پشتیوانیی دانیشتوانی کامپی مەخمور ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییە

Share this article

چارێکی دی حکومەتی عیراق لە ژێر گوشارەکانی دەولەتی تورکیادا لە هەوڵی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کەمپی پەنابەرانی مەخموردایە. خەڵکی ئەو کامپە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵتی تورکیاوە و سوتاندنی گوندو ماڵەکانیان 30 ساڵ لەمەوبەر پەنایان بۆ ئەو کامپە بردو تیایدا نیشتەجێ بوون ئێستا نزیکەی 11 هەزار کەس لەو کامپەدا ئەژین و هەموو خەڵکی سڤیلن. زۆربەیان ژن و منداڵن. کامپەکە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. دانیشتوانی کامپ پەناری سیاسیین و دیلی جەنگ نین. گەمارودان و تەلبەندکردنیان دژی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی پەنابەرانە. رەفتارێکی لەو چەشنە نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری ئەکات و دەرەنجامی خراپی لێئەکەوێتەوە.

ساڵانێکە خەڵکی ئەو کامپە چاوەڕێی ئەوەن هاوکاری بکرێن و خزماتگوزارییان بۆ دابین بکرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە هەموو روویەکەوە لەژێر گوشاری سەربازی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵاتی و خزمەتگوزاریدان، سەرەڕای ئەوە تورکیا بەردەوام بە فڕۆکە هێرشیان ئەکاتە سەر، سەرباری ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەی ئەبات ئابڵوقەی داون و رێگری لە هەموو یارمەتی و خزمەتگوزارییەک لەو کامپە ئەکات، حکومەتی عێراقیش بۆ تەواوکردنی ئەو کارە نامرۆڤایەتییانە پەنای بردۆتە بەر زیاتر گەمارودان و گوشارخستنە سەر دانیشتوانی کەمپی مەخمور.

ئەمە جاری یەکەم نییە کە حکومەتی عێراق هەوڵی لەو چەشنە ئەدات. پێشتریش هەوڵی لەو جۆرە درا. بەڵام دانیشتوانی کامپەکە بە ناڕەزایەتی و تێکۆشانی خۆیان هەوڵەکانیان پوچەڵکردەوەو حکومەتی عێراقیان ناچاری پاشەکشە کرد. ئەمجارەشیان بەهەمان شێوە دانیشتوانی کامپەکەو خەڵکی دڵسۆزو نیشتمانپەوەری کوردستان، رێگە نادەن پیلانێکی لەو جۆرە بەسەر ئەو خەڵکە بێتاوانەدا بسەپێنرێت و وەک زیندانیی حسابیان بۆ بکرێت.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هەنگاوەی حکومەت و دەوڵەتی عێراق ئەکەین. بانگی دەوڵەتی عێراق ئەکەین چیتر نەکەوێتە ژێر گوشار و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە. لەجیاتی گەمارۆدان و تەلبەندکردنی خەڵک، هاوکاریان بێت و بە ئەرکی یاسایی و رێساکانی پاراستنی پەنابەران هەستێت. داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش ئەکەین دەست لە ئابڵوقەدان و گوشارەکانیان بۆسەر کامپی مەخمور هەڵگرن. چی دی رێگری لە بوون و جوڵەو ژیانیان نەکەن.

هەروەها بانگی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەکەین بە ئەرکی راستەقینەی خۆیان هەستن، یاسا و رێساکانی پەنابەریی لە کامپی مەخمور پەیڕوە بکەن و کامپەکە لەو دەستدرێژیانە بپارێزن.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە پارتی سیاسی و رێکخراوە مەدنیەکان، لە رۆژنامەوان و رۆشنبیران ئەکات، بە تەنگ خەڵکی کامپی مەخمورەوە بچن. نەهێڵن چیتر لەژێر ئەو هەموو گوشار و زەبرو زەنگەدا بمێننەوە. نەهێڵن چیتر ئابڵوقەو گەمارۆ بدرێن و وەک دیلی جەنگ و زیندانی مەمەڵەیان لە گەڵدا بکرێت. دانیشتوانی کامپی مەخمور چاوەڕێی هەڵوێستی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لە هەمووان ئەکەن.

کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆنگەی نەتەوەیی کوردستان
2023.05.20 برۆکسل

ساڵیادی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادی