بەڵێ بۆ کۆدەنگی نیشتمانیی و یەکێتی نەتەوەی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، گروپێکی فراوان لە دەستەبژێرانی باشوری کوردستان، بانگەوازێکیان لە ژێر ناوی (یەک نەتەوە یەک چارەنوس؛ پڕۆژەی کۆدەنگیی نیشتمانیی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا، ( ئاڕاستەی رای گشتی و سەرجەم لایەن و ناوەندەکان کرد.
ئێمە لە (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە) ڕایدەگەیەنین، کە هەر لە سەرەتاوە ئامانج لە دروستکردنی کەنەکە بۆ مەبەستی باڵای کۆدەنگی و یەکڕیزیی نیشتمانیی و نەتەوەیی لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە سەرانسەری جیهاندا، بۆ بەدیهێنانی خەونی شەهیدان و خەباتگێڕانمان بۆ ئازادی کوردستان بووە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی بیست و حەوت ساڵدا تەواوی تێکۆشانی خۆمان لەسەر هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە هەموو ئاستەکانی سیاسیی، دیپلۆماسیی، جڤاکی و کولتوریی چڕکردۆتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش سەدان کۆنفرانسی هەرێمی و کوردستانی و نێونەتەوەییبە رفراوانمان رێکخستووە. هاوکات دیدار و هەڵویست و بەشداری هەمەلایەنەمان لە هەموو پرسە نیشتمانی و نەتەوەییە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا وەک ئەرکی لە پێشینەمان بووە. بەردەوام بانگەوازیمان لە گەل و پارت و ڕێکخراوەکانی کوردستان کردووە، کە لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا خۆیان یەکڕیز و هاودەنگ و هاوهەڵویست ڕێکبخەن و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کورد و کوردستان بە بنەما بگرن.
کەنەکە، نەک تەنها لە ئاستی نێوخۆدا، بەڵکو لە ئاستی نێونەتەوەیشدا، بە تایبەت لە ئەوروپا و ئەمریکا، خەباتی سیاسی و دبلۆماسی خۆی پەرەپێداوە. لە پەلامار و دەستدرێژییەکانی سەر ڕۆژئاڤای کوردستان بینیمان کە هاوخەباتی کوردان لە ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی چەندە کاریگەرە لەسەر یەکیەتی گەلی کوردستان و ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا. هەروەها ئەوشمان بینی کە راگەیاندنی هاوپەیمانیی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چ گوڕو تینێکی دا بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی نەک هەر لە رۆژهەڵاتی نیشتمان، بەڵکو لە سەرانسەری کوردستاندا. لەبەرئەوە، پێشمەرجی سەرکەوتنی گەلی کورد و بەدیهێنانی ماف و ئامانجەکانی لە ئاستی گوتاری سیاسیی وستراتیژیدا پەیوەستە بە یەکڕیزی و یەکیەتی نێوانمان. بە تایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو جەنگێکی سەختدایە و لە گؤڕان و وەرچەرخاندایە. کورد لەو نێوەندەدا دەتوانێت هیزی کاریگەری گۆڕانکاریی و سەقامگیریی و ئاشتی و پێکەوەژیان بێت. دەبێ بزانین چارەنووسی کوردان لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و جیهاندا پەیوەستە بە یەکترەوە. ئەم چارەنووسەش تەنها بە هەڵوێستی هاوبەش لە ژێر چەتری نیشتمان و نەتەوە و بە ڕێکخستنی گەل و نەتەوەکەمان بە هەموو هێز و ڕێکخراوە ئازادیخواز و نیشتمانییەکانی مسۆگەر دەبێت.
لە کۆتاییدا، ڕایدەگەیەنین ئێمە لە کەنەکە پشتیوانی بانگەوازەکە دەکەین و ئەمەش بە خەبات و ئەرک و ئامانجی ڕاستەقینەی خۆمان دەزانین، هاوکات بە گرنگ و پێویستیشی دەزانین ئەمە ببێتە هەوێنی کۆنفرانسی نیشتمانی و نەتەوەیی هاوبەشی سەرجەم بەشەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی، بە بەشداری سەرجەم لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتییە نیشتمانییەکان، لە پێناو گەیشتن بە گوتارێکی باڵای سیاسیی ستراتیژیی نیشتمانیی هاوبەش، کە ببێتە نەخشەڕێگای خەبات و ئازادیی و بنیاتنانەوە و مامەڵە لەگەڵ دۆخ و پێشهاتەکاندا، لەم پێناوەشدا کەنەکە وەک هەمیشە ە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لەم قۆناغە ناسک و ئاڵۆزەی ناوچەکدا لە هەوڵی پێکهێنانی کۆنفرانسێکی بەرفراواندا بێت.
نەمری بۆ شەهیدانی نیشتمان و نەتەوەکەمان
سەرکەوتن و ئازادی هەمیشەیی بۆ گەلەکەمان
بژی یەکێتی و هاوهەلوێستی سەرجەم لایەنەکان
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە
25ی ئازاری






