ساڵێک پێش ئێستا و لە ١٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٣ لە ناو ئۆفیسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری هەولێر هەڤاڵ ( دەنیز جەودەت بولبون ) ناسراو بە دەنیز هێڤی بە پیلان و سەرپەرشتی دەزگای هەواڵگیری دەوڵەتی تورکیا (میت) تیرۆرکرا.
هەر چەندە لە سەرەتاوە لایەنە ئەمنیەکان ئەوەشیان خستە روو کە بکوژ گیراوە. بەڵام دواتر وتیان دەرباز بووە و لە هەرێمی کوردستان نەماوە. پاش نزیکەی ساڵێک و دوای چەند دانیشتنێکی دادگای تاوانەکانی هەولێر، سەرەنجام دوو تاوانباری هاوکاری تیرۆرەکە و سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا بە پێی مادەی ٢ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ، هەر یەکەیان بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ بە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی سزادران.
لەگەڵ ئەوەی ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی باشە، بەڵام هەتا ئەو کاتەی بکوژی سەرەکی دەگیرێت و سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت و دەستی دەزگا سیخوڕیەکانی دەوڵەتەکانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بە کۆتا دەگات. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێبڕئوانە کار لەسەر ئەم کەیسانە دەکەین. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم و دەزگا ئەمنیەکانیشە ئاسایشی چالاکوانان و ئازادیخوازانی پارچەکانی کوردستان بپارێزن و بکوژ و سیخوڕان بدۆزنەوە و بیاندەنە دادگا و حوکمی خۆیان وەربگرن.
لە کاتێکدا کە ئێمە یادی ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی تیرۆرکردنی دەنیزی خزمەتگوزاری نیشتمان و زمان و کلتوری کوردی دەکەینەوە، کوردستان لە ژێر پەلاماری داگیرکاری و هێرشی درۆنەکان دایە و تیرۆر لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و رۆژانە خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ و رۆژنامەنووس بە ئامانج دەگیرێن و هیچ کەسێکی ئازیخواز و دژە داگیرکاری لە ژیانی خۆی دڵنیا نیە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک لەم یادەدا بانگەواز لە دامەزراوە فەرمیەکانی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەرکی دەستوری و یاسایی خۆیان لە بەرامبەر خاک و خەڵک ئەنجامبدەن و نەبنە هاوکاری جێبەجێکردنیپیلانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و ژیان و سەلامەتی تێکۆشەران و پەنابەرانی سیاسیی و خەڵکی مەدەنی بپارێزن و دژی داگیرکەری بوەستنەوە.
جارێکی تر رۆحی شەهید دەنیزی تینووی ئازادی و خزمەتی کلتور و زمانی کوردی شاد بێت و وەک هەمیشە بۆ کاروانەکەتان بە وەفا دەبین و تا سزادانی بکوژ و داڵدەدەرانیان لە خەبات بەردەوام دەبین و کەیسەکەش هەر بەزیندوویی دەهێڵینەوە.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
2024.09.18