دەیەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ پیرۆز بێت

Share this article

کۆبانێ لە 19ی تەموزی 2012 چەخماخەی شۆڕشی رۆژاوای کوردستانی لێدا. هێزەکانی رژێمی سوریای دەرکرد و بەڕیوەبەرێتی شاری گرتە دەست خۆی. کۆبانێ یەکێک لە کۆنتۆنەکانی رۆژاوای کوردستانە کە لە 27 کانونی دووەمی 2014دا دامەزرا. هەربۆیەش کۆبانێ بەو دەستپێشخەری و بەرخۆدانەی خۆی بوو بە ئامانجی هێزە داگیرکەرەکان.

داعش کە لە رەگەزپەرستانی ناوچەکەو جیهادیستەکانی جیهان پێکهاتبوو، سەرکەوتنی کوردستانیانی لە رۆژاوای کوردستان پێ قبوڵ نەئەکرا، هێرشی کردە سەر کۆبانێ. هەموو داگیرکەرانی کوردستانیش بەو هێرشە شادمان بوون. بەڵام پشتیوان و یاریدەدەری هەرە بەهێزی داعش، دەوڵەتی تورکیا بوو. تورکیا بە مەبەستی تەفروتوناکردنی کورد لە “باکوری سوریا”، بە فراوانی هاوکاریی لۆجستیکی داعشی کرد. داعش کە لە تەلکۆچەرو تەلخەلەف تێکشکا بوو، داخی ئەو شکانەی بە کۆبانێ رشت و هێرشی کردە سەری.

كۆبانێ کە لە ئەیلولی 2014وە کەوتبووە بەر هێرشەکانی داعش، بەرخۆدانێکی مەزن و بێوێنەی کرد. داعش داگیرکردنی کۆبانێی کردبووە ئامانجێکی سەرەکی خۆی. بەڵام کۆبانیانیش بەرخۆدان و پاراستنی کۆبانێیان کردبووە ئامانجی مان و نەمانی خۆیان. کۆبانیان بە پێشەنگی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەرخۆدانێکی مەزنیان رێکخست. ئیدی کۆبانێ بوو بە مەیدانی جەنگ دژی وەحشییەت. کوردستانیان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش لەسەر بنەمای ئەو راستییەی کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان دیاریی کرد.

کۆبانێ لە سەرانسەری کوردستاندا بوو بە ناوەندی بەرگریی. بۆ جیهانیش بوو بە سومبوڵی رووناکیی. کوردان لە هەوڵداندا بۆ پاراستنی کۆبانێ بوون بە یەک. لە باکور، باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان گەریلا، لە باشوری کوردستان پێشمەرگە، چوون بە دەنگ یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی کۆبانێوە. لە سەرانسەری کوردستان و لە دەرەوەی ولاتیش بە سەدان کوردستانیان روویان کردە کۆبانێ و بە فیداکاریی شانبەشانی کۆبانیان شەڕی پاراستنی وڵاتیان کرد. کۆبانێ بوو بە سەنگەری نیشتمانپەروەرانی کوردستان. دنیای مرۆڤدۆست و دیموکراتیش بە بەرخۆدانی کۆبانیان و خەڵکی کوردستان سەرسام بوون و پشیوانییەکی بەهێزیان پیشاندا. هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعشیش هاوکاریەکی مەزنی سەربازی و مرۆیی کرد. کۆبانێ بەو هەنگاوە بەرز و بەهێزەی رێککەوتنی ناوخۆیی و  بە پشتیوانیی دنیای دیموکرات، لە 28ی کانوونی دووەمی 2015دا لە تاریکستانی داعش رزگار کرا.

بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بە سەرەتای تێکشکانی داعش. داعش یەکەمین گورزی بەهێزی تێکشانی لە کۆبانێ بەرکەوت. دوای سەرکەوتنی کۆبانێ، هێزەکانی رزگاریی هەنگاو بە هەنگاو کەوتنە راونانی داعش و تەواوی ناوچەکانیان بە رەقەی پایتەختیشیانەوە، لێ پاک کردنەوە.

چوار ساڵ دوای ئازادکردنی کۆبانێ و لە چوارەمین ساڵوەگەڕیدا، دوا گوندی ژێر دەستی داعش لە داعش پاککرایەوە. ئەمەش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سەرکەوتنێکی گەورەو بەهادارە.

