ساڵی نوێ، ساڵی 2026تان پیرۆز بێ
ئەوا ساڵێکی تر، ساڵی 2025 بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانییەکانیەوە تێپەڕدەبێت. بەگشتی بۆ گەلەکەمان لە هەر چوار لای کوردستان ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان بوو.
لە باکوری کوردستان تەواوی ساڵەکە بە گفتوگۆ و هەنگاونان لبۆچارەسەری تێپەڕی. لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی کرد و تەڤگەری ئازادییش هەنگاوی گرنگی ناوە. لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دامەزرا. کۆمسیۆن گوێی لە زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایان گرت. لە دوایین جاردا لە 24ی ئەم مانگەدا چووە بەندیخانەی ئیمرالی و گوێی لە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان گرت. ئێستا کۆمسیۆن لەو بارەیەوە خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە بیدات پەرلەمان. بەمەش پرۆسەکە دەچێتە قۆناغی یاساییەوە. هەرچەندە زۆر هەرچەند پڕۆشە زۆر لەسەرخۆ دەڕوات، بەڵام بەردەوامە. ئاگربەست لە هەموو بەرەکاندا بەردەوامە. بە گفتوگۆ لەسەر چارەسەر دەچینە ناو ساڵی نوێوە. چارەسەری پرسی کورد لە باکوور چارەسەرە بۆ هەموو کوردستان. بۆیە هەموو کورد چاوی لەسەر پرۆسەی چارەسەریی باکوورە.
لە باشووری کوردستان هەرچەندە پێگەی دەستووری فیدراڵی هەیە، بەڵام پێگەی ناوچە دابڕاوەکان (ناوچەی مادەی ١٤٠) ڕوون نییە. کورد لە کەرکوک و خانەقین و سەرجەم ناوچە دابڕاوەکان ئاوارە دەکرێن و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕدرێت. لە دوای هێرشی داعشەوە، شەنگال هێشتا نەهاتۆتەوە سەرخۆی و ئاوارەکانیشش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. لە ماوەی پانزە (15) مانگی ڕابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە باشوور بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە حکومەت و نە سەرۆکایەتی هەرێم هەڵنەبژێردراون. ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەستکەوتەکانی هەرێم دروست دەکات. جگە لەوەش قەیرانی ئابووری باشوور جدییە و گەلەکەمان ئاسوودە نییە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، بەڵام بە گشتی دۆخەکە ناڕوونە. عێراق بە گێژاوێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئایندەی عێراق ناڕوونە. ئەم دۆخە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات. لە لایەکی دیکەشەوەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوور درێژەیان هەیە.ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزیی پێویستە. دەبێت بە بایەخدانی زۆرەوە چاودێریی دۆخەکە بکرێت و خەبات دژی داگیرکەران چڕتر بکرێتەوە.
لە ماوەی ئەمساڵدا خەباتی ئازادیخوازیی بە هەموو شێوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. هەرچەندە ڕەنگە تا ڕادەیەک لاواز بووبێت، بەڵام رۆحی شۆڕشی ژن – ژیان – ئازادیی بەردەوام بوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا، هێزە کوردییەکان کۆبوونەوە و پلاتفۆرمێکیان بە ناوی ناوەندی دیالۆگ دامەزراند. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە و دەبێت بەهێزتر بکرێت. دەوڵەتی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا درێژەی بە هێرشەکانی دژ بە گەلی کورد دا و ناوبەناو هێرشی دەکردە سەر باشووری کوردستانیش. لە ڕێگەی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارێکی زۆری خستۆتە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات و لە خاکی باشووردا دۆخی ئەو هێزانەی زەحمەتتر کردووە. هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و فشار و دەستگیرکردنی خەڵک بەردەوامە. سیاسەتی لەسێدارەدانی نئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بە قەیران و کێشەی گەورەدا تێدەپەڕێت. شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیراندا پەرەی سەند و بوو بە شەڕێکی گەرم. ئێستا شەڕی گەرم وەستاوە، بەڵام دەکرێ سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە. هێزە پڕۆکسییەکانی دەوڵەتی ئێرانن لە ناوچەکەدا چەندین گورزی قورسیان بەرکەوتووە و لاواز بوون. ئەم دۆخە دەرفەتی بەهێزکردنی کار و خەبات دەڕەخسێنێت. هیوادارین ئەم دۆخە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی دیموکراسی لە ئێران و هەروەها ببێتە هەوێنی ئازادیی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە رۆژاوای وڵات، ئەوا 14 ساڵە ئەگەر دێفاکتۆش بێت قەوارەیەک هەیە. ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنەو ێویستە بە هەموو شێوەیەک بپارێزرێت و بەفەرمی بکرێت. لە سوریا زیاتر لە ساڵێکە ڕژێمی بەعس لە دەسەڵاتدا نەماوەو و هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە دەسەڵاتدان. دۆخی سوریا بە گشتی نادیارە. ڕژێمی نوێ ناو بەناو هێرش دەکاتە سەر پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا. لە ماوەی ساڵەکەدا کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان لە دژی عەلەوی و دروزەکان ڕوویدا. هەروەها فشارەکان لەسەر مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان بەردەوامن. هەروەها هێرشی بەرفراوان دژی کورد ڕوویداوە و تا ئێستاش لە هەندێک ناوچەدا بەردەوامن. ڕۆژی 10ی ئادار ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق واژۆ کرا، تا ئێستا گفتوگۆ هەیە، بەڵام هێشتا بە تەواوی نەگەیشتوونەتە ئەنجام. بۆیە دۆخەکە هەستیارە و دەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە بە وردی چاودێری بکرێت. بەڕێوەبەری سیاسی و ئیداریی باکورو رۆژهەڵاتی سوریاش لە کاری دیپلۆماسی فراوان و هەمەلایەن بەردەوامە. ڕۆژاوا تا دێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر قبوڵ دەکرێت. ڕۆژاوا بە هەموو شێوەیەک پێویستی بە یارمەتی هەیە. پێویستە هەموو لایەنەکان و هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو دۆستانی کورد لە چالاکیی و هەوڵدان بۆ پاراستنی ڕۆژاوادا بەشدار بن. خاوەندارێتی لە ڕۆژاڤا، خاوەندارێتییە لە هەموو کوردستان.
سەرکردایەتی سیاسیی و ئیداری لەناو خەباتێکی بەرفراوانی دیپلۆماسیدان. رۆژاوا لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەر دێ و زیاتر پەسەند دەکرێت و حیسابی بۆ دەکرێت. رۆژاوا پێویستی بە هەموو شێوەیەکی هاوکاری و کۆمەک هەیە. دەبێ هەموو لایەنەکان و تەواوی گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە پێناو پاراستنی رۆژاوادا، هەمیشە لەناو چالاکی و خەباتدا بن.
لە رۆژهەڵاتی ناوین، دوو ساڵ زیاترە شەڕێکی سەخت و دژوار هەیە. سەرەتاشەڕەکە لە فەلەستین دەستیپێکرد، دوای ئەوە پەڕییەوە لوبنان و دواتر کەوتە ناو سوریاوە. ئەم شەڕە لهەر بەو ناوچانەوە ناوەستێ و پەیتا پەیتا خۆی دەگەیەنێتە عێراق و ئێران و یەمەنیش. ئەم شەڕە هەر بە هێزە هەرێمییەکانەوە سنووردار نییە، بەڵکو شەڕێکی جیهانییە. شەڕێکە هاوشێوەی شەڕی جیهانی سێهەمینە و زۆر جاریش وەها بەناو دەکرێت. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەگەر راستەوخۆش نەبێ، بەڵام بە شێوازی جۆراو جۆر بەشدار و لایەنێکن لە لایەنەکانی ئەم شەڕە. ئەم شەڕە بۆ گەل و نیشتمانەکەمان دۆخێکی نوێی لە ناوچەکەدا خوڵقاندووە و مەترسی و دەرفەتیشی لەگەڵ خۆی هێناوە. لەم رۆژگارە هەستیارەدا، دەبێت هێزە کوردستانییەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەل دۆخەکە بکەن و بە قووڵی بیخوێننەوە و تاوتوێی بکەن. ئەم دۆخە پێویستی بە یەکدەنگی هەیە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات هێزە کوردستانییەکان کۆبکاتەوە تاکو بتوانین هەموومان بە یەکەوەو و لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارەدا ستراتیژییەکی هاوبەشیی کوردستانیی بئافرێنین و پیادەی بکەین.
دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردستانیی، ئەوانەی لە زیندانەکانی تورکیا و ئێراندان خراپە. لە زیندانەکانی ئێراندا ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بەردەوامە. لە زیندانەکانی تورکیاشدا ئەشکەنجە و فشار لەسەر زیندانیەکان کەمتر نەبووە. هەرچەندە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەوە هەبووە و گۆشەگیریی لەسەر ئۆجەلان کەمتر کراوە، بەڵام تا ئێستا گۆشەگیریی کۆتایی نەهاتووە. لە هەمان کاتدا بەڕیز ئۆجەلان بە ناوی بزووتنەوەوە لەگەڵ دەوڵەت دانوستان دەکات. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئەرکە بەجێبهێنێت، دەبێت ئازاد بکرێت. لەبەر ئەم دۆخە بە پێشەنگی دۆستانی گەلی کورد زیاتر لە دوو ساڵە کەمپینێک بەناوی ” بۆ ئۆجەلان ئازادیی – بۆ پرسی کورد چارەسەری”ی دەستیپێکردووە و بەردەوامە. دەبێ دەنگی زیندانیان ببیسترێ، دەبێ هەر کەس خاوەنداریی لە زیندانیان بکات. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو هێزەوە بەشداری ئەم کەمپینە دەبین و پشتگیریی لە داواکاریەکانی زیندانیان دەکەین.
لە ئێستادا پرۆسەیەکی زۆر گرنگ لە باکوری کوردستان هەیە. هەرچەندە بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێت بەرەوثێش نەچووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە. هەروەها هێزی دژبەرمان خۆی ناچار ئەبینێت کە ئەم پرۆسەیە بەرەو پێشەوە ببات. ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئامانجمان ئەوەیە کە بتوانین دەرەنجامێکی باشی لێ بەدەست بخەین و بە دیالۆگ کێشەکە چارەسەر بکەین. دەرئەنجامێکی دیکەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە. ئەمەش بنەمای کاری یەکێتی نەتەوەیی بەهێزتر دەکات. بەم پرۆسەیە دەچینە ناو ساڵی نوێوە. هیوادارین ئەم هەوڵە، ئەم بانگەوازە، ببێتە هۆی چارەسەرێکی ئاشتیانە و بەردەوام.
لە کۆتایی ساڵی 2025دا ئەگەر خوێندنەوەیەک و هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی بکرێ، لەگەڵ هەموو ئێش و ئازار و قوربانیەک و هەروەها هەڵە و کەمتەرخەمیی کە لە خەبات و تێکۆشاندا روویانداوە، دیسانەوە تێکۆشانی ئازادیی سەرکەوتوو بووەوە بەرەوپێش چووە. هێرشەکانی دوژمنان پووچەڵکراونەوە. ئیدی هێزە کوردستانیەکان بە هەر رەنگێک بێت ، دەبێ بە دیالۆگی ناوخۆیی پرس و کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بە رێککەوتن و بە هاوکاریی یەکتر هەوڵەکانی دوژمنان و داگیرکەران بوەستێنین.
پێویستە هەموو هێزە کوردستانیەکان پشتگیری بانگەوازیی ئۆجالان پڕسەی ئاشتی بکەن و لە پێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا تێبکۆشن.
هیوادارین، ساڵی نوێ ی 2026 ببێتە ساڵی سەرکەوتن، ببێتە ساڵی بەدەستهێنانی هەموو مافەرەواکانی گەلی کورد و کوردستان.
بەو هیوایەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ساڵی نوێی لە گەلی کورد، کوردستانیان و هەموو جیهان پیرۆز دەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2024.12.30 برۆکسل







