بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ شەرمەزارکردنی حوکمی لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی سیستماتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

Share this article

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە توندترین شێوە ئیدانەی دووپاتکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی ناوداری مافی مرۆڤ و بەردەوامیی گوشار و سەرکوتکردن لە دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی دیکە لەوانەش زەینەب جەلالیان، شەریفە محەمەدی و وریشە مورادی دەکات. ئەم حوکم و کردەوانە بەشێکن لە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لەدژی گەلی کورد و گەلانی دیکەی دانیشتووی جوگرافیای ئێران، بەتایبەتیش بەلووچی و عەرەب.

پەخشان عەزیزی، ژنێک کە بە چالاکییە مرۆیی و ئاشتیخوازەکانی بۆ پشتیوانی لە ژنان و پەنابەرانی جەنگ ناسراوە، بە تۆمەتی ساختە و بێ بەڵگەی تەواو سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم حوکمە چەپەڵانە نموونەیەکی دیکەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە ژنان و تێکۆشەرانی کورد. 

جگە لەوەش وریشە مورادی، یەکێکی دیکە لە چالاکانی کورد، بە تۆمەتی هاوشێوە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە. زەینەب جەلالیان، یەکێکی دیکە لە چالاکانی مافە مەدەنییەکان، بۆ ماوەی ساڵانێک بەبێ دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری تەندرووستیی پێویست سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. شەریفە محەممەدی قوربانییەکی دیکەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەیە کە ڕووبەڕووی سزای توند و ناڕەوا بووەتەوە.

ئەم کردەوانە گوزارشت لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات بۆ بێدەنگ کردنی هەر دەنگێکی ناکۆک و تۆقاندن لە نێو چالاکانی گەلانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران. ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی مای توسۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئاماژەیان بە هەڵاواردن و چەوساندنەوەی پێکهاتەیی لە دژی کورد، بەلووچی و عەرەب کردووە و داوایان کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگییەکی جددی بەم دۆخە بدات.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەر کردنی لە کوردستان دەستی پێکردووە کە چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنی لەخۆ دەگرێت. ئەم دەستگیرکردنانە بە مەبەستی دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تیرۆرە لەنێو خەڵکدا. زۆرێک لە دەستگیرکراوەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا ڕاگیراون، بەبێ ئەوەی دەستیان بە پارێزەر یان دادگاییکردنی دادپەروەرانە بگات.

ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستبەسەرکراوان بڵاوکراونەتەوە کە ئاماژەن بۆ مامەڵەی سیستماتیکی نامرۆڤانە و کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە سیاسەتەکانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و سەرکوتکردنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) داوا لە هەموو لایەنە مرۆڤدۆست و دیمموکراتخواسەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و زیندانیانی دیکە کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراو هەڵبوەشێنێتەوە. داوای ئازادکردنی زینەب جەلالیان و شەریفە محەممەدی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و رای ئازاد بکەن. هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی سەر نەتەوەکانی کورد و بەلووچ و عەرەب. پشتیوانی لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دابینکردنی مەرج بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی سەربەخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران. 

سەرکوتکردنی گەلانی نیشتەجێی ئێران لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، سزای قورسی زیندان و دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەرییە. کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێ لەم کارە چەپەڵانە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێی وایە خەبات بۆ دادپەروەریی و ئازادیی و کەرامەتی مرۆڤ بەردەوام دەبێت و هیچ سەرکوت و هەڕەشەیەک ناتوانێت ئیرادەی گەلان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان ڕابگرێت. 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)

10ی ژانویەی 2025 برۆکسل

پانۆرامای سەردانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
ساڵێکی نوێ، ساڵی ٢٠٢٥ تان پیرۆز بێت