ئەوا ساڵێکی تر، ساڵی ٢٠٢٤ لەگەڵ هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی خۆیەوە دەگوزەرێ. بۆ گەلەکەمان بەگشتی ساڵێکی پڕ لە تێکۆشان بوو. لە هەر چوار لای کوردستان ساڵ بە تێکۆشانێکی مەزنەوە تێپەڕی.
لە باکوری کوردستان، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێ پسانەوە بەردەوامیان هەبوو و لەبەرامبەر ئەو هێرشە دژوارانەدا هێزەکانی گەریلا و تەواوی تەڤگەرەکانی گەلەکەمان بە فیداکاری و قارەمانی مەزنەوە وەستانەوە و بەرخۆدانێکی بەرزیان ئەنجامدا و هێرشەکانیان تێکشکێنران و پڕۆپاگەندەکانیان پووچەڵ کردنەوە. ئەردۆگان و سەرانی دەوڵەتی تورکیا لەسەرەتاکانی وەرزی بەهاردا زۆر جار ئەوەیان وت کە لە کۆتایی ئەم ساڵدا ” رێکخستنی جوداخواز و تیرۆرست” مەبەستیان تەڤگەری ئازادیی کوردستان لەناو دەبەن و بە یەکجاری نەیهێڵن. بەڵام هێزەکانی گەریلا و گەلە تێکۆشەرەکەمان بە خۆڕاگریی بێ هاوتا ئەو بانگەشەیان پوچەڵ کردەوە. بەتایبەتی بەرخۆدانی ئەفساناوی لە خواکوڕک، زاپ و ئاڤاشین مۆری قارەمانێتی خۆیان بۆ مێژوو و ساڵ نەخشاند. نەورۆز لە سەرتاسەی کوردستان بە بەشداری زۆرینەی گەلەکەمان، بە گیانی سەرهەڵدان پیرۆز کرا. لە لایەکی دیکەوە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکان کە لە کۆتایی مانگی ئازاردا بەڕێوەچوون، گەلی کورد ئیرادەی خۆی نیشان دا و قەیومەکانی ئەوانیان لە شارەکانی خۆیان دوور خستەوە. لە باکوور لە هەموو بوارەکاندا بەرخۆدان بەردەوامە. بەرخۆدانی ئەمڕۆی باکووری کوردستان، چ لە زیندانەکان، چ لە گۆڕەپانی سیاسی یان لە گۆڕەپانی گەریلادا، بەرخۆدانێکی پیرۆز و داستانییە.
لە باشوری کوردستان، هەرچەندە پێگەیەکی دەستووری فیدراڵی هەیە، بەڵام پێگەی ناوچە دابڕاوەکان ( ناوچەکانی مادەی ١٤٠) ڕوون نییە. خەڵک لە کەرکوک و خانەقین و ناوچە کوردستانییەکان ئاوارە دەکرێن و دیمۆگرافیای ناوچەکەش دەگۆڕدرێت. دوای هێرشەکانی داعش، دۆخی گشتی شەنگال تا ئێستا ناهەموارە. خەڵکە ئاوارەکەی ناگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەوێ بەردەوامن. لە باشوور زیاتر لە دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان بئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا نە سەرکردایەتی پەرلەمان و نە حکومەت و نە سەرکردایەتی هەرێم هەڵبژێردراون. جگە لەوەش لە باشوور دۆخێکی ئابووری نا سەقامگیر هەیە و گەلەکەمان لە دۆخێکی گوزەرانی خەراپ دان. دەوڵەتی عێراقیش بە قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئایندەی عێراق ڕوون نییە. ئەم دۆخەی عێراق هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشور هەنگاو بە هەنگاو لە زیادبووندایە. لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە و پێویستە بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری دۆخەکە بکرێت و خەبات لە دژی داگیرکەران چڕتر بکرێتەوە.
لە ناو ئەم ساڵەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک تێکۆشان خەباتی گەلەکەمان بۆ ئازادیی بەردەوامی هەبوو. هەرچەندە لاوازیش بێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە. دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانیش وەکو دەوڵەتی تورکیا لەناو ئەم ساڵەدا بەردەوامی بە هێرشەکانیان دا و چەند جارێکیش هێرشیان بۆ سەر باشوریش ئەنجام دا. لە رێگای دەوڵەتی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە فشارگەلی زۆریان بۆ سەر حیزب و هێزە کوردستانیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێنا. رژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیدا لەناو قەیرانگەلیی گەورەدایە، ئێران لەبەرامبەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی رۆژاوا دا لە شەڕێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دایە. هێز و ئەو دەوڵەتانەی هەڤاڵبەندی ئێرانن لە هەرێمەکەدا لەناو ئەم ساڵدا گورزی گەورەیان بەرکەوت و بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کران. ئەم دۆخەی دەوڵەتی ئێران دەرفەتی لەبار بۆ خەبات و تێکۆشان دێنێتە پێش. هیوادارین ئەم رەوشە لەئێران ببێتە هۆکار بۆ گۆڕانکاری بەرەو دیموکراسی و رۆژهەڵاتی کوردستانیش ببێتە زەمینێک بۆ ئاشتی و ئازادیەکی سەرفرازانە.
لە رۆاواوی وڵات، ئەوا ١٣ ساڵە دەسەڵێک – قەوارەیەک هەیە. ئەم دەسەڵاتە دەستکەوتێکی مەزنی گەلەکەمانە و دەبێ بە هەموو جۆرێک بپارێزرێت و بەفەرمی بکرێت. لە سوریا رژێمی بەعس لەناو چوو، هێزە توندڕەوە ئیسلامیستەکان دەسەڵاتیان کردە دەست. بە گشتی دۆخی سوریا لە ئێسادا نادیارە! لەم بێسەروبەریەی رووداوەکانی سوریادا دەوڵەتی تورکیا ویستی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان تێک ببات و بە هێزەگرێدراوەکانی بە خۆیەوە هێرش بکات. لە هەندێک ناوچەی (شەهبا و منبج)ی کۆنتڕۆڵ کرد. ویستیان هەموو ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری داگیر بکات. بەڵام بە بەرخۆدانێکی مەزن ئەم هێرشانەیان وەستێندران.
لە ناو ئەم ساڵێدا زۆر جار هێرشی مەزنیان ئەنجام دا، بەتایبەتیش ژێژخانی ئابووری و شوێنە خزمەتگوزاریەکانی رۆژاوای کوردستانیان کردە ئامانج. هێزەکانی پاراستن، بە هەموو شێوەیەک لە ئامادەباشی لە بەرخۆدان دان.
سەرکردایەتی سیاسیی و ئیداری لەناو خەباتێکی بەرفراوانی دیپلۆماسیدان. رۆژاوا لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەر دێ و زیاتر پەسەند و حیسابی بۆ دەکرێ. پێویستی رۆژاوا بە هەر شێوەیەکی هاوکاری و کۆمەک هەیە. دەبێ هەموو هێز و تەواوی گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە پێناو پاراستنی رۆژاوا، هەمیشە لەناو چالاکی و خەباتدا بن. خاوەنگیریی لە رۆژاوا خاوەنگیریی تەواوی کوردستانی گەورەیە.
لە رۆژهەڵاتی ناوین، بۆ ساڵێک زیاترە شەڕێکی سەخت و دژوار هەیە. لەسەرەتا شەڕەکە لە فەلەستین بوو، دوای ئەوە دەربازی لوبنان بوو و دواتر کەوتە ناو سوریاوە. ئەم شەڕە لەو ناوچانە ناوەستێ و پەیتا پەیتا خۆی دەگەیەنێتە عێراق و ئێران و یەمەنیش. ئەم شەڕە بە تەنها بەند و سنووردار نیە بە هێزە هەرێمیەکانەوە، بەڵکو شەڕێکی جیهانیە. شەڕێکە هاوشێوەی شەڕی جیهانی سێهەمینە و بەناویش دەکرێ. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەگەر راستەوخۆش نەبێ بەشدار و لایەنێکن لە لایەناکانی ئەم شەڕە. ئەم شەڕێ دۆخێکی نوێی لە ناوچەکە خوڵقاندووە بۆ نیشتیمان و گەلەکەمان مەترسی هەیە و بەڵام دەکرێ دەرفەتی ئەرێنیش بخوڵقێنێ. لەم هەیامە هەستیارەدا، دەبێت هێزە کوردستانیەکان بە بەرپرسانە سەرەدەری – مامەڵە لەگەل ئەم دۆخە بکەن و بە قووڵی بخوێنن و تاوتوێ بکەن. ئەم دۆخە پێویستی بە یەک دەنگی هەیە. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین هێزە کوردستانیەکان کۆبکاتەوە و لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارە ستراتیژیەکی هاوبەشیی کوردستانی بئافڕێنێ و پیادەی بکەین.
دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردستانی ئەوانەی لە زیندانەکانی تورکیا و ئێراندان خەراپە. لە زیندانەانی ئێران ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان بەردەوامە. لە زیندانەکانی تورکیاشدا ئەشکەنجە و فشار لەسەر زیندانیەکان ئەوەندەی دێ زیاتر و توندتر دەبێت. گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز عەبدوڵائۆجالان بەردەوامە. لەبەر ئەم دۆخە بە پێشکەشی دۆستانی گەلی کورد ئەوا بۆ ساڵێکە کامپانیایەک بەناوی ” بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی – بۆ پرسی کورد چارەسەری” دەستیپێکردووە و ئەم کامپانیە بەردەوامە. دەبێ دەنگی زیندانیان ببیسترێ، دەبێ هەر کەس خاوەنداری لە زیندانیان بکات. ئێمە لە ک ن ک بە هەموو هێزەوە بەشداری ئەم کامپانیە دەبین و لە داواکاریەکانی زیندانیان لە خۆ دەگرین.
لە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە مەزنە، دەوڵەتی تورکیا خستە بەر ئەمری واقع و ئەوا سێ مانگە لەناو لێگەڕینێک دایە. لە شەڕدا سەرنەکەوتن! و نەیانتوانی رێ لەتێکۆشانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و دیموکراسی بگرن! ئێستا باست ئاشتی و دیالۆگ دەکەن. بانگی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیی دەکەن کە ئاگربەست بکەن و دەست لە چەک و شەڕ بەردەن. لێرەدا بانگ و پەیامەکانیان روون نین، بۆ چارەسەریەکی سیاسی چەندە ئامادەن، نادیارە! بەڵئم گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە ئارادایە. لەم پرۆسەیەدا دوای ٤٤ مانگ، رێیان دا چاوپێکەوتنێکی خێزانی بە بەڕێز ئۆجالان دا ئەنجام بدەن. ئێستایش ٣ سێ رۆژ پێش شاندێکی سیاسی لەگەڵ بەڕێزیدا چاوپێکەوتنێک ئەنجام درا.
لەم چاوپێکەوتنانەدا بەڕێز ئۆجالان فەرمووی: ” بۆ چارەسەریی پرسی کورد من بۆ پرۆسەیەکی دیاک=لۆگ ئامادەم و ئەو هێزەم تێدایە ئەم کێشەیە لە شەڕ و توندوتیژی تێپەڕێنم و بەرەوە رێ و رێبازی یاسایی و حقوقی و سیاسیانەی بەرم” ڵە دوایین چاوپێکەوتنەکەیدا ٧ حەوت خاڵی وەک بانگ بۆ حکومەت و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دیار کرد، کە لەسەر ئەو بنەمایانە کاری لەسەر بکرێ و بەیەکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.
ئێمە بەم پەیامە پە دەخەینە ساڵی نوێ وە. هیوادارین ئەم رێگەچارەسەرییە – لێگەڕینە و ئەم بانگە ببێتە بنەما بۆ چارەسەریەکی ئاشتیانە و هەتایی.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ دا ئەگەر خوێندنەوەیەک و هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی بکرێ، لەگەڵ هەموو ئێش و ئازار و قوربانیەک و هەروەها هەڵە و کەمتەرخەمی لە خەبات و تێکۆشانی روویانداوە، دیسانەوە تێکۆشانی ئازادیی سەرکەوتووە. هێرشەکانی دوژمنان پووچەڵکرانەوە. هێزە کوردستانیەکان بە هەر رەنگێک بێت ، دەبێ بە دیالۆگی ناوخۆیی پرس و پرسگرێکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بە رێکەوتن و بە هاوکاری یەکتری هەوڵەکانی دوژمنان و داگیرکەران سەرە و ژێر بکەین.
دەبێ هەموو هێزە کوردستانیەکان پشتگیری بانگی بەڕێز ئۆجالان بکەن و لە پێناو سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تێبکۆشن.
هیوادارین، ساڵی نوێ ی ٢٠٢٥ ببێتە ساڵی سەرکەوتن، ببێتە ساڵی بەدەستهێنانی هەموو مافەرەواکانی گەلی کورد و کوردستان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک ساڵی نوێی لە کورد، کوردستانیان و هەموو جیهان پیرۆز دەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی ک ن ک
٣١ کانونی دووەم ٢٠٢٤ – برۆکسل