ئەنجامنامەی 31ەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان

Share this article

 

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش رۆژی 04.10.5202، سیویەکەمین (کۆبوونەوەی ژمارە 31 ) کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سەربەخۆی کوردستانیی کرد. کۆبوونەوەکە لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برۆکسل بەڕێوەچوو. دوای وتووێژێکی بەرفراوان پلانی کارو چالاکیی هاوبەش داڕێژرا.

 

بەپێی رۆژەڤی کۆبوونەوە، بارودۆخی سیاسی کوردستان سەرەتا دۆخی دوا گفتوگۆکانی چارەسەریی پرسی کورد لە باکوری کوردستان، بارودۆخ و ڕۆڵی بەڕیز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم پڕۆسەیەدا، بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، کێشە و قەیرانە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکانی باشووری کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئێران، گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس- حزبوڵڵا- ئێران، هەروەها پێگە و نفوزی زلهێزە جیهانییەکان لە ناوچەکەدا، یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد و هەوڵەکان بۆ یەکێتی نەتەوەیی، بە وردی باس کران.

 

لە ئەنجامی وتوێژەکاندا، ئەم خالانەی خوارەوە پەسەند کران:

1 ماوەی ساڵێکە لە تورکیا و باکوری کوردستان گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پرسی کورد دەکرێت. گفتوگۆکان لەلایەن حکومەتەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامی هەیە. لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین هەنگاوی گرنگ لە لایەن بزووتنەوەی کوردەوە بە دەستپێشخەری بەڕێز ئۆجالان نراون. بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەو هەنگاوانەی نەناوە کە پێویستن. بەڵێ گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەر بەردەوامە.

کۆبوونەوە گفتوگۆ و هەنگاوەکانی چارەسەریی پرسی کورد بە گرنگ دەزانێت و هیوادارە ئەو گفتوگۆ و هەنگاوانە زیاتر ببێت و ئەم پرۆسەیە بگاتە چارەسەری هەمیشەیی. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکرێت بە زووترین کات بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکات و هەنگاوی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنێت.

2. ڕژێمی بەعس لە سوریا داڕما و ئێستا هێزە سەلەفیەکان حوکمڕانی دیمەشق دەکەن. داهاتووی سوریا نادیارە. کۆمەڵکوژی لە دژی پێکهاتەکانی عەلەوی و دروز و مەسیحی ئەنجام دراوە. ڕۆژئاوای کوردستانیش بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەرچەندە لە 10ی ئاداردا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق واژۆ کرا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەبووە و دۆخێکی نادیار چاوەڕێمان دەکات. دەبێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پارێزراو بن و له هه موو پەیوەندی و کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا داوای سوریای ناناوەندی بکرێت و پێگەیەکی ده ستووری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان زامن بکرێت.

لە کاتێکدا ئێمە خەریکی ئامادەکردنی ئەنجامنامەی کۆبوونەوە بووین، لە شاری حەڵەب دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گەمارۆدران و هێزەکانی سەر بە ئیدارەی دیمەشق هێرشیان کردە سەر گەلەکەمان و شەڕو پێکدادان سەریهەڵدا. دواتر دیدار لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق ئەنجام دراو شەڕ راوەستا. ئەم روداوە ئەوە دەردەخات کە دۆخەکە چەند هەسیار و ناسکە. لە رۆژانی داهاتوودا دەشێت رووبەڕووی دۆخی لەم چەشنەو جددیتریش ببینەوە. هەربۆیە ئێمە وەک گەل و رێکخستن پێویستە هەمیشە هۆشیارو بە تەگبیر بین. دەستکەتەکانت رۆژاوا بپارێزین. پاراستنی رۆژاوا پاراستنی کوردستان.

لەم کاتەدا یەکگرتوویی پێکهاتەی کورد لە ڕۆژئاوا زۆر گرنگە. کۆبوونەوەی مانگی نیسان کە لە نێوان هێزە کوردییەکان لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، جێگای شانازییە. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو هێز و دامەزراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت کە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی ئەو کۆبوونەوەیەی قامیشلۆ لە ئەوروپا ئەنجام بدەن و کۆمیتەیەکی هاوبەشی دیپلۆماسی بۆ رۆژاوا دابمەزرێنن.

هەموو کورد و کورد بەرامبەر بە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان هەستیارن و پشتیوانی سەرکەوتنی ڕۆژاڤا دەکەن و دەیانەوێت هەموو دەستکەوتەکان بپارێزرێن. بەم بۆنەیەوە دیدارەکە جارێکی دیکە داوا لە هەموو هێزە کوردییەکان دەکات لەگەل داخوازییەکای رۆژاوادا بن و شانبەشان لەگەڵ ڕۆژاڤا کاربکەن.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هێزە جیهانییەکان کرا، سیستمی لامەرکەزی لە بنیاتنانی سووریای نوێدا بپارێزن و مافەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووری نوێدا دەستەبەر بکەن.

3. هێرش و هەڕەشە و دەستێوەردانەکان بۆ سەر باشوور بەردەوامن. ئەگەر ئێمە وەک کورد لە ماڵی خۆماندا یەکگرتوو نەبین، ئەوا پێگەی فیدراڵی و دەستکەوتەکانمان کەوتوونەتە ژێر پرسیار و ئەگەری لەناوچوونیان هەیە.. لە زۆر شوێن دیمۆگرافیای هەرێم لە گۆڕاندایە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و پێکەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان کار بکەن.

قەیرانی ئابووری و راگرتنی مووچەی خەڵک لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە. باس لەوەش کرا کە بەرپرسانی هەرێم لە مانگێکدا چەند جارێک دەچنە بەغدا و پرسی مووچە تاوتوێ دەکەن. ئەمە سیاسەتێکی داگیرکارییە کە کورد بە برسێتی سزا دەدات و بەم شێوەیەش دەیانەوێت بە خۆیانەوە بیبەستنەوە.

کێشە سیاسی و کارگێڕییەکان لە هەرێم بەردەوامن ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمان کارا نەبووە، حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵنەبژێردراوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش له کارنامه دایه و به داخه وه یه کڕیزی نێوخۆیی له و هه ڵبژاردنه دا نییه . کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کاتێکی سەخت و گرنگدا تێدەپەڕن. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە سەرجەم هێز و دامودەزگاکانی باشووری کوردستان دەکرێت بە زووترین کات پەرلەمان کارا بکەن و حکومەتی نوێ پێکبهێنن و سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژێرن.

4. زیاتر لە 40 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران مافی ژنان و مافە دێموکراتیکەکانی هەموو خەڵکی ئێران پێشێل دەکات و خەڵکانی ناڕازی سەرکوت دەکات. ئێران بۆتە زیندانێکی کراوە بۆ ژنان و هەموو خەڵکی ئێران. خەڵکی ئێران نائاسوودەن، ناڕازین و ئازادی و وڵاتێکی دیموکراتیان دەوێت.

کۆبوونەوە داواکاری و خواستەکانی گەل بۆ ئازادی و دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات بە ڕەوا و راست دەزانێت و پاڵپشتی خۆپیشاندەران و سەرجەم چالاکوانان دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەدا هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و لەسێدارەدانی چالاکوانان ریسواو شەرمەزار کران.

لە زیندانەکانی ئێراندا دۆخی زیندانیانی سیاسی رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت و گوشار و گۆشەگیریی لەسەر زیندانییەکان زیاتر دەبێت. بەهۆی ئەو فشار و گۆشەگیرییەوە زیندانیانی سیاسی ناوبەناو ناڕەزایەتی دەردەبڕن و مان لە خواردن دەگرن. سیاسەتی لەسێدارەدان و هەڵواسین بەردەوامە و زۆرێک لە چالاکانی ژن رووبەڕوی سزای لەسێدارەدان بوونەوە. جگە لەوەش هێرش بۆ سەر کۆلبەرە کوردەکان زیادی کردووە و ڕۆژانە کۆلبەرەکان دەکوژرێن. کۆبوونەوەکەڤداواکاری و چالاکییەکانی زیندانیان بە ڕاست و ڕەوا دەزانێت و پشتیوانی لە هەڵمەتەکانی دژ بە سزای لەسێدارەدان دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات دەست لە ستەم و توندوتیژی و نادادپەروەری بگرن.

