خواست و ناڕەزایەتی گەلانی ئێران دێموکراتیک و ڕەوای
ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران خۆپیشاندانی گشتی و جەماوەری بەڕێوە دەچێت و هەتا ئێستاش ڕاپەڕینی گەل لە تەشەنە سەندن دایە. خۆپیشاندانەکان ئەمجارە لە تاران و لە لایەن کاسبکاران و بازاریانەوە دەستی پێکرد و بە هەموو ئێراندا تەشەنەی سەند. گەلانی ئێران دەیان ساڵە لە ژێر گوشار و هەلوومەرجی ژیانی دژوار و تونددا دەژین، بە تایبەتی ژنان رووبەڕووی هەڵاواردنێکی بێوێنەوە بوونەتەوە و مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوت کراوە و ئێران بۆتە زیندانێکی گەورە بۆ ژنان. بینیمان چۆن سێ ساڵ لەمەوبەر لە ژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”دا ژنانی وە زاڵە هاتووی ئێران شۆڕشێکی مەزن و بێ وێنەیان دەست پێکرد. هەرچەندە هۆکاری سەرەتایی سەرهەڵدانی ئەم شەپۆلەی ناڕەزایەتییەکان ئابووریی و بژیوی ژیان بێت، بەڵام ڕاپەڕینی ئەمڕۆژانە، درێژەپێدەری شۆڕشی”ژن، ژیان، ئازادی”یە!
ئێران وڵاتێکی فرە نەتەو و فرە ئایینە، بەڵام بە بێ جیاوازی هەرکەسێک کە وەک دەسەڵات بیر نەکاتەوە دەکەوێتە ژێر فشارێکی زۆر و زەحمەتییەوە. دەسەڵات لە سەر ئەساسی ناوەندگەرای و لەسەر بنەمای ئایینی دامەزراوە و ڕەنگی جیاواز و بیروبۆچوونی دیکە قەبوول ناکات و بە هیچ شێوازێک دیمۆکراتیک نییە و ئەوەی وەک ئەوان بیر نەکاتەوە رووبەڕووی جەزا و تۆقاندن دەبێتەوە. ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی بەڕێوەبەریی ناکارامە و گەندەڵیەوە، زۆربەی خەڵکی لە هەژاری و بێدەرەتانیدا دەژین و ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابین بکەن. دۆخی خەڵک لە سەرانسەری ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت و ڕێژیمی ئێران بەرپرسە لەم هەلومەرجە نالەبارەی خەڵک.
خەڵکی ئێران لە دژی ئەم دۆخە نایەکسان و نالەبارە ڕاپەڕیون. خواستی گەل ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی و خۆشگوزەرانییە. ئەم داواکارییانە، مافی سەرەتایی و بنەڕەتی هەموو تاک و کۆمەڵگایەکە. ئەم داواکارییانە ڕەوان و ئەم سەرهەڵدانانە بۆ گەیشتن بە مافی رەوای گەل دەستی پێکردووە، کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) خواست گەلانی ئێراب بۆ گۆڕانکاری و خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران بە مافێکی ڕەوا دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکات.
حکوومەتی ئێران لە جیاتی گوێگرتن لە داواکاری ڕەوای خەڵکی ناڕازیی، هەوڵدەدات بە بە کارهێنانی هێزە سەرکوتکەرەکانی پۆلیس و بەسیج، دژ بە داواکاری و ویستی ڕەوای گەلانی ئێران بوەستێتەوە و بە بەکار هێنانی هێز و توندوتیژی پێشی لە راپەڕینی خەڵک بگرێت. هەوڵ دەدات وا نیشان بدات ڕاپەڕین دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە و بەم شێوازە بۆ تاوانەکانی خۆی پاساو بهێنێتەوە . تا ئێستا زیاتر ٣٠ کەس لە هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر خۆپیشاندەران کوژراون و سەدان کەسیش بریندار و هەزاران کەس دەستبەسەر کراون. ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست نییە و بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ کردن نییە. خەڵک لە ڕێگای خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە خواستی ڕەوای خۆیان دەردەبڕن و هیچ ڕێگایەکی دیکەشیان لەبەردەمدا نییە. حکومەتی ئێران دەبێت گوێ لە داواکاری رەوای خەڵک بگرێت و توندوتیژی بەرامبەر خەڵک بە هیچ شێوەیەک بەکارنەهێنێت. پێویستە حکومەت خۆی بگۆڕێت و ئیدارەیەکی دیموکراسی لە وڵات بێتە ئاراوە.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین؛ هێرش و توندوتیژی بەرانبەر بە خەڵک ڕابگرێت و گوێ لە دواوکاری ڕەوای خەڵک بگرێت، چارەسەری بریندارەکان بکرێت، گیراوەکان ئازاد بکەن و داوای ڕەوای خەڵک قبوڵ بکەن.
هەروەها داوا لە خەڵک و هەموو خۆپیشاندەران دەکەین یەکڕیزی خۆیان بپارێزن و ئیزن نەدەن هیچ دەستێک خۆپیشاندانەکانیان بە لارێدا بەرێت!
لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکی جیهان، هێزە دێموکراتیکەکان و دۆستانی گەلانی ئێران دەکەین کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕاپەڕین و داواکاری ڕەوای گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بکەن.
هەروەها یادی گیانبەختکراوانی ئەم سەرهەڵدانانە بەرزڕادەگرین و هاودەردی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی گیانبەختکراوان ڕادەگەینین و سەرساغی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەیان و هەموو گەلانی ئێران دەکەین و هیوای چارەسەری بۆ بریندارەکان دەخوازین.
کۆنسەی بەڕێوەبەر کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە
08.01.2026








