جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان و تەواوی جیهانی ئیسلامی پیرۆز بێت
سبەینێ جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانە. سەرەتا پیرۆزبایی ئەم جەژنە ئاراستەی زیندانییانی سیاسی و شەڕڤانانی ڕێگای ئازادی، گەلی کوردستان و سەرجەم جیهانی ئیسلامی دەکەین. ئومێدەوارین جەژنی ڕەمەزان لە وڵاتەکەمان و لە سەرانسەری جیهاندا، ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی.
لە ئێستادا لە سەرەتای وەرزی بەهار و لە هەفتەی جەژنی نەورۆزداین، بەمجۆرە هەردوو جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز پێکەوە بەرز ڕادەگرین.
کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێکی زۆر هەستیار و چارەنووسساز تێدەپەڕێنن. ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بەوپەڕی توندییەوە بەردەوامی هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و سات بە سات ئەم پارچەیەی کوردستان دەبێتە بابەتێکی سەرەکیی و ڕۆژەڤی جیهانی. پاش سەری ساڵی زایینی، هێرشی بەرفراوان کرایە سەر ڕۆژاوای کوردستان. لە ئێستاشدا ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی کاتی شامدا ئەنجام دراوە، بەڵام بارودۆخێکی ناڕوون و لێڵ باڵی بەسەر تەواوی سووریادا کێشاوە. لە باکووری کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد، ماوەیەکە پرۆسەیەکی گفتوگۆ هاتووەتە ئاراوە و لە ئێستاشدا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت. لە باشووری کوردستان سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا کابینەی حکومەت پێک نەهاتووە، پەرلەمان پەکخراوە و پرس و کێشە هەڵپەسێردراوەکانیش لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکراون. لە هەمان کاتدا، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانەوە، چەندین جار باشووری کوردستانیش کراوەتە ئامانج. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، باری سەپێنراوی سایکس-پیکۆ و لۆزان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا جێگرەوەی بۆ دیاری نەکراوە، بەمەش نەخشەی ناوچەکە بەرەو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەنگاو دەنێت.
ئێمە لە سایەی ئەم بارودۆخەدا پێشوازی لە جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز دەکەین. کوردستان و ناوچەکەمان بە شێوەیەکی گشتی ڕووەو گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەچن. هەرچەندە ئێمە بە هیچ شێوەیەک لایەنگری جەنگ نین، بەڵام ئەو ئاگرەی لەم ناوچەیەدا هەڵگیرساوە، وڵاتەکەی ئێمەش پەلکێشی ناو ململانێکان دەکات.
سەرەڕای بوونی ئەم هەلومەرجە سەختانەش، ئێمە گەشبینین و بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە گەلەکەمان لە ئایندەیەکی نزیکدا، لە کەشێکی ئارام، ئاشتییانە و ئازاددا، لەسەر خاکی ڕزگارکراوی خۆی، جەژن و بۆنەکانی خۆی بەرز ڕادەگرێت. بەم بۆنەیەشەوە، جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە گشت زیندانییان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، گەلی کوردستان و سەرجەم جیهانی ئیسلامی دەکەین.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە
١٩-٠٣-٢٠٢٦





