جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادیی، نەورۆز پیرۆز بێت!

Share this article

جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادیی، نەورۆز پیرۆز بێت!

 

لە مێژووی کوردستاندا، نەورۆز هەمیشە پێگەیەکی دیار و تایبەتی هەبووە. نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدانە، نەورۆز هێمای ڕاپەڕین و سەرکەوتنە بەسەر زوڵم و ستەمدا، نەورۆز جەژنی ئازادییە. ئەم جەژنە لەسەر بنەمای خەبات و تێکۆشان دژ بە ژێردەستەیی سەری هەڵداوە و لە بەرامبەر زوڵم، کۆیلایەتی، داگیرکاری و سەرجەم فۆرمەکانی چەوساندنەوە، بووەتە مەشخەڵی بێوچانی ڕزگاری و سەربەستی.

ئەمڕۆ گەلی کورد، لە سایەی ڕەنج و خەباتی چەندین ساڵە و بەخشینی قوربانییەکی مەزن، نەورۆزی کردووەتە جەژنێکی جەماوەریی و ڕۆژی بەرخۆدان. هاوکات، بە هۆی ئەم تێکۆشانەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا، نەورۆزی وەک ناسنامە و جەژنی نەتەوەیی کورد جێگیر کردووە. گەلەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان و تاراوگە، بەپێی واتا مێژووییەکەی و بە ئامانجی گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی، یادی نەورۆز بەرز ڕادەگرێت. کوردان، نەورۆزیان لە ناو جەرگەی خەباتی هەمەلایەنەی خۆیاندا، لە گوند و شار و زیندانەکان و لە گشت گۆڕەپانەکانی ژیاندا، کردووەتە سەنگەری پۆڵاینی تێکۆشان بۆ ڕزگاری و سەربەستی.

بە هاتنی نەورۆز، پێ دەنێینە ساڵێکی نوێوە. ساڵی ڕابردوو لە گشت بوارەکاندا ساڵی خەبات و بەرەنگاری بوو. لە ئێستاشەوە ڕوونە کە ئەمساڵیش دەبێتە ساڵی تێکۆشانی گەورە و هەمە لایەنە. کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕن. ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بەوپەڕی دژوارییەوە بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکێشەیەکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و سات بە سات ئەم پارچەیە دەبێتە جێگای باس و ڕۆژەڤ، بە جۆرێک کە چاوی تەواوی کوردان لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. پاش سەری ساڵی زایینی، هێرشی بەرفراوان و دژوار کرایە سەر ڕۆژاوای کوردستان. دوای بەرخۆدانێکی مێژوویی، ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی کاتی شامدا واژۆ کراوە، بەڵام هێشتا دۆخێکی ناڕوون و تەمومژاوی باڵی بەسەر تەواوی سووریادا کێشاوە، ڕێککەوتنەکە کەمکوڕیی زۆری تێدایە و گەلێک خاڵی شاراوەی لەخۆ گرتووە کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوەیە. لە باکووری کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد، ماوەیەکە پرۆسەیەکی گفتوگۆ هاتووەتە ئاراوە و بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، ئەمەش پرسێکی ستراتیژییە و لە مانگەکانی داهاتوودا دەرەنجامەکانی ڕوونتر دەبنەوە. لە باشووری کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا کابینەی نوێ حکومەت پێک نەهاتووە، پەرلەمان پەکخراوە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانیش لەگەڵ بەغدا بە بێ چارەسەر ماونەتەوە. لە پاڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە، چەندین جار باشووری کوردستان و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەوێ کراوەتە ئامانجی هێرشەکان.

