ئاراستەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ئەوان کۆبانییان کرد بە ئامانجی یەکەم، چونکە به‌خاوه‌ن ده‌ركه‌وتن له‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە وڵاتەکەیان دا دەستی پێکردبوو.

ئیسلامییە توندڕەوەکان و داعشە خوێنڕێژەکانیان به‌ هێرشكردن ئاره‌سته‌ی كۆبانێ یان كرد. به‌ڵام به‌ بەرگرییەکی ئەفسانەیی و به‌رخۆدانییه‌كی سەرکەوتووانە خاكی كۆبانێ پارێزرا. داعش وهەموو دوژمنەکانی دیكه‌ تێکشکان وبه‌رخۆدانی كۆبانێ بوو به‌ ئەفسانە.

دەوڵەتی تورکیا لە به‌رخۆدانی کۆبانی تووشی شکستێکی گەورە بوو. ئەمجارە عەفرینی کردە ئامانج چونکە نزیکترین ناوچه‌یه‌ لە دەریای ناوەڕاستەوە. سەرەتا بە ئامانجی گەمارۆدانی عەفرین دەستیان کرد بە داگیرکردنی عەزاز و جەرابلوس و خەریکی دابڕینی ناوچەی خۆسه‌ری جزیره‌ بوون. پاشان تانک و تۆپخانه‌کانیان به سه ڕ عه‌فریندا سوڕاند و داگیریان کرد و به زۆره‌ملێ خه‌ڵکی عه‌فرینیان ئاوارە کرد. ئەمڕۆ دیمۆگرافیای عەفرینیان هەڵوەشاندەوە و تورک و عەرەبیان نیشتەجێ کرد.

پاشان ڕوویان کردە سەر سه‌رێکانیێ و گیرێ سپی و ئەو شوێنانەیان داگیر کرد. هێرش وهەڕەشەکانیان بۆ سەر هەموو ڕۆژئاوای کوردستان هه‌تا ئێستا به‌رده‌وامن. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و ئەمنیەتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین تەکنۆلۆژیای سەربازی و هەواڵگریی تر کۆمەڵکوژی ترسناکیان ئەنجامدا‌. هەروەها ژیانی دانیشتوانی مەدەنییان کرد بە دۆزەخێکی زیندوو. سەرەڕای ئەم بێباکییەی دەوڵەتی تورک، خۆڕاگری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی بەردەوامە و هەموو داینامیکی و میکانیزمەکانی ئیدارەی خۆسەر خەباتێکی شایسته‌ وبه‌رز لە پێناو ئاسایشی خەڵکی ناوچەکە دەکەن.

ئێستا دۆخێکی نوێ لە سوریا هەیە. ٧ مانگ پێش ئێستا ڕژێمی بەعس شکستی هێنا و دیمەشق کەوتە دەستی هێزە ئیسلامییەکان. کاتێک ڕژێمی بەعس شکستی هێنا، لە هەمان کاتدا هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی توركیا هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر. هێرشەکانیان بە تایبەتی لە شه‌هبا و حەلەب و مەنبەج فراوانتر کرد. لە ناوچەی تیشرین شەڕێکی سەخت ڕوویدا. دەوڵەتی تورکیا لە هەموو بەرەکاندا بە هێزی ئاسمانی و زەمینی خۆی پاڵپشتی ئەو گرووپە توندڕەوانەی دەکرد. هەندێک ناوچە کەوتنە دەستی ئەو گروپانە كه‌ سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوون. سەرەڕای هەموو هێرش و هەڕەشەکان، ئیدارەی خۆسەر بەرگری لە خۆی کرد و هێرشەکانی ڕاگرت. لەم خەباتە شۆڕشگێڕانەی ڕۆژئاوای کوردستاندا نابێ ڕۆڵی ژن لەبیر بکرێت، بەتایبەت ڕۆڵی ژن لە پلەی یەکەمدایە و زۆر ئەرێنییە.

لە ئێستادا شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی دیمەشق له‌ ئارادا نییه‌ به‌ڵكو گەڕان بەدوای چارەسەری لە ڕێگەی دیالۆگەوە هەیە. ڕۆژی 10ی ئازار ڕێککەوتنێک لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتی دیمەشق واژۆ کرا، لە ئێستادا کۆبوونەوە هەیە بۆ چارەسەری. بەڵام دۆخی سوریا بەگشتی ئاڵوزه‌ و دیار نییە ئایندەی سوریا چی دەبێت و چی ڕوودەدات. ده‌سه‌ڵا‌تی دیمەشق سەرەتا هێرشی کردە سەر عەلەوییەکان و کۆمەڵکوژییەکی لە ناوچەی لازقیە ئەنجامدا. ئێستا هێرش دەکەنە سەر دروزەکان. باوه‌رمه‌ندانی مەسیحییش لە ڕۆژی یەکەمەوە فشارێکی زۆریان لەسەرە. ئەم ده‌سه‌ڵاته‌ لەبری ئەوەی چارەسەرێک بهێنێتە ئاراوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرچاوەی گرژی و کێشەکان بووە. ئەگەر ده‌سه‌ڵاتی دیمەشق دەرفەتی بۆ ڕەخسا، بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ کورد و ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر دەکات. ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دەبێت هەموو کوردستانیان ئاگاداری ئەم دۆخە بین. پێویستە سەرەتا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفته‌كان بدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە. بەڵام پێویستە بەرگریمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت هێرش بکاتە سەر دەستکەوتەکانمان. بەرگریکردن لە ئیدارەی خۆسەر بەرگریکردنە لە کوردستان.

بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (کەنەکە) پیرۆزبایی ١٣ مین ساڵەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم سەرکردایەتی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و سەربازی دەکەین. کەنەکە داوا لە هەموو کورد و کوردستانییەکان دەکات تا ئەوپەڕی پلە پاڵپشتییەکی بەهێز و بەرفراوان بکەن بۆ پاراستن و مانەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خاکی وڵات و هەموو هاووڵاتیان هه‌روه‌ها شان بە شانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر هەموو هێرش و هەوڵەکانی داگیرکاری و لەناوبردن بوەستن.

شۆڕشی دیموکراسی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی ڕۆژئاوای کوردستان پایه‌دار و سەرکەوتوو بێت.

بژی به‌رخۆدان وسه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای كوردستان!

كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کەنەکە

برۆکسل، ١٨ ته‌مووز ٢٠٢٥

 

 

 

بۆ پارتی، رێکخستن، سازی و هەموو گەلانی کوردستان!
ئه‌نجامنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