سبەی جەژنە، جەژنی قوربانە. ئێمە جەژنی قوربان بە تایبەتی لە زیندانیان و ئازادیخوازان، لە خەڵکی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆز دەکەین. هیوادارین جەژنی قوربان ببێتە هۆکارێک بۆ ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکەمان و لە سەرانسەری جیهاندا.
کوردستان و گەلی کورد بە گشتی بە کاتێکی هەستیاردا تێپەڕدەبن. لە باکوور دیالۆگ و و گەڕان و دانوستان بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە. هەمان لێگەڕان لە ڕۆژئاوا بەردەوامە. لە باشووریش پرس و کێشە ناوخۆییەکان و ئەوانەی لەگەڵ حکومەتی بەغدادان بەردەوامن. لە ڕۆژهەڵات فشارەکان بۆ سەر خەڵک و زیندانییەکان، هێرش بۆ سەر ئازادیخوازان، سیاسەتی لە سێدارەدان بەردەوامن. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا گەلەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات خەباتی ئازادیی پەرەپێدەدات. ئێمە لەم دۆخ و هەلومەرجەدا پێشوازی لە جەژنی قوربان دەکەین.
سەرەڕای دیالۆگ و گەڕان بەدوای ئاشتی و چارەسەریدا، هێشتا دۆخێکی ئاڵۆز لە وڵاتەکەماندا هەیە. هێرش و پیلان بۆ لەناوبردنمان نەوەستاون. لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان وریا بن، بەرامبەر ئەو هێرش و پیلانە چەپەڵانە بوەستنەوە. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کورد و کوردستانیان دەکەین کە لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان بوەستنەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆیان لە دژی داگیرکەران بەرز بکەنەوە و یەکێتی و یەکڕیزیی خۆیان پتەوتر بکەن.
ئـێمە لەو باوەڕەداین و هیوامان هەیە کە گەلەکەمان بەم زووانە جەژن و ئاهەنگەکانی سەرکەوتن لەسەر خاکە ئازادەکەی بە ئاشتی و ئارامی و لە ئازادیدا پیرۆز دەکات. بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە سەرجەم زیندانیان و ئازادیخوازان و خەڵکی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی دەکەین.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2025.06.05 برۆکس