ساڵیادی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی

Share this article

ساڵێک لەمەوبەر کچە کورد ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. دوای ئەم کارەساتە دڕندانەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان، خەڵکی ئێران بە دروشمی “ژن – ژیان – ئازادی” ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی بەرفراوان و گەورەیان دژ بە گوشار و چەوساندنەوەی ڕێژیم ئەنجامدا.

لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر چالاکوانان و لەو هێرشانەدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەر کران. بەشێک لەو زیندانییانە هەتا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە،  زۆرێک لە گیراوان لەسێدارە دراون و ڕەوتی  لەسێدارەدان تا ئێستاکەش بەردەوامە.

زیاتر لە ٤٠ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دێموکراتیکەکانی هەموو خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و ناڕازییەکان سەرکوت دەکات. ئێران بۆتە زیندانێکی گەورە بۆ ژنان و هەموو خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران بە گشتی لەم هەلومەرجە ناڕازین و داوای ئازادی و وڵاتێکی دیمۆکراتیک دەکەن. ئەم خۆپیشاندانە جەماوەریانەش ئەنجامی ئەم ناڕازیبوونەیە.

ئێمە وەک کەنەکە داواکاری و خواستەکانی گەل بۆ ئازادی و بنیاتنانی وڵاتێکی دیموکراتیک، ڕەوا و بە مافی گەل دەبینین، پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و هەموو چالاکوانان دەکەین. هەروەها هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان شەرمەزار و ڕسوا دەکەین.

ئێستا کە لە ساڵیادی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی لە ١٦ سێپتەمبەرداین. خەڵکی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە، خۆیان بۆ ئەو یادە ئامادە دەکەن. حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە یەک دەنگ هەمان بانگەواز دەکەن. یەکدەنگی هێزەکانی کوردستان دڵخۆشمان دەکات. ئێمە وەک کەنەکە داوا لە هەموو کورد و هەموو خەڵکی ئێران دەکەین کە لە ساڵڕۆژی شۆڕشدا، بەشداری چالاکی و خۆپیشاندانەکان بکەن و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی بکەن. هەڕوەها داوا له هێزه دێمۆکراتیکەکان لە ئاستی جیهانیش دەکەین که خەڵکی ئێران به تەنیا جێ نەهێڵن و پشتیوانیان بن دژ به دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری زاڵ بەسەر ئێراندا.

ڕێک لەم کاتەدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران لە دژی هێزەکانی کوردستان زیادی کردووە. ئێران هەڕەشە لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە تا ١٩ی سێپتەمبەر چەک دابنێن و بنکەکانیان لە باشووری کوردستان چۆڵ بکەن. ئەمە دۆخێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە. لە نێوان ئێراق و ئێران لەسەر ئەم بابەتە ڕێککەوتن کراوە و لێدوانەکانی حکومەتی عێراقیش لەم کاتەدا ئەم دۆخە مەترسیدارە قووڵتر دەکەنەوە. حکوومەتی عێراق و بەتایبەتی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان نابێت بکەونە داوی ئەم داواکارییەی ئێرانەوە و ئەم دۆخە قبوڵ بکەن.

بەم هۆکارە داوا لە هەموو لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بە زووترین کات لە نێوان خۆیاندا بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن و دژ بەم هێرشانە هەنگاو هەڵێنن. هەروەها داوا لە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەکەین کە بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک، بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن و بە یەکگرتوویی دژی ڕژیمی ئێران بوەستێنەوە.

ئێمە وەک کەنەکە جارێکیتر دووبارەی دەکەینەوە کە خۆمان لە پەنای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێراندا دەبینینەوە و هاوکات داوا لە هەموو کوردستانیان دەکەین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەنیا جێ نەهێڵن و بەشداری هەموو چالاکییەکانی ساڵیادی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی ببن.

 

کۆنسەی بەرێوەبەری کەنەکە

١٤-٠٩-٢٠٢٣

په‌یامی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بۆ كوردستانیانی كه‌ركوكوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان
پشتیوانیی دانیشتوانی کامپی مەخمور ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە