79هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەمەد و هەڤاڵانی 

Share this article

 

79هەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەمەد و هەڤاڵانی 

 لە رۆژی 31 ی ئاداری 1947 (10ی خاکەلێوەی 1326ی هەتاوی)، دوای رووخانی کۆماری کوردستان رێبەر و دامەزرێنەری ئەو کۆمارە پێشەوا قازی موحەمەد، وەزیری پەرگری و جێگری سەرۆک کۆمار سەیف قازی و نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران و نوێنەری قازی لە تەهران سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرا لە سێدارە دران. ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون تەنها لەم سێ شەڕڤانەدا سنووردار نین. چ پێش لەسێدارەدانی قازی و چ دوای لەسێدارەدانی قازی، ٢٢ ئەفسەر و کارگێڕی دیکەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، سەقز، بۆکان و میاندواو لەسێدارە دراون. چوار ئەفسەری کۆمار کە گەڕابوونەوە بۆ عێراق و لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوونە یەکێتی سۆڤیەت، لە بەغدا لە سێدارە دران. بەم ئیعدامانە، بە گشتی ٢٨ کارگێڕ و ئەفسەری کۆماری کوردستان لە سێدارە دران و پەیوەست بوون بە کاروانی شەهیدانی ئازادییەوە.

پێشەوا قازی و هەڤاڵانی بە دڵسۆزییەکی مەزنەوە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشان و گیانیان لە پێناویدا بەخشی. راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە خەبات و تێکۆشانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستاندا هەنگاوێکی مێژوویی و جێگای بایەخە. لە ئەنجامی پلان و رێککەوتنی دەوڵەتان، بە تایبەتی لە نێوان  ئینگلیز و سوڤیەتی پێشوو کە جگە لە بەرژەوەندیەکانیان هیچ پیرۆزی و مافێکی تریان بە هەند نەدەگرت، لەگەڵ رژێمی شای فاشیستدا  هێزەکانی دەوڵەتی ئێران هێرشی کۆماری کوردستانیان کرد. لە ئەنجامدا پێشەوا و هەواڵانییان لە مەیدانی چوارچرا لە سێدارەدا.

تێکۆشان و خەباتی قازی و هەواڵانی و لە سێدارەدانیان ئەوەی نیشانی ئێمە دا کە هێزە کۆلۆنیالیستەکان و سەرمایەدارانی جیهان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کورد کردووە و لە پێناو بەرژەوەندیەکانیان ئامادەن خیانەت لە هەموو پرەنسیبە مرۆییەکان بکەن. نزیکایەتی ئەوان لە کۆماری کوردستان بەدیارکەوت کە بەرپرسیاریەتی راستەوخۆی دژایەتی پرسی کورد و ناچارەسەریەکەی هێزە کۆلۆنیالیست و رژێمە سەرمایەدارەکانن و تا ئێستایش بەردەوامە.

لەسەر و بەندی کۆماری کوردستاندا دەستکەوتگەلی مەزن لە بوارەکانی رێکخراوەیی کۆمەڵایەتی کوردی، فەرهەنگی، کولتوری، پەروەردەیی و فێرکردن، ئابوری و بەگشتی هەموو سازییەکانی بۆ دەوڵەتداری رێکخرابوو.  بەڵام مخابن بە پاڵپشتیی کۆلۆنیالیزمی نێونەتەوەیی و هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە کۆمار هێنرا و بەوەش نەوەستانەوە تاوەکو دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمار و بە گشتی 28 لە هەواڵانی لە سێدارە دران. دیسان بە پلانەکانی کۆلۆنیالیزمی ناونەتەوەیی خەون و هیواکانی رزگاری و ئازادی کە وەک مافی رەوای کورد و کوردستان ژێرپێ خران و لەو پارچە داگیرکراوەی کوردستاندا تاوەکو رۆژی ئەمڕۆ داگیرکاری و پێشێلکردنی مافەکانی کورد بەردەوامی هەیە و ماوەتەوە.

جاڕدان و بڕیاردانی دەوڵەتی سەربەخۆ لەو کاتە مێژووییەدا، بە ناوی کۆماری کوردستان لە ناو ئەو شەرت و مەرجە قورسانەی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیی بریارێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بوێرانە و چاونەترسانە بوو. بۆیە ئەو هەوڵ و خەبات و گیانفیداییەی سەرۆک و پێشەنگانی کۆمار بۆ ئێمە و مێژووی گەلەکەمان بوونەتە واتا و وانەی بەنرخ. پێشەوا قازی محەمەد وەک سیمبولێکی گەورە و پایەبەرز لە  لاپەڕەکانی مێژوودا جێگای خۆی گرتووە و نوسراوەتەوە.

ئەمڕۆ لەبەرامبەر رژێم و دەسەڵاتی مەلاکانی ئێران، لاوانی کورد، ژنانی کورد بە دروشمی ژن ژیان ئازادی بە رێکخراوەیی و سازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەشکرییەوە لە خەبات و تێکۆشاندان، لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئێران رۆژانە سزای لەسێدارەدانی جەوانانی کورد ئەنجام دەدەنو لاوان و چالاکوانانی کورد لە کونجی زیندانەکاندا بە رەهینە دەگرن و کۆڵبەرانی پەیداکردنی بژێوی ژیان گولەباران دەکەن.گەلی کوردیش لە هەوڵ و خەباتی ئازادیخوازانە و دۆزی قازی و هەواڵانی بۆ ئازادی و رزگاریی بەردەوامن.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئێران لە ناوەڕاستی شەڕێکی جیددیدایە. کاریگەریی ئەو شەڕەش لە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرە. ڕێژیمی ئێران بەرەو ڕووخان دەڕوات. لە ئێستادا گرژی و ئاڵۆزیییەکی زۆر لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا بە گشتی هەیە. ئەم دۆخە هەم مەترسی و هەم دەرفەتی بۆ ئێمە دەهێنێت. بە تایبەتی پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بۆ ئەم دۆخە ئامادەبن. پێویستە گەل لە هێرش و مەترسییەکان بپارێزرێت و دەرفەتی ئازادیش بخرێتەڕوو.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، 79ساڵەی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و سەدری قازی و هەڤاڵانی ئاوان و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان جارێکی تر بە رێز و ستایشەوە بەبیر دێنینەوەو و سەری رێز و نوازش لەبەرامبەریان دادەنەوێنین. هەروەها هەموو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە سەرویانەوە رژێمی ئێران و بە توندی شەرمەزار و ریسوا دەکەین.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

31 ی ئاداری 2026 برۆکسل

 

بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان – باشور