بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش رۆژی 2024.10.26، 29ەمین کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆی کوردستانیی کرد. کۆبوونەوەکە لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل بەڕێوەچوو. دوای وتووێژێکی بەرفراوان پلانی کارو چالاکیی هاوبەش داڕێژرا.
بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە، بارودۆخی سیاسی کوردستان سەرەتا دۆخی دوا گفتوگۆکانی چارەسەریی پرسی کورد لە باکوری کوردستان، بارودۆخ و ڕۆڵی بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم پڕۆسەیەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشووری کوردستان. دۆخی مەترسیدار و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژاڤا، قەیرانی سیاسی و ئیداری و ئابووری باشووری کوردستان، رەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران، دوایین گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی ئیسرائیل و حەماس- حزبوڵڵا- ئێران، هەروەها پێگە و کاریگەریی زلهێزەکانی جیهان لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی بەرفراوان باس کران. جگە لە پلاندانانی کار و چالاکیی وەرزای داهاتوو، ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفرانسی ڕاوێژژی نەتەوەیی کوردستان و بڕیاری بەڕیوەبردنی دادگای نێونەتەوەیی (دادگای مەدەنی- تریبوناڵ) لەسەر کردارەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کران و بە وردی پلانیان بۆ دانرا.
لە ئەنجامی وتوێژەکاندا، ئەم خالانەی خوارەوە پەسەند کران:
1. دەوڵەتی تورکیا، دوژمنی سەرسەختی گەلی کوردە. هێرش دەکاتە سەر تەواوی کوردستان و لە هەرێمدا رێبەرایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردستانیان دەکات. لە هەموو جیهانیشدا لە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە کارو چالاکیدایە. تورکیا هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەی داگیرکاریی لە باشوری کوردستان زیاتر دەکات. ئەم هێرش و داگیرکەرییە نەک تەنها ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشینی گرتۆتەوە، لە هەمان کاتدا لە باشیک، شەنگال، کەرکوک، مەخمور هەتا دەگاتە پێنجوێن، چەمچەماڵ و کفریش درێژ بۆتەوە. رۆژانە هێرشی رۆژاوای کوردستانیش دەکات و ئامادەکاریی بۆ داگیرکارییەکی بەرفراوانتر دەکات. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە.
بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی خاکورک، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کە هێرش و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیایان پوچەڵ کردۆتەوە بەردەوامە. کۆبوونەوە بەڕێزەوە سڵاو لەم بەرخۆدانە قارەمانانەی هێزەکانی ئازادیی کوردستان دەکات.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە ناوخۆی تەرکیادا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و باکوری کوردستان دەکرێت. گفتوگۆکان لەلایەن حکومەتەوە دەستیانپێکرد و بەردەوامن. لەم کاتەدا دوای 43 مانگ بێدەنگی و نەبوونی هیچ پەیوەندییەک، برازای بەڕیز ئۆجالان چووە دوورگەی ئیمرالیی و پەیامێکی گرنگی بەڕیز ئۆجالانی هێنا . لە پەیامەکەدا ئۆجەلان داوای ئاشتی و چارەسەری دەکات. بەڵام گۆشەگیریی توند لەسەر بەڕیز ئۆجالان بەردەوامە. کۆبوونەوە گفتوگۆکانی چارەسەریی پرسی کورد بە گرنگ دەزانێت و هیوادارە ئەو گفتوگۆیانە ببنە هەوێنی دیالۆگ و پڕۆسەی چارەسەریی. کۆبوونەوە بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و چارەسەریی بە گرنگ دەزانێت و پشتیوانی لێدەکات. جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی تورکیا کرا بە زووترین کات گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگرێت، هەلومەرجی گونجاوی بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە پرۆسەی گفتوگۆ و چارەسەرییدا بگێڕێت.