 

ماوەیەکە پارتە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان خۆیاندا دەستیان بە هاریکارییەک کردووە بە ناوی “ناوەندی دیالۆگ”. کۆبوونەوەکە ئەم هاوکارییە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینێت و پێشوازی لێدەکات و هیوادارە ئەم هەنگاوقنە ببنە یەکڕیزییەکی هەمیشەیی. جگە لەوەش پێویستی بە دیپلۆماسی هاوبەش هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم بارەیەوە لە کۆبوونەوەکەدا داوا لەو لایەنانە دەکرێت کۆمیتەیەکی دیپلۆماسی هاوبەش و تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنن.

هەروەها کۆبوونەوە داوا لە هێزەکانی جیهانی دێموکرات دەکات کە خەڵکی ئێران بە تەنیا جێ نەهێڵن و پشتیوانی لە تێکۆشەرانی بکەن.

5. ئەو شەڕەی کە زیاتر لە دووساڵە لە فەلەستین بەردەوامە، ئێستا پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان و سوریا و ئێران و یەمەن. ئەم شەڕە خەریکە بەرفراوانتر دەبێت و شەڕێکی جیهانی لێدەکەوێتەوە. زۆرێک لە شارەزایان ئەم دۆخە بە جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبەن. هەموو داگیرکەرانی کوردستان، هەریەکەو بەشێوازێک لەم شەڕەدا لایەنن. بە واتایەکی تر ئەگەری هەیە

ئاگری ئەم شەڕە بگاتە کوردستانیش. لەم دۆخەدا یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکدەنگی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە. لەم کاتەدا کاری یەکێتی نەتەوەیی زۆر گرنگە. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو لایەن و دامەزراوە و ڕێکخراو و تاک و هەموو خەڵکی کوردستان دەکرێت لەم کاتەدا خەبات بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی بکەن و پاڵپشتی لەو کارانە بکەن کە لەو بارەوە ئەنجام دەدرێن.

6. نزیکەی ساڵێکە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان هەیە. بەڵام تا ئێستا گۆشەگیریی لانەبراوە. بەڵام تەنیا هەڵگرتنی گۆشەگیریی بەس نییە، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت. بۆیە پێویستە چالاکی و هەڵمەتەکانی ئازادی بەهێزتر بکرێن. جگە لەوەش ئێمە پشتیوانیی لە کەمپەینی “ئازادی بۆ ئۆجالان – چارەسەری بۆ پرسی کورد” دەکەین و داوا لە هەموو کوردستانیان و دۆستانی کورد دەکەین کە بەشداریی لەم هەڵمەتە بکەن و ئەم هەڵمەتە بەهێزتر بکەن.

لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، ڕۆژی 2025.11.08، ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. کۆبوونەوە داوا لە هەموو کورد و دۆستانی کورد دەکات کە بەشداریی لەم ڕێپێوان و گردبوونەوەیەدا بکەن و هەڵمەتی ئازادی بەهێزتر بکەن.

7. ئێمە وەک ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە داوا لە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەشداری کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ببن. تا پێکەوە کاری دیپلۆماسیی هاوبەش بکەین و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان لەم بوارەدا بەجێبێنین.

دوای نرخاندن و خوێندنەوە و بەدواداچوونی بڕیار و راسپاردەکان کە بەگشتی شەن و کەو و تاوتوێ کران، پلانسازیی بۆ کارو خەباتی داهاتوو داڕیژرا.

کوردستان یەک وڵاتە، گەلی کورد خاوەن مافی چارەنووسە!

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارتی و رێکخراوە سیاسیە کوردستانییەکان

2025.10.08 برۆکسل

 

 

#10557