دژ بە هێرشەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کۆلبەران کوشتنی کۆڵبەران سیاسەتی دوژمنایەتی گەلی کوردە!

Share this article

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا  هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەلات و باشووری کوردستان زیادی کردووە و چەندین کوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە و دەیان خێزانیش داخداری عەزیزانیان بوون.

 کۆڵبەری ئەو پیشە مەترسیدار و تاقەتپڕۆکێنەیە، کە بە هەزاران کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناچاری و بەهۆی نەبوونی هەلی کار و کەمتەرخەمی کاربەدستانی ڕژیمەوە رووی تێدەکەن و ساڵانە بەسەدان کۆڵبەر لەپێناو دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەبنە قوربانی. 

سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدات لە لایەکەوە کۆمەڵگای کوردستان پەراوێز بخات و برسی بهێڵێتەوە  و لەلایەکی دیکەشەوە لە چوار چێوەی سیاسەتی قڕ کردنی خۆیدا بە شێوەی سیستماتیک و بەردەوام راستەخۆ ئەو کۆڵبەرانە دەکاتە ئامانج کە لەپێناو دابینکردنی بژێوی خۆیان و بنەماڵەکەیاندا ناچارن رووبکەنە ئەو کارە پڕمەترسییە.

بەپشت بەستن بە ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٨ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٤٢٧ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان قوربانی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمن و تەنیا لە ماوەی ٧٠ رۆژدا ١٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئەم کارە دڕندانە و دژە مرۆڤانەی هێزەکانی ڕژیم رووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگایی کردن نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی ڕژیم تەقەی راستەوخۆ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە کاسبکار و ئەو کۆڵبەرە بێ چەکانە کە هیچ مەترسییەکیان بۆسەر ئەو هێزانە نییە و تەنیا دەیانەوێت بژیوی ژیانیان دابین بکەن نایاساییە، بەڵام هێزەکانی ڕژیم وەک ئەوەی چووبێتنە ڕاو و بە ئەنقەست و راستەوخۆ گولەبارانیان دەکەن.

بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنە زۆرانەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆلبەران دابووی، حکومەتی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا توندوتیژیی بەرامبەر کۆڵبەران لە ڕادەبەدەر زیاد کردووە. هیچ پاساوێك بۆ ئەم هێرش و پەلامارانە بۆ سەر گیان و ژیان خەڵکی وەزاڵە هاتوو لە سیاسەت و کەمتەر خەمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و تەنیا هۆکاری ئەم هێرشە و کوشتنانە، سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە دژی خەڵکی کوردستان.

 وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەو هێرشە دڕندانەی رژیم ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و داوا لە حكومەتی ئێران دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی گیان و ژیانی خەڵکی بەجێ بهێنێت، هەروەها  پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە

٣٠-٠٥-٢٠٢٤

کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە ئامەد و ماردین ڕووداوێکی بەڕیکەوت نییە!
ساڵوەگەڕو ئەرەمەرزناو کەنەکەی ئۆسلۆنە لوواڕاوە