2. ڕۆژی 2024.10.23 لە ئەنقەرە لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە هێرش کرایە سەر کارگەیەکی درووستکردنی چەکی ئاسمانیی. ئەم هێزە گەریلایە سەر بە هەپەگەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆژاواوە نییە. بەڵام دەوڵەتی تورک ئەمەی کردە بیانوویەک و هێرشی کردە سەر هەموو ناوچەکانی ڕۆژاوا و شنگال و زۆر ناوچەی دیکەی باشوور. ئەم هێرشە دڕندانەش لە کاتی کۆبوونەوەکەی ئێمەدا بەردەوام بوون. تورکیا لەم هێرشانەدا جارێکی دیکە هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییەکانی پێشێل کرد. دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی گشتی ژێرخانی ڕۆژئاوا و شوێنەکانی ژیانی (کۆگاکانی ئاو، وێستگەی کارەبا، بیر و کۆگاکانی نەوت وگاز، کۆگاکانی دانەوێڵە، کارگەی ئارد و نانەواخانە، کارگە و نەخۆشخانە و شوێنی دیکەی هاوشێوە) ی کردە ئامانج. لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کراو و شەرمەزار کرا. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکەین و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان. کۆبوونەوە بڕیاری بەستنی دادگای نێونەتەوەیی (دادگای مەدەنی) لەسەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکێکی سەرەکیی ئەم قۆناغە دەزانێت و لەم ئەرکەدا جێگەی خۆی دەگرێت.
لە عەفرین هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان و پیلانی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامە. دانیشتوانی عەفرین تا 6 ساڵ لەمەوبەر نزیکەی تەواو کورد بوون. بەڵام دوای لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورک زۆرینەی کورد لە عەفرین دەرکران و ئەوانی تریش لەژێر فشارێکی گەورەدان. عەفرین دوای داگیرکاریی، تەسلیمی چەتەکان کرا، بە زەبری هێز دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی کورددا گرت، ژمارەیەکی زۆر لە عەرەب و تورکمان هێنرانە عەفرین، دیمۆگرافیا گۆڕدرا. ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی بەردەوامن. لە سەرێکانی و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەش هەمان کار کرا. پێویستە هەموو کوردستانیان ئەم دۆخە وەک دۆخێکی تایبەت ببینن، دژی هێرشەکان بوەستن و ئەو ناوچانە ئازاد بکەن. تورکیا لەم هێرشانەدا هەموو پێوەرە مرۆیی و یاساییەکان پێشێل دەکات.
لە عەفرین هێرش بۆ سەر گەلەکەمان و گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامن. هەتا 6 ساڵ پێش ئێستا زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی عەفرین کورد بوون. بەڵام دوای ئەوەی تورکیا شارەکەی داگیرکرد، زۆرێک لە کوردەکان دەرکران. ئەوانەش کە مانەوە لەژێر گوشار و سەختییەکی زۆردا گوزەران ئەکەن. عەفرین رادەستی چەتەکان کراو بە زۆرو زۆرداری دەست بەسەر ماڵ و موڵکی کورداندا گیرا. ژمارەیەکی زۆر عەرەب و تورکمانیان بردۆتە عەفرین، دیمۆگرافیای شارە کە گۆڕدرا. هەمان کار لە سەرێکانی و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەش کرا. پێویستە کوردستانیان ئەو رەوشە بە تایبەتی لەبەرچاو بگرن. ئەبێ ئەو ناوچانە ئازاد بکرێن. تورکیا لەم هێرش و داگیرکارییانەدا هەموو پێوەرە مرۆیی و یاسایی و گەردونییەکانی پێشێل کردووە.
پێویستە لە دژی ئەو هێرش و پیلانانەی تورکیا، رۆژاوای کوردستان و هەموو باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزرێن. پێویستە چەترێکی ناونەتەوەیی بۆ پاراستنی رۆژاوا دابین بکرێت. بۆ پاراستن لە دژی هێرشەکانی تورکیا و هەموو هێرش و دەستوەردانەکانی دوژمنان، بۆئەوەی رۆژاوا ببێتە هەرێمێکی پارێزراو و ئارام ( هەرێمێکی دژە فڕین )، پێویست بە خەباتێکی فراوان و تایبەت هەیە. هەروەها دەبێت هەموو هێزەکانی تورکیا لە خاکی رۆژاوای کوردستان بکرێنە دەرەوە. ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵ و جێگەی خۆیان. پێوستە هێزێکی ناونەتەوەیی بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنوورەکان جێگیربکرێت. ئەم بابەتە لە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانماندا بابەتێکی سەرەکییە.
