ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک ((2026.03.14  

Share this article

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

((2026.03.14

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردسان ک ن ک، بە بەشداریی زۆرینەی ئەندامانی لە ڕۆژی 2026.03.14 لە ناوەندی ک ن ک لە برۆکسل کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. بەهۆی ڤیزا و هۆکاری تەکنیکی ئەندامان لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان نەیانتوانی ئامادەبن، بەڵام بە رێگای ئۆنلاین بەشداری کۆبوونەوە بوون.

کۆبوونەوەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو. بەشی یەکەم ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی و نوێنەرانی هەندێک لایەن و دامەزراوە کوردستانیەکانی کۆکردەوە. لەم بەشەدا سەرەتا باس لە دۆخی سیاسی کرا و بارودۆخی کوردستان و شەڕی ناوچەکە و پێشهاتە جیهانییە پەیوەندیدارەکان بە وردی هەڵسەنگێندرا. دوای هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان بە پێی کارنامەی کار، لە چوارچێوەی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانیدا باس لە پێویستی و ئامادەکارییەکان بۆ سازدانی کۆنفڕانسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی کرا. پاشان بە وردی باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی جڤاتی گشتی ک ن ک کە لە 6 و 7ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت و دەبێ ڕۆڵی ک ن ک لەگەڵ سەردەمدا بگونجێت و چۆن بتوانێت باشتر خۆی لەم قۆناغەدا ڕێکبخات. پێشنیار و بۆچوونەکانی بەشداربووان هەم لە ڕووی کۆنفرانسی نەتەوەیی و هەم لە ڕووی ڕۆڵ و ئەرک و هەلوێستی ک ن ک ەوە وەرگیرا.

لە بەشی دووەمدا ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆبوونەوە و لەسەر بنەمای پێشنیارەکان بڕیار و راسپاردەی گرنگ درا و پلانێکی تۆکمە و بەرفراوان لەو بارەیەوە داڕێژرا. پاشان هەڵسەنگێندرا بۆ کار و چالاکییەکانی ماوەی ڕابردووی ک ن ک بە گشتیی هەڵسەنگێندران و پلانی گشتی تاوتوێ کرا و پلانسازی بۆ  کار و ئەرکەکانی داهاتووی ک ن ک کران.  

کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کاتێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕن. شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران بە هەموو گرانی و گەرموگوڕیی خۆیەوە بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی نوێ هەیە و هەر دەچێ و رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە دەبێتە رۆژەڤێکی سەرەکی. لە سەرەتای ئەم ساڵدا، هێرشی گەورە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدران. هەر چەندە ئێستا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق کراوە، بەڵام دۆخێکی نادیار لە سەرتاسەری سوریا هەیە. لە باکوری کوردستان ماوەیەکە پڕۆسەی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئارادایە و ئێستا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت. لە باشووری کوردستان نزیکەی ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، بەڵام حکوومەت پێکنەهاتووە و پەرلەمان کارانەکراوە و پرس و کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکراون. بە هۆی شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران، زۆرجار باشووری کوردستانیش دەکرێتە ئامانج. لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ستاتووکۆی سایکس پیکۆ و لۆزان تێکچووە و بەتاڵ بووەتەوە، بەڵام شوێنەکەی پڕنەکراوەتەوە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەر بەگۆڕاندایە.

ئەم دۆخە لەگەڵ خۆیدا چەندین مەترسی، لەهەمان کاتیشدا دەرفەتگەلیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. لەسەر ئەم رەوشە کۆنسەی بەڕێوەبەری ک ن ک  ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت:

·        لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فشار و هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر گەلەکەمان بەردەوامە. جمهوری ئیسلامی ئێران خۆی ماوەیەکە لە ناو شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئێستاش شەڕی نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران بە هەموو گڕوتینیەوە  بەردەوامە. ئێران بە گشتی بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و دۆخەکەکاریگەری راستەوخۆ لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. بۆیە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئێمەی کورد بۆتە ئەجێندایەکی سەرەکی. پێویستە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو کورد لە نزیکەوە چاودێری ئەم دۆخە بکەن و بۆ هەموو پێشهاتەکان ئامادەبن. لەم کاتەدا پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان بەیەکدەنگی پشتگیری گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و بپارێزن و هاوکاری هێزەکانی ڕۆژهەڵات بکەن.

وەک دەزانرێت ماوەیەکی درێژە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ و . ک ن ک  لەم بوارەدا هەوڵی زۆری داوە. لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا ئێستا بە خۆشحاڵیەوە کە دەبینین هاوپەیمانییەک لە نێوان زۆربەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی “هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران” دروست بووە. لەم کاتە هەستیارەدا یەکگرتوویی ناو ماڵی کورد زۆر گرنگە و ئەرکێکی ژیانی و لە پێشینەیە. دامەزراندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەنگاوێکی پێشوازی لێکراوە. هیوادارین لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم هاوپەیمانییەدا جێگە بگرن. ک ن ک هەر هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزی ناو ماڵی کورد بە گرنگ دەزانێت و پێشوازی و پشتیوانی لێدەکات. 

