هەموو رۆژێکی ساڵ و 15 ی گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز بێ
سوپاس و ستایش بۆ پێشەنگانی کورد و دایکانی پەروەردەکار، کە زمانی کوردی، ئەو زمانە رەسەنەی کە رەگ و ریشەی ئاوێتەیە بە سروشت و خاکی کوردستانەوە بە زیندووی هێشتەوە و تا ئەبەد دەمێنێتەوە. بە گیانی فیداکارانەی ئەوانەوە 15 گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.
سەدان ساڵە، هەر لە رۆژگاری کۆلۆنیالیزم و ئەمڕۆی داگیرکاریی، گەلی کورد بە زمان و تایبەتمەندیە نەتەوەییەکانیەوە لەژێر زوڵم و زۆرداری و دابەشبوون و لەناوبردندایە. دوژمنان بە پلان و خۆسەپاندن هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردان لەناو ببەن و نەیهێڵن. گەلی کورد بەدرێژایی ئەم مێژووە لە بەرامبەری نیاز و ئامانجی دوژمنان چۆکی دانەنا و بۆ مانەوە و هێشتنەوەی زمان و هەبوونی خۆی خەبات و تێکۆشانی کرد و قوربانی مەزنی لە پێناودا پێشکەش کرد.
ئەمڕۆ 15 ی گوڵان کە بە بڕیارێکی کۆنفرانسێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک کرایە جەژنی زمانی کوردی. خەڵکی کوردستان بەو بۆنەیەوە بە خۆشی و شادی ئاهەنگ دەگێڕن و مەراسیمی جیا جیا پێشکەش دەکەن جێگای خۆشحاڵی و رێز و پێزانینە.
ئەمساڵیش وا بە گەرم و گوڕیەکی زۆرەوە بە تایبەتی لە باکور و رۆژاوای کوردستان بە شێوەیەکی دیار و سەرکەوتووانە ئامادەکاری و چالاکی بۆ ئەم جەژنە ئەنجام دەدەن و پیرۆزی دەکەن. هیوادارین لە ساڵانی داهاتوودا سەرتاسەری کوردستان بە ئازادی و سەرفەرازی هەمیشەیی هەموو رۆژانی سال و 15 ی گوڵانیش لەگەڵیدا بە جەژنی سەرکەوتن و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلی کورد ئاهەنگ و شایی بگێڕین.
زمان ناسنامەی هەر میللەت و نەتەوەیەکە، پێویستە زمانی کوردی بپارێزین.
زمانی کوردی هەبوونی نەتەوەی کوردە ، زمانی کوردی ناسنامەمانە
با هەموو رۆژی ساڵ و 15 گوڵان جەژنی زمانی کوردی لە هەموو کورد و کوردستانیان پیرۆز بێت.
کۆمسیۆنی زمان، کلتوور و پەروەدەی ک ن ک
25گوڵان 2025