3. هێرش و هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشوور بەردەوامن و زیادیشیان کردووە. ئەگەر ئێمە وەک کورد لە ماڵی خۆماندا یەکگرتوو نەبین، ئەوا پێگەی فیدراڵی و دەستکەوتەکانمان کەوتوونەتە ژێر پرسیار و ئەگەری لەناوچوونیان هەیە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و هاوکارەکانیان، ئاسایشی ناوچەکەی خستۆتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. لە زۆر شوێن دیمۆگرافیای هەرێم لە گۆڕاندایە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و پێکەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان کار بکەن.
قەیرانی ئابووری و راگرتنی مووچەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. باس لەوەش کرا کە بەرپرسانی هەرێم لە مانگێکدا چەند جارێک دەچنە بەغدا و پرسی مووچە تاوتوێ دەکەن. ئەمە سیاسەتێکی داگیرکارییە کە کورد بە برسێتی سزا دەدات و بەم شێوەیەش دەیانەوێت بە خۆیانەوە بیبەستنەوە.
کێشە سیاسی و کارگێڕییەکان لە هەرێم بەردەوامن دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کاتی هەڵبژاردنەکاندا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. هەرچەندە درەنگیش بێت، گرنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. هەرچەند تا ئێستا ئەنجامە فەرمییەکان ڕانەگەیەندراون. هیوقخوازی پەرلەمان و حکەموتی داهاتوو لە ئاست داخوازییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بەرژەوەندییە نەتوەییەکانی کوردستانیاندا بێت.
کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی سەخت و گرنگدا تێدەپەڕن. کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و دەزگاکان لە نزیکترین دەرفەتدا گرنگن. کۆبوونەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەم کاتەدا بە گرنگ دەزانێت و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە زووترین کات حکومەتێکی دیموکرات و خزمەت بە خەڵک دابمەزرێنن
4. زیاتر لە 40 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دێموکراتیکەکانی هەموو خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و خەڵکانی ناڕازی سەرکوت دەکات. ئێران بۆتە زیندانێکی کراوە بۆ ژنان و هەموو خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران نائاسوودەن، ناڕازین و ئازادی و وڵاتێکی دیموکراتیان دەوێت.
کۆبوونەوە داواکاری و خواستەکانی گەل بۆ ئازادی و دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات بە ڕەوا و راست دەزانێت و پاڵپشتی خۆپیشاندەران و سەرجەم چالاکوانان دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان ریسواو شەرمەزار کران.
لە زیندانەکانی ئێراندا دۆخی زیندانیانی سیاسی رۆژ بر رۆژخراپتر دەبێت و گوشار و گۆشەگیری لەسەر زیندانییەکان زیاتر دەبێت. بەهۆی ئەو فشار و گۆشەگیرییەوە زیندانیانی سیاسی ناوبەناو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مان لە خواردن دەگرن. ئەو مانگرتنانە تا ئێستاش لە هەندێک شوێن بەردەوامن. کۆبوونەوە داخوازی و چالاکییەکانی زیندانیان بە ڕەوا دەزانێت و پشتیوانیان لێدەکات. داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەست لە ستەم و نادادپەروەری هەڵبگرن.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، لە مانگی 9ی 2023وە ئەو هێز و لایەنانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکەو بارەگایان لە باشوور بوو، لەچەک داماڵراون و لە کەمپەکان جێگیرکراون. ئێران بە وردی چاودێری بارودۆخی ئەوان دەکات و داوای ڕادەستکردنی بەشێک لە بەرپرسان دەکات. ئەم دۆخە رۆژ بە رۆژ گرانتر دەبێت و گوشارێکی زۆر لەسەر پارتە رۆژهەڵاتییەکان دەکرێت. هاوکات ئێران درێژە بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەدات و زیندانیان لەسێدارە دەدات. جگە لەمەش هێرش بۆ سەر کۆڵبەران زیادی کردووە و ڕۆژانە کۆڵبەر دەکوژرێن. ئەمە دۆخێکی جددی و مەترسیدارە و نابێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵ بکرێت.
هەروەها کۆبوونەوە داوا لە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکات کە بەرەیەکی هاوبەش بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتیک پێکبهێنن و بە یەک دەنگ لە دژی رژێم راوەستن. لەسەر ئاستی دنیاش برەو بە خەباتی دیپلۆماسی بدەن.
5. پەیوەندی و ژێرباربوون بە هێزە داگیرکەرەکان هەستیارن و دەبێ ئەم پەیوەندیانە تاکتیکی بن و لەهەمان کاتیشدا لەبەرژەوەندی گەلی کورد بن. نابێت لە دژی هیج هێزێکی کوردستانی هاوکاری هێزە داگیرکەرەکان بکرێت. کۆبوونەوە دژبەریی هێزێکی کوردستانی یان پارچەیەکی کوردستان لە بەرژەوەندی دەوڵەتێکی داگیرکەر بە هێڵی سوور دەزانێت و مەحکومی دەکات.
6. ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە فەلەستین بەردەوامە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان و هەندێک جاریش دەپەڕێتەوە بۆ سوریا و یەمەن و ئێران. ئەم شەڕە خەریکە بەرفراوانتر دەبێت و شەڕێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەم دۆخە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبەن. هەموو داگیرکەرانی کوردستان، هەریەکەو بەشێوازێک لەم شەڕەدا لایەنن. بە واتایەکی تر ئەگەری هەیە ئاگری ئەم شەڕە بگاتە کوردستانیش. لەم دۆخەدا یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکدەنگی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە. بەهۆی ئەم دۆخەوە بڕیارێکی سەرەکیی کۆبووەنەوە لەم بارەیەوە، پەلەکردن بوو لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی. ساڵێک لەمەوبەر ئەم بابەتە لە کۆنفرانسی لۆزان باس کرا و بڕیار درا کە کۆنفرانسێکی لەم جۆرە سازبکرێت. ئەم بڕیارە لەو کاتەوە لە کارنامەی ئێمەدایە. بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەم کۆنفرانسە ئەنجام بدەین. بۆ ئامادەکارییەکانی ئەم کۆنفرانسە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا سەرەتا کۆنفرانسی پارچەکانی کوردستان بکرێت و دواتر بکرێتە کۆنفرانسی گشتی. هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ سەرجەم لایەن و دامەزراوەکانی کوردستان لەسەر ئەو پرسە ئەنجام بدرێت و لە ماوەیەکی کورتدا شاندی لایەنەکان پێکدەهێنرێت و لیژنەی ئامادەکار بۆ کۆنفرانس پێکدەهێنرێت.
7. دوای 43 مانگ، برازای بەڕیز ئۆجالان چووە دوورگەی ئیمرالیی و زانیاری لە بەڕێز ئۆجالانەوە هێنا. بەڵام بەو مانایە نییە کە گۆشەگیرییەکە هەڵگیراوە. بەڕێز ئۆجالان خۆی دەڵێت گۆشەگیریی بەردەوامە. هەڵگرتنی گۆشەگیریی بەس نییە، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. بۆیە پێویستە چالاکی و هەڵمەتەکانی ئازادی بەهێزتر بکرێن. جگە لەوەش ئێمە پشتیوانیی لە کەمپەینی “ئازادی بۆ ئۆجالان – چارەسەری بۆ پرسی کورد” دەکەین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین کە بەشداریی لەم هەڵمەتە بکەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بکەن.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، ڕۆژی 2024.11.16، ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوە داوا لە هەموو کورد و دۆستانی کورد دەکات کە بەشداریی لەم ڕێپێوان و گردبوونەوەیەدا بکەن و هەڵمەتی ئازادی بەهێزتر بکەن.
8. ئێمە وەک ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ببن. تا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی هاوبەش بکەین و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان لەم بوارەدا بەجێبێنین.
دوای نرخاندن و خوێندنەوە و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکان کە بەگشتی شەن و کەو و تاوتوێ کران، پلانسازیی بۆ کارو خەباتی داهاتوو داڕیژرا.
کوردستان یەک وڵاتە، گەلی کورد خاوەن مافی چارەنووسە!
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارتی و رێکخراوە سیاسیە کوردستانییەکان
2024.30.10 برۆکسل