41ەمین ساڵوەگەڕی 15ی ئاب پیرۆزبێ
ساڵی 1984، ڕۆژی 15ی ئاب. کوردستان و تورکیا لە لایەن دەسەلاتدارانی کۆدێتاچی و فاشیستی 12ی ئەیلولی 1980ەوە بەڕیوەدەچوو. زەبروزەنگێکی بێبەزەییانە و ئەشکەنجەیەکی دڕندانە، ژیانی لە خەڵک هەراسان کردبوو. زیندانەکان پڕبوون لە ئازادیخوازان. حوکمڕانیی فاشیست خۆڵ و تۆزی مەرگیان بەسەر خەڵکدا دەڕشاند. ترسی گرتن و مردن حوکمی دەکرد. لەو هەلومەرجە سەختانەدا گەلی کورد و سەرکردەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان تەسلیمی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورک نەبوون و سەریان دانەنەواند و بەرخۆدانێکی بەهێزیان گەشەپێدا. لە زیندانەکانەوە تا هەموو کایەکانی ژیان، خەباتێکی خۆنەویستانە ڕێکخرا. بەڵێ باجی گەورە درا، بەڵام لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەتدا ئاڵای ئازادیش هەڵکرا.
هاوتەریب لەگەڵ بەرخۆدانی قارەمانانەی زینداندا، لە دەرەوەی زیندان ئامادەکاریی بۆ راپەڕینی چەکداریی دەکرا. لەو کەش و هەوا سەختەدا خەبات و بەرخۆدانێکی ئازایانە پیشاندرا و لەگەڵ تەقینەوەی گولەکە لە 15ی ئابی 1984دا جارێکی دیکە بانگەوازی ئازادی و ڕزگاری کورد و کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان و تورکیا و جیهان ڕاگەیەندرا. لەو هەڵمەتە مەزن و مێژووییەدا، ئەمجارە دھێ (ئەروح) و شەمزینان، بوونە گۆڕەپانی دەستپێکی خەباتی چەکداریی ڕەوای کوردستان. بەو هەوڵە پریشکی شۆڕشی کوردستان بوو بە ئاگرێکی سووتێنەر لە وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. عەگیدی عەگیدان لە گەڵ کۆمەڵێک ئازادیخوازن دەستیان پێکرد و ئەمڕۆش بوونەتە هێزێکی گەورەی گەریلا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە خەبات و بەرخۆدانی دۆزی کوردستاندا، ئەم هەنگاوە بۆ خۆی قەڵەمباز و سەرکەوتنێکی گەورەیە.
لە ئێستادا و لە 41ەمین ساڵوەگەڕی 15ی ئابدا، دەچینە ناو سەردەمێکی نوێوە. دوای 41 ساڵ شەڕ، دوای 52 ساڵ خەباتی بێوچان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ پرسی کورد، ئێستا تەڤگەری ئازادیی کوردستان بە رێبەرایەتی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر مێزی دانوستانە. دەوڵەتی تورک تا ئێستا ئەم دەستپێشخەرییە بە ناوی جۆراوجۆر ناوزەد دەکاات. بەڵام ئێمە وەک گەلی کورد ئەو ناولێنانانەی ئەوان قبوڵ ناکەین، ناوی ئەم پرۆسەیە “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”ە. ئەم پرۆسەیە ماوەیەکە بەردەوامە. تا ئێستا تەڤگەری ئازادیی کوردستان زۆربەی هەنگاوە پێویستەکانی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە ناوە.. لە ئێستادا کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەریی بە ناوی “کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانیی، خوشک و برایەتی و دیموکراسی” لە پەرلەمانی تورکیادا دامەزراوە و لە کاردایە. هیوایە پرسی کورد بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت. ئەمە پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان و خەڵکی کوردستان و دۆستانی کورد کاری لەسەر بکەن،
ئەم دەستپێشخەریی و دانوستانە بە ئاسانی نەهاتۆتە گۆڕێ. ئەوانەی دژایەتی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان دەکەن بە ئاسانی نەهاتوونەتە سەر ئەم مێزی گفتوگۆیە. ئەمە دەرئەنجامی خەباتێکی 52 ساڵەیە، دەرئەنجامی خوێنی دەیان هەزار شەهیدە، دەرئەنجامی بەرخۆدانی گەورەی خەڵکی کوردستانە، ئەمە دەرئەنجامی دەستپێشخەریی 15ی ئابە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ لەسەر مێزی دانوستانین، قەرزاری قارەمانانی دەستپێشخەریی 15ی ئابین، قەرزاری فەرماندە عگید و هەزاران فەرماندە و دەیان هەزار تێکۆشەری ئەم دەستپێشخەرییەین، قەرزاری دەیان هەزار شەهیدی ئازادیین. دەستپێشخەریی و هەنگاوی 15ی ئاب چارەنووسی گەلەکەمانی گۆڕی و گەلی کوردی کردە ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم دەستپێشخەرییە تا ئێستاش بە شێوازی تر بەردەوامە، ئێمە لەو بڕوایەداین ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتە هۆی ئاشتی و ئازادیی. دەرئەنجامێکی دیکەی ئەم دەستپێشخەرییە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە. شۆڕشی ڕۆژاوا لەسەر بەها و رەنج و ئەزمونی 15ی ئاب بنیات نرا، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژاوادا کورد و کوردستان بەشێوەیەکی زۆر ئەرێنی هاتنە ناو کارنامەی جیهانییەوە، بەهاکانی 15ی ئاب لە جیهاندا ناسێنران و کوردیش لە بواری دیپلۆماسیی جیهانیدا جێگەی خۆی گرت،
ئێستا پێشوازی لە 41 ساڵەی بزووتنەوەی 15ی ئاب دەکەین. تەلارسازى بزووتنەوەى 15ى ئاب و تەلارسازى پرۆسەى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراتیک بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالانە. عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر گوشار و گۆشەگیریی تونددا بووە. بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە ئێستا گۆشەگیرکردنەکە تاڕادەیەک سووکتر بووە، بەڵام دابڕانەکە هێشتا بەردەوامە. ئەم دۆخە دۆخێکی مەترسیدار و قبوڵنەکراوە و دەبێت هەموو کورد و دۆستانی کورد لە کار و چالاکیی دژی ئەم دۆخە لە تێکۆشاندا بن. بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەربکەوێت، دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێت بە ئازادیی بجوڵێت. ئازادی ئۆجالان ئازادی تاکە کەسێک نییە، ئازادی هەموومانە. بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی دیکە بەشداری کەمپینی “ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان – چارەسەریی بۆ پرسی کورد” دەکەین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین بەشداریی ئەم هەڵمەتە بکەن و بەهێزی بکەن.
بەم بیروبۆچوونەوە، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی چل و یەکەمین ساڵوەگەڕی 15ی ئاب لە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد دەکەین، بە ڕێز و شکۆوە شەهیدانی شۆڕش بەبیر دێنینەوە، سەری رێز لەبەردەم یادەوەریی ئەو شەهیدانە و هەموو ئەوانەش کە لە ژیاندا ماون و ئەم هەنگاوە مێژووییەیان نا، دادەنەوێنین و گەرمترین سڵاویان بۆ دەنێرین، هەموومان قەرزاری ئەوانین و رێبواری رێگاکەیانین. جگە لەوەش سڵاو لە درێژەپێدەرانی رێگای عەگید و هەموو ئەو قارەمانانەی کە لە ئێستادا لە کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی میدیادا بەرخۆدان دەکەن و لە سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2025.08.14 برۆکسل