ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن،

Share this article

 ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن،

ئەو کاتە چ واتایەک بۆ ژیان و بوون دەمێنێ!

رۆژی جیهانی زمانیی دایک پیرۆزبێت!

زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر رووی زەمینە. ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچوونی رەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە. هەر بۆیەش لە سەد ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بووە. لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بە تێپەڕبوونی کات زمان پەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات. نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەبەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردیەوە خراونەتە زیندانەکانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.

لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازیەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنووری دروستکراوی ئەم دوو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن پەروەردەدا هەبێت.

لە ئێستای جیهان دا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلەکترۆنییەوە.

ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاس و پێزانینی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسی دامەزراوییانەی ئەو بوارە دەکات و پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم ( باشوری کوردستان)  و دەسەڵاتی خۆسەری (رۆژاوای کوردستان) یشە لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جیدی بەهەند بگرێ و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و پلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو رێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، وەک ئەرکی خۆی و کارە بەردەوامەکانیی لە هەوڵ و  کۆششی خۆی بۆ گەشەپێدانی زمان و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی بەردەوامدەبێت. 

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت.

ئەرکمانە، بەردەوام لەخەمی گەشەپێدان و پاراستن و لێکنزیککردنەوەی زاروبنزارەکانی کوردیدابین و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا زمانەکەمان بپارێزین و یپێشیبخەین.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردە

20ی شوبات 2025

دەیەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ پیرۆز بێت