ماوەی دوو ساڵ و نیوە جەنگێکی وێرانکەر بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە. شەڕ لە فەلەستینەوە هەڵگیرسا و پەلکێشی وڵاتانی لوبنان، سووریا، یەمەن، عێراق و ئێران بوو. ڕژێمی بەعسی سووریا داڕما و تێکشکێندرا. لە ئێستاشدا جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا بەرپا بووە و بڵێسەی ئەم ململانێیە بەردەوامە. ئەم دۆخە نەخوازراوە، هەم مەترسییەکی گەورەیە و هەمیش دەتوانێ دەرفەتی زێڕین بێنێتە ئاراوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قەوارەی سەپێنراوی سایکس-پیکۆ و لۆزان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا سیستەمێکی نوێ جێگەی نەگرتووەتەوە و نەخشەی ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەچێت. ستاتۆ کۆنەکە بۆ ئێمەی کورد جگە لە ئینکارکردن، تواندنەوە (ئاسیمیلەسیۆن) و جینۆساید هیچی دیکەی لەگەڵدا نەبوو. بۆیە پێویستە ئێمەی کورد بە وریاییەوە خۆمان بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئامادە بکەین و لە کورتترین ماوەدا یەکڕیزیی ناوماڵی خۆمان مسۆگەر بکەین. لەم سۆنگەیەوە و بە بۆنەی نەورۆزەوە، جارێکی دیکە بانگەواز ئاراستەی سەرجەم پارت، ڕێکخراو، هێزە کوردستانییەکان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین و دەڵێین: “وەرن با پێکەوە لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی نەتەوەییدا کۆببینەوە و ستراتیژییەتێکی نەتەوەیی هاوبەش دابڕێژین.”

ئەم بارودۆخە کە بە کورتی تیشکی خرایە سەر، ئەرک و بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەکانمان دیاری دەکات. پێویستە لە بەرامبەر پیلانی سەرجەم داگیرکەران ڕێوشوێنی پتەو بگیرێتە بەر، هێزەکانی پاراستن زیاتر پڕچەک و بەهێز بکرێن، پەلاماری دوژمنان تێکبشکێندرێت و ئەو دەسکەوتانەی تا ئێستا بە خوێن بەرهەم هاتووە بپارێزرێن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی نوێ بدرێت. هاوکات، دەبێت هەر جۆرە هاوکاریکردنێک لەگەڵ دوژمناندا وەک هێڵی سوور تەماشا بکرێت و بە توندی سەرکۆنە بکرێت. بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئەم ئامانجانە، پێویستە لەپێشدا یەکڕیزیی ناوماڵی کورد پتەو بکرێت و یەکێتیی نەتەوەیی ببێتە بنەمای کارکردنمان. با ئەمساڵ بکەینە ساڵی بەدیهێنانی سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی ئازادی.

ئێمە لە هەلومەرجێکی لەم شێوەیەدا پێشوازی لە نەورۆز دەکەین و یادی ئەم جەژنە پیرۆزە، بە ڕۆحییەتی بەرخۆدان و قوربانیدانەوە بەرز ڕادەگرین. بانگەواز ئاراستەی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەین و دەڵێین؛ وەک نەریتی هەموو ساڵێک بڕژێنە مەیدانەکانی نەورۆز و بە ڕۆحی شۆڕشگێڕی و بەرخۆدانەوە پێشوازی لەم ڕۆژە مێژووییە بکەن.

لە قۆناغێکی چارەنووسساز و گرنگی تێکۆشان بۆ ڕزگاری و ئازادیی کوردستاندا، پێویستە مەشخەڵی نەورۆز ببێتە هەوێنی ڕووناکی بۆ یەکگرتوویی و یەکێتیی گەل و نەتەوەکەمان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەم بیر و باوەڕە نەگۆڕەوە، نەورۆزی سەرجەم کورد و کوردستانییان بە گەرموگوڕییەکی قووڵی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە پیرۆز دەکات.

کات، کاتی سەرکەوتن و ئازادییە.

نەورۆز پیرۆز بێت!

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە

٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦، بڕۆکسێل

 

جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان و تەواوی جیهانی ئیسلامی پیرۆز بێت!