بەڕێز د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح،
کۆمسیاری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران
بەشادمانییەکی زۆرەوە هەواڵمان پێگەیشت کە بەڕیزتان وەک کۆمسیاری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هەڵبژێردران. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گەرمیی پیرۆزباییتان لێئەکەین. بەهیواین لەو پۆستە ناونەتەوەییە گرنگەدا لە ئەرکەکانتاندا سەرکەوتوو بن. بێگومان جێی شانازی هەموو نیشتمانپەروەرێکی کوردستانە کە بۆ یەکەمین جار کوردێکی دڵسۆزی دۆزی کوردستان لەو پۆستە نێونەتەوەییەدا جێ دەگرێت.
هەمانکات وەک قۆناغێکی نوێی کار و تێکۆشان هیواخوازین چ وەک مرۆڤدۆستێک و چ وەک کوردێک بتوانن رۆڵێکی مەزن بگێڕن. لە رۆگارێکدا کە بەهۆی شەڕ و ناکۆکی و کێشەی ئابووری و دەسەڵاتە سەرەڕۆکانەوە ملیۆنان مرۆڤ ئاوارەو کۆچبەر بوون، لەناویشیاندا لەبەر دۆخی نائارم و ئاڵۆزی کوردستان سەدان هەزار کوردی پارچەکانی کوردستان هەن. بێگومان کۆمسیاری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لەو بوارانەدا ببینێت و کەمێک ئازار و ژانی کۆچبەریی و پەنابەریی کەم بکاتەوە و بۆ ئاشتی و ئارامییەکی زیاتر لە ناوچە ئاڵۆزو پڕکێشەکاندا رؤلی بەرچاو بگێڕێت.
کۆنگرەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
2025.12.15 برۆکسل