·        ماوەی ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی باشوری کوردستان ئەنجامدراوە. مخابن تا ئێستا پەڕلەمان کارانیە و حکومەتێکی نوێ پێکنەهێنراوە و هەروەها سەرۆکی هەێمیش هەڵنەبژێردراوە.ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت. دۆخی ئابووری خەڵک بە گشتی باش نییە، مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا نادرێت، کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیش چارەسەر نەکراون. کێشەی ناوچەکانی مادەی 140 وەک پێشتر بەردەوامە. گەلەکەمان لەو ناوچانە ئاسوودە نین و پڕۆسەی بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانە بەردەوامە. لە ئێستادا شەڕێکی جددی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە. شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران، عێراقیشی گرتۆتەوە. لە سەرەتای شەڕەوە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستانیش دەکرێت. نزیکەی شەش مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا سەرۆک کۆماری عێراق هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی نوێ پێکنەهاتووە. لەم هەل و مەرجانەدا ئایندەی عێراقیش نادیارە، بۆیە لەم دۆخەدا مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دروست دەکات.

بۆ هەموو ئەو پرسانە و زۆر بابەتی تر، پێویستە بە زووترین کات یەکڕیزی ناو ماڵی کورد پتەوتر بکرێت و پرسگرێکان بە یەک دەنگ و یەک دەست چارەسەر بکرێن. ک ن ک داوا لە هەموو لایەک دەکات کە بەرپرسیارێتی لەم بوارەدا هەڵبگرن.

·        بارودۆخێکی نادیار و مەترسیدار له ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە دووچاری هێرشی گەورە بووەوە. ئێستا لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق پەیمانێک دروستکراوە، بەڵام دۆخێکی نادیار لە سەرتاسەری سوریادا هەیە. ئەو ڕێککەوتنەی لە 29.01.2026 لە نێوان حکومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەردا کراوە، فۆرماڵیتی – فەرمیەتێک هەڵدەگرێت ، بەڵام تا ئێستا وەکو دەخوازرێ جێبەجێ نەکراوە. هەروەها خاڵگەلێک هەن کە دەبێت باس و ڕوون بکرێتەوە. دیدار و وتووێژی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق لەو بارەوە بەردەوامە. هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم کۆبوونەوانە بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی و ڕۆژئاوای کوردستان پێگە و ستاتوویەکی فەرمیی هەبێت. ک ن ک لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژاڤا دەکات و لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر وەستاوە. مەسەلەکە تەنها لە کورددا سنوردار نییە، دەبێ سوریایەکی دیموکرات بنیات بنرێت و لە چوارچێوەی ئەم سوریا دیموکراسیەدا مافی ئاشووری-سوریانی-کلدان، عەلەوی، دروز و هەموو پێکهاتەکانی تر دەستەبەر و مسۆگەر بکرێت.

·        پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک ی نێوان تەڤگەری ئازادی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا پرۆسەیەکی زۆر گرنگ و کاریگەرە کە هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە. ک ن ک پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە دەکات و کار بۆ سەرخستنی دەکات.  پرۆسە نزیکەی ساڵ و نیوێکە بەردەوامە. پرۆسەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ، قۆناغێکی یاسایی. لەم قۆناغەدا پێویستە کورد بە فەرمی لە تورکیا بناسرێت و مافە سەرەتاییەکانی  لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دەستەبەر بکرێت. تەڤگەری ئازادیی کوردستان و لایەنی کوردی بە گشتی لەم پرۆسەیەدا دڵسۆزانە و دەیانەوێت ئەم کێشەیە بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. هەر لەو پێوەندییەدا ک ن ک داوا لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا دەکات، بە دڵسۆزیەوە لەو پرسە نزیکببنەوە و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن. هەروەها ک ن ک داوا لە هەموو هێز و لایەن و ڕێکخراوەکان و هەموو گەلی کوردستان دەکات پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکەن و لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کوردستاندا لە گفتوگۆدابن.

·        ئەوا ماوەی دوو ساڵ و نیوە شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئارادایە. شەڕەکە لە فەلەستین دەستی پێکرد، بۆ لوبنان، سوریا، یەمەن، عێراق و ئێران تەشەنەی کرد. ڕژێمی بەعسی سوریا شکستی هێنا و لەناوچوو. ئێستا شەڕێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا – ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە و ئەم شەڕە بە هەموو قورساییەکەوە بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستاتووکۆی سایکس پیکۆ و لۆزان تێکچووە و هیچ واتایەک هەڵناگرێت و لە شوێنی ئەودا ستاتووکۆیەکی نوێ جێگیر نەکراوە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات. دیزاین و ستاتوویکۆنی سەد ساڵە بۆ ئێمەی کورد ئینکاری و ئاسمیلەکردن و جینۆساید بوو. دەبێ ئێمەی کورد ئامادەبین بۆ ئەم دۆخە نوێیە. پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا یەکڕیزی لەناو ماڵی خۆماندا بەدەست بهێنین.