ئەم سەرکەوتنانە بە قوربانییەکی زۆر، بە خوێنی هەزاران گیانبەختکردوو، بە رەنج و تێکۆشانی بەرخۆدەران بەدیهاتن. ئێمە سەرەتا شەهیدان و بەرخۆدەرانی کۆبانێ، رۆژاواو هەموو کوردستان، بەڕێز و شکۆوە بە بیردێنینەوەو لەو یادەدا سەری رێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین.

دەوڵەتی تورکیا هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە دوژمنایەتی شۆڕشی ڕۆژاڤا دەکات. سەرەتا پشتیوانی داعش و هەموو هێزە تاریکەکانی کرد و ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستانی کردن. کاتێک بینی ئەو هێزانە شکست دەهێنن و دەستکەوتی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا زیاتر دەبێت، ئیدی خۆی هەنگاوی ناو. لە ساڵی 2016ەوە دەستی بە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. سەرەتا جەرابلوس و بابی داگیر کرد، پاشان عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانیێ. ئەو داگیرکارییە تا ئێستاش بەردەوامە. تورکیا لە هەموو دەرفەتێکدا بە هێزی ئاسمانیی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمڕۆش هێرشەکان بەردەوامن.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، واتا لە 27ی نۆڤەمبەری 2024 دەستەی رزگاریی شام هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ڕژێمی بەعس و ڕژێمەکە رووخا. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکیا هێزەکانی سەر بە خۆیشی کۆکردەوە کە ناوی لێناون سوپای نیشتمانی سوریا و هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. سەرەتا شەهبا و مەنبەجیان داگیرکرد و دواتر بەرەو دەڤەری کۆبانێ ڕۆیشتن. هێرشەکانیان تا ئێستاش بەردەوامن. زیاتر لە مانگێکە شەڕ لە هەموو سوریا کۆتایی هاتووە، بەڵام شەڕ لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژاڤا بەردەوامە. شەڕەک بەتەواوی بە دەستی دەوڵەتی تورکیایە، هێزەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا بەتەواوی لەژێر فەرماندەیی دەوڵەتی تورکیادان. سوپای تورکیا هەماهەنگییان دەکات و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات. جگە لەوەش هێزی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە.

لە ئێستادا شەڕی سەخت لە ناوچەی تشرین و قەرەکۆزاک بەڕێوەدەچێت. هێزەکانی ئێستا شەڕ بە چڕیی لە ناوچەی بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاخە. هێزەکانی سوریای دیموکرات هەموو هێرشەکانیان بەرپەرچ دەدەنەوە و گورزی قورسیان لێ دەوەشێنن. شەڕ بەردەوامە. خەڵکی ناوچەکە لە دۆخێکی سەختدان و بەرەو بەنداوت تیشرین دوڕۆن. بەڵام دەوڵەتی تورکیاش ئەو هاووڵاتییە مەدەنیانەش دەکاتە ئامانج و بە هێزی ئاسمانی هێرش دەکاتە سەریان. تا ئێستا زیاتر لە 20 کەس کوژراون کە هونەرمەند و چالاکوانی ژنیشیان تێدایە و سەدان کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی تورکیا تۆڵەی داعش لە خەڵکی ڕۆژاڤا دەکاتەوەئەو کارەی لە ڕێگەی داعشەوە نەیتوانی بیکات، دەیەوێت خۆی ئەنجامی بدات. ئامانج سەرەتا کۆبانێ و پاشان هەموو دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ئەمڕۆ پرۆسەیەکی هاوشێوەی کۆبانێ لەبەردەمماندایە. پێویستە وەک دە ساڵ لەمەوبەر کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژاڤا بپارێزین. بەرگریکردن لە ڕۆژاڤا بەرگریکردنە لە کوردستان. داوا لە گەلی کورد و هەموو دۆستانمان دەکەین خاوەنداریی لە کۆبانێ و شۆڕشی ڕۆژاڤا بکەن. وەک چۆن دە ساڵ لەمەوبەر بەرخۆدانمان کرد و سەرکەوتین، ئەمڕۆش برگریی دەکەین و سەردەکەوین.

بەم بۆنەیەوە ئێمە دەیەمین ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و یازدەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆنتۆنەکانی رۆژواو تێکشکاندنی داعش، لە گەلی رۆژاوا و تەواوی کوردستان و جیهان پیرۆز ئەکەین. سەرکەوتن بۆ شۆڕشی رۆژاوا ئەخوازین.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك ن ك

برۆکسل 2025.01.26

 

 

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان