ئەگەر نەتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین، گەر منداڵەکانمان نەتوانن فێری زمانی دایکی خۆیان ببن،
ئەو کاتە چ واتایەک بۆ ژیان و بوون دەمێنێ!
رۆژی جیهانی زمانیی دایک پیرۆزبێت!
زمانی کوردی کۆنترین زمان، یەک لە دەوڵەمەندترین زمان و خۆڕاگرترین زمانی سەر رووی زەمینە. ئەم زمانە بۆ ئێمەی کورد تەنیا هۆیەکی پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو لێکچوونی رەنگی پێست، باوەڕی هاوبەش و بابەتگەلی دیکەوە کە لەتەک گەل و نەتەوەکانی دراوسێدا سیمای دیاری جیاکەرەوە و خودناسیمانە. هەر بۆیەش لە سەد ساڵی رابردوودا سیاسەتی دەوڵەتنەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان تورکیا، ئێران و سوریا و عێراق بە ئێستاشەوە نکۆڵیکردن و بێبەشکردنی گەلەکەمان بووە. لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایک بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردندا بە تێپەڕبوونی کات زمان پەرەو توانەوە لەناو زمانی نەتەوەی سەردەسدا دەبات. نمونەی قۆناغی ئێستای دەوڵەتانی تورکیا و ئێران لەبەرامبەر زمانی کوردیدا، کە چەندین مامۆستا و فێرکاری زمانی شیرینی کوردی بە تاوانی وتنەوەی وانەی کوردیەوە خراونەتە زیندانەکانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێچەوانەی بەندەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
لەم روانگەوە ئەرکی رێکخراوە نێودەوڵەتی و سازیەکانی مافی مرۆڤ و رەوەندی کوردییە دژی ستەمی سیاسەتی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بوەستنەوە و فشار بکەن تا گەل و پێکهاتەکانی ناو سنووری دروستکراوی ئەم دوو دەوڵەتە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان هەم لە ژیانی رۆژانە و هەمیش لە پرۆسەی خوێندن پەروەردەدا هەبێت.
لە ئێستای جیهان دا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنیکی پەیوەندی و ئامێرە ئەلەکترۆنیەکان و زیرەکی دەستکردەوە کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و گەیاندوویانەتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت بە ئەرێنی کەڵکی لێوەربگیرێت و بخرێتە خزمەتی گەشەپێدانی زمان و هۆکارەکانی فێرکردن و فەرهەنگی نەتەوەیی ئەلەکترۆنییەوە.
ئەمڕۆ جێی خۆشحاڵییە، بەهۆی هەوڵ و تەقەڵای دڵسۆزان لە ناوخۆ و دەرەوە زمانی کوردی هەنگاوی باشی ناوە، بۆیە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سوپاس و پێزانینی ئەو هەموو هەوڵە تاکەکەسی دامەزراوییانەی ئەو بوارە دەکات و پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێم ( باشوری کوردستان) و دەسەڵاتی خۆسەری (رۆژاوای کوردستان) یشە لە روانگەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانییەوە ئەم ئەرکە بە جیدی بەهەند بگرێ و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی لە رۆژەڤ و پلان و ستراتیژیی کارەکانیدا بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت و دامەزراوەی تایبەتمەندی بۆ راسپێردرێت و میدیایەکی نیشتیمانی دابمەزرێنرێت تا لەو رێگەیەوە ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک، وەک ئەرکی خۆی و کارە بەردەوامەکانیی لە هەوڵ و کۆششی خۆی بۆ گەشەپێدانی زمان و لێکنزیککردنەوە و پاراستنی زار و بنزارەکانی زمانی کوردی بەردەوامدەبێت.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، لە هەموو کوردی زمانێک پیرۆز بێت.
ئەرکمانە، بەردەوام لەخەمی گەشەپێدان و پاراستن و لێکنزیککردنەوەی زاروبنزارەکانی کوردیدابین و لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا زمانەکەمان بپارێزین و یپێشیبخەین.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک ن ک
کۆمسیۆنی زمان، کلتور و پەروەردە
20ی شوبات 2025