لەم دۆخە ناسک و مەترسیدارەدا، ک ن ک بانگەوازی هەموو کورد دەکات و دەڵێت: “ستاتووکۆی  سایکس پیکۆ و لۆزان داڕماوە و تێکدەچێت. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە گۆڕاندایە. ئێمە هەموو کورد و کوردستانی، پێویستە بە زووترین کات کۆببینەوە و بە پێی ئەم دۆخە هەڵوێستمان هەبێت. بۆ ئەمە ​​بانگەوازی هەموو لایەن و ڕێکخراو و هێزە کوردستانیەکان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین، با لە کۆنفرانسێکی نەتەوەییدا کۆببینەوە و ستراتیژییەکی هاوبەش پێکبێنین”.

·         لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گەلی ئاشووری سوریانی-کلدانی تاوتوێ کرا. چارەنووس و قەدەری گەلی کورد و گەلی ئاشووری – سوریانی-کلدانی بەیەکەوە گرێدراوە. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو مافەکانی گەلی ئاشووری سوریانی-کلدانی خۆمان دەردەبڕین. ئەوان خەڵکی دێرینی ئەم ناوچەیەن. پێویستە لەسەر ئەم خاکە مافە نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و سیاسی و کارگێڕی و کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. بەتایبەت لەم کاتەدا کە سوریایەکی نوێ دروست دەکرێت، دەبێت مافەکانیان لە دەستووردا زامن و مسۆگەر بکرێت.

·        لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی باوەڕدارانی ئێزیدی و دۆخی شەنگالیش تاوتوێ کرا. شەنگال بەشێکی دانەبڕاوی  خاکی کوردستانە. شەنگال لە زۆر لایەنەوە هێرشی دەکرێتە سەر گەفی لەسەرە و مەترسی فەرمانێکی دیکەشی لەسەرە. پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لە دژی هێرشی داگیرکەران بۆ سەر شەنگال دەرکەون و شەنگال بپارێزرێت. پێویستە ناسنامەی ئێزیدی لە شنگال پارێزراو بێت و دیمۆگرافیای شەنگال لەناو نەچێت و خەڵکەکەی خۆی خۆیان بەڕێوەبەرن. ئێزیدی باوەڕێک – دینێکی دێرینی کوردستانە. پێویستە لە سەرتاسەری کوردستاندا ئەم باوەڕە پارێزراو بێت و مافەکانیان لە ئاستی یاسا و دەستوردا زامن بکرێت.

·        پرسی کورد و کوردستان سنوورەکانی بەزاندووە و بووەتە پرسێکی جیهانی. کوردستان پێگەیەکی ستراتیجی لە ڕۆژئاوای ئاسیا لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە. کاتێک کێشە لەم ناوچەیەدا سەرهەڵدەدات، کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت و دەبێتە پرسێکی جیهانی. تا ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت، نە سەقامگیری و نە ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدی دێت. پێشهاتە نەرێنییەکان لەم بوارەدا قەیرانەکان لەسەر ئاستی جیهانی دروست دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو زلهێزە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستان ساز بکەن.

کارنامە – رۆژەڤی سەرەکی کۆبوونەوەکە یەکڕێتی و یەکڕیزیی لەناو ماڵی کورددا بوو. بڕیاردرا خەباتێکی بەرفراوان بۆ پێکهێنانی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ک ن ک زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار دەستپێدەکات. لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆشنبیران، نووسەران، ئەکادیمیستەکان و ماقوڵانی کۆمەڵگا بکرێت و بەڕێوەدەچێت. مەرەم و ئامانجی ئەم کۆبوونەوە و دیدارانە وەرگرتنی بیر و بیرۆکەی ئەوان کۆبکرێنەوە  و داوای هاوکارییان بۆ ئەنجامدانی کۆنفەرانس لێ بکرێت . هاوکات لەگەڵ سەرجەم حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان کۆبونەوە ئەنجام دەدرێن. جگە لەوەش ڕۆڵ و ئەرکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان  لەم دیدار و کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت و پێشنیار بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی ک ن ک وەردەگیرێت. ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ک ن ک کە لە ڕۆژانی 6 و 7 ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، لەو چوارچێوەیەدا پاڵپشتی دەکرێن و هەوڵبدرێت جڤاتی گشتیی ئەمساڵ بکرێتە کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی.

دواتر لەسەر ئەو چالاکییانەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجامدراون زانیاری درا ن و خەبات و کارەکان بە گشتی هەڵسەنگێندران  دوای ئەم گفتوگۆیانە پێشنیارەکان لەسەر پلاندانانی داهاتوو خرانەڕوو و پلانسازیەکی توکمە بۆ داهاتوو دانرا.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک

18.03.2026 برۆکسل

 

 

جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان و تەواوی جیهانی ئیسلامی پیرۆز بێت!
ئێمە هەرگیز کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لەیاد ناکەین