بە ئامانجی کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر داخوازیی و دەستپێشخەریی کۆنفرانسی لۆزان و بە هاوکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە، نوێنەری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵێک کەسی سەربەخۆ، ڕۆژی ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٥ لە ناوەندی کەنەکە لە شاری برۆکسل کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا بە وردی بارودۆخی سیاسی هەڵسەنگێندرا. له وتووێژەکاندا بارودۆخی زیندانیانی سیاسی له ئێران و به تایبەتیش بڕیاری له سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشه مورادی به شێوەیەکی تایبەتی تر باسکرا و هەڵوێستی لە سەر گیرا. بڕیاردرا که لەسەر داسەپاندنی سزای لە سێدارەدان لە سەرانسەری ئێراندا هەڵوێست بگیرێت. لەم بارەیەوە نوێنەرانی هەوو پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئامادە لە کۆبوونەوەکەدا لە سەر کاری هاوبەش هاوڕا بوون و بەدیلی مانگرتنی گشتی خرایه بەر باس.
پاشان لێژنەی ئامادەکاریی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشانکرا و پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی گشتی پەسەند کرا. وەک پرەنسیپ بڕیاردرا کە هەر حزب و ڕێکخراوێکی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری لە کۆمیتەکەدا هەبێت،. هەروەها چەند کەسێکی سەربەخۆش لە کۆمیتەکەدا جێگە بگرن. داواش کرا کە ڕێژەی ژنان لە کۆمیتەکەدا بە شێوەیەکی ئەرێنی زیاد بێث.
لایەن و ڕێکخراوە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بە ڕیزبەندی ئەلفوبێ بەم شێوەی خوارەوەیه:
1. بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
2. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
3. کۆمەڵە –ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
4. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
5. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
6. پارتی ئازادی کوردستان
7. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
8. سازمانی خەباتی کوردستان
9. کژار
دەرگای کۆمیتە بەڕووی هەموو پارت و دامەزراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا بڕیار درا کە کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا لە ئەوروپا بەڕێوەبچێت.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
2025.